تەمموز 10, 2020

ئه‌ستێره‌یه‌كی دهۆك دوای 20 ساڵ یاریكردن؛ كرێكاری ده‌كات

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

دلۆڤان ساڵح، ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی دهۆك، ته‌مه‌نێكی زۆری له‌ لاكێشه‌ی سه‌وز به‌سه‌ر بردووه‌، خاوه‌نی چه‌ندان ناسناو و ده‌ستكه‌وتی وه‌رزشییه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق، یاریزانێكی ئاستبه‌رزی هێڵی ناوه‌ڕاسته‌، به‌ڵام له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌شێویه‌ك ده‌رده‌كه‌وت دڵی هه‌موو هه‌واداران وه‌رزشوانانی له‌رزاند، به‌ وێنه‌یه‌ك له‌ كاتی كاركردن ترسی خسته‌ دڵی یاریزانانی تۆپی پێ و چاره‌نووسیانەوە، ئەویش دەركەوتنی بوو بە جلی كرێكارییەوە، لە كاتێكدا ساڵانێكی زۆری تەمەنی لە تۆپی پێدا بەسەر بردووە. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سازكردووه‌.

پاره‌یه‌كی زۆرم لای یانه‌كانه
بۆ پرسی پێنەدانی پاره‌ و وه‌رنه‌گرتنی مافه‌كانی دلۆڤان بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گوتی: من له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی كاركردنم، به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دوای پاره‌یه‌كی زۆرم لێ خوراوه‌ و پێیان نه‌داوم، كه‌ ئه‌گه‌ر كۆی بكه‌یته‌وه‌ نزیكه‌ی 60 ملیۆن دیناری عێراقی ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حه‌قه‌ی خۆمیان نه‌دامێ.

ئه‌و كاته‌ی یاریزانی عه‌ره‌ب له‌ یانه‌ی دهۆك بوون بێكێشه‌ پاره‌مان وه‌رده‌گرت
دلۆڤان له‌سه‌ر كاتی زێڕینی خۆی له‌ یانه‌ی دهۆك و وه‌رگرتنی مافه‌ داراییه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ ته‌نها سه‌رده‌می هه‌بوونی یاریزانی عه‌ره‌ب كورده‌كان بێكێشه‌ پاره‌یان وه‌رده‌گرت، ئه‌وه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یاندا به‌یاریزانه‌ عه‌رهبه‌كان بۆیه‌ هی یاریزانه‌ كورده‌كانیشیان ده‌دا.
ئه‌ستێره‌كه‌ی دهۆك وتیشی: خۆشترین ساڵی یاریكردنم له‌ 2009 بوو كاتێك بووینه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی، هه‌رگیز ئه‌و ساته‌ له‌ بیر ناكه‌م ته‌نانه‌ت یه‌كێك بوو له‌ خوشترین رۆژه‌كانی ژیانی وه‌رزشیم.

ئەوەی لە یارییه‌كه‌ی جه‌وییه‌ ڕووی دا هه‌رگیز له‌ تۆپی پێ نه‌مدیوه‌
دلۆڤان ئه‌و ساته‌ ناخۆشه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر گێڕایه‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز له‌بیری ناكات و ده‌ڵێت: له‌ جامی عێراقی له ساڵی 2014، یانه‌ی دهۆك توانیمان له‌ یاریگه‌ی خۆمان له‌ نێو جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یاریی پێشكۆتای جامه‌كه‌ به‌ ئه‌نجام (4-1) له‌ قوه‌ی جه‌ویه‌ ببه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجامێكی زۆر باشبوو بۆ ئێمه‌ تا بگه‌ینه‌ یاریی كۆتایی، به‌ڵام له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئێمه‌ و یانه‌ی دهۆكیانكرد هه‌رگیز ڕووینه‌داوه‌، به‌ ئاشكرا زۆڵمیانلێكردین تا له‌ جامه‌كه‌ دووریانخستینه‌وه‌، كه‌ ناخۆشترین ساتی وه‌رزشیمه‌ و هه‌رگیز له‌ یادم ناچێت.

مووچه‌ی چه‌ند مانگێكم لای یانه‌ی دهۆكه‌
ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌كانی كوردستان له‌ ڕووی پێدانی موچه‌ و گرێبه‌ستی یاریزانان كێشه‌ی زۆریان هه‌بوو، دلۆڤانی یاریزان له‌ باره‌ی موچه‌ی ئه‌م وه‌رزیان گوتی: ئه‌م وه‌رزه‌ دۆخمان زۆر خراپبوو له‌ ڕووی دارایه‌وه‌، چونكه‌ ئێسته‌ سێ مانگ و نیومان لای یانه‌كه‌ ماوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ مانگه‌ی سه‌رده‌می كۆڕۆنا هه‌ژمار بكه‌ین، ئه‌وا ده‌گاته‌ شه‌ش، به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچ به‌رچاوڕوونییه‌كمان نییه‌ تا مافه‌كانمان وه‌ربگرین.

چاره‌نووسی وه‌رزشوانان له‌ كوردستان مه‌ترسیداره‌
دلۆڤان له‌ سۆشیال میدیا به‌ ئاشكرا كاری ئێسته‌ی خۆی نیشانی وه‌رزشوانان و یاریزاناندا، كه‌ به‌ جلی كرێكاری ده‌ركه‌وتوو له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گوتی: ئه‌مه‌ چاره‌نووسی هه‌موو یاریكه‌رێكه‌ بۆیه‌ په‌شیمانی خۆیشم له‌ پیشه‌ی وه‌رزشكردن له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌رده‌بڕم.
وتیشی: به‌ڵی له‌ هه‌ندێ كات و شوێن یاریم كردووه‌، كه‌ لێی په‌شیمانم، چونكه‌  ئه‌وانه‌ بوون هۆكاری ئه‌وه‌ی من به‌و رۆژه‌ بگه‌م.
دلۆڤان وتیشی: ده‌بێت وه‌رزشوانانی كوردستان بزانن، كه‌ داهاتوویان مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ من ئه‌زموونێكی درێژم له‌ پیشه‌یه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌مه‌ودوا به‌ شێوازێكی باشتر بیر له‌ داهاتووی خۆیان بكه‌نه‌وه‌.

© 2017 Hawler