تەمموز 10, 2020

تیپی 99 بووه‌ پاڵه‌وانی چواره‌مین جامی دۆستانه‌ی شه‌هید سه‌ربه‌ست مه‌نتك

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

رۆژی دووشه‌مه‌ی ڕابردوو بۆ چواره‌م ساڵ به‌دوای یه‌ك، جامی شه‌هید سه‌ربه‌ست ئه‌نجامدرا، له‌ ئه‌نجامدا تیپی 99 یارییه‌كه‌ی له‌ تیپی سیڤان برده‌وه‌ و بووه‌ خاوه‌نی جامه‌كه‌، ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ش (3-1) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تیپی 99 بوو.
دوای شه‌هیدبوونی فه‌رمانده‌ سه‌ربه‌ست مه‌نتك، كه‌سه‌ نزیكه‌كانی وه‌ك ڕێز و وه‌فایه‌ك بۆ گیانی ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌، له‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونی جامێكی دۆستانه‌ به‌ میوانداركردنی دوو تیپ رێكده‌خه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌س و كاری شه‌هید له‌م رۆژه‌دا بانگهێشتده‌كرێن، رۆژی دووشه‌مه‌ی رابردووش بۆ چواره‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك و له‌ ساڵیادی گیانفیداكردنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ئه‌م جامه‌ دۆستانه‌یه‌ی بۆ سازكراوه‌.
یارییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ستافێكی ناوبژیوانانی خۆبه‌خش به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ پێكهاتبوون له‌ ( سه‌فه‌ر عه‌بدوڵڵا- ناوبژیوانی ناوه‌ڕاست، سایب عه‌بدوڵڵا - یاریده‌ده‌ری ناوبژیوان، مهدی كه‌ریم – یاریده‌ده‌ری ناوبژیوان، هێژا نادر – ناوبژیوانی چواره‌م).  له‌ كۆتایشدا خه‌ڵات به‌سه‌ر براوه‌ی یارییه‌كه‌ دابه‌شكرا، كه‌ تیپی 99 بوو، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن گه‌یلان پیرۆت، خه‌ڵاتێكی تایبه‌ت وه‌ك رێزلێنان به‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید به‌خشرا، هه‌روه‌ها باشترین یاریزانی یارییه‌كه‌ش، هه‌ریادبوو له‌ تیپی براوه‌ و خه‌ڵاتێكی تایبه‌تی وه‌رگرت.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ كه‌س و كاری شه‌هید سه‌ربه‌ست، كه‌ ئاماده‌ی یارییه‌كه‌بوون، سوپاس و پێزانیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌م كاره‌ هه‌ڵساون و ساڵانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان له‌ مه‌ڕاسیمێكی جوان ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ جێگای شانازی ئه‌وانه‌.

© 2017 Hawler