ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەمڕۆ یارییەكانی گەڕی سێیەم لە قۆناخی دووەمی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ گەڕێكی تری یارییەكانی قۆناخی دووەمی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و تیایدا لە هەردوو كۆمەڵەدا 6 یاری ئەنجام دەدرێن، ئەنجامەكانی گەڕی ڕابردوویش ڕكەبەری نێوان یانەكانی بۆ سەركەوتن بۆ چوارگۆشەی زێڕین زیاتر كرد و هەندێك یانە كە لە سەرووی ڕیزبەندی یانەكان دەهاتن تووشی شكست بوون و بەشێك لە یانەكانی ناوەڕاست و خوارووی ڕیزبەندەكە سەركەوتنیان بەدەستهێناو گەڕانەوە ناو ململانێی گەیشتن بە قۆناخی كۆتایی.

یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەیەدا یانەی دهۆك بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ خانەی یەكەمی گرتووە و لە هەموو یانەكانی تر نزیكترە لە گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕین، دهۆك ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی سۆران، لە ئەگەری بردنەوەیشی بەڕێژەیەكی زۆر گەیشتنی بۆ چوارگۆشەی زێڕین مسۆگەر دەكات، یانەی سۆرانیش 9 خاڵی هەیە و خانەی چوارەمی گرتووە، بۆیە ئەم یارییە دواین دەرفەت دەبێت لەبەردەم سۆرانیەكان تاوەكو لەبەردەم هاندەرانیان ڕووی خۆیان سپی بكەنەوە و بگەڕێنەوە نێو ڕكەبەری سەركەوتنی یانەكانی تر.
لە یارییەكی هاوسەنگیشدا یانەی هەڵۆ لە شارۆچكەی بلێ میوانداری یانەی كۆیە دەكات، ئەگەرچی كۆییەكان لە یاری چووندا بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە هەڵۆیان بردبۆوە، بەڵام بارودۆخی ئەم یارییە جیاوازە و هەردوو یانە لە پێناو سێ خاڵی یارییەكە دەجەنگن، كۆیە 9 خاڵی هەیە و هەڵۆیش 8 خاڵی هەیە، دۆڕانی هەریەكێكیشیان بەڕێژەیەكی زۆر دووری دەخاتەوە لە ڕكەبەری گەیشتن بە قۆناخی دووەم، لە یارییەكی تردا یانەی ئاكرێ خاوەن پلەی دووەمی كۆمەڵەكە میوانداری یانەی گارە دەكات كە لە كۆتایی ڕیزبەندی یانەكان دێت، ئاكرێ گەرەكیەتی لەسەریاریگەو بەردەم هاندەرانیدا سێ خاڵی یارییەكە بەدەست بهێنێت و بە 13 خاڵ پێگەی خۆی بەهێزتر بكات و هەنگاوێكی تریش لە گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕین نزیك بێتەوە، یانەی گارەیش لەم 3 یارییەی كە ماوە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە دەبێت خۆی لە ناوچەی دابەزین دور بخاتەوە.

یارییەكانی كۆمەڵەی دووەم
بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆرتر لەم كۆمەڵەیەدا دەرفەتی ڕكەبەری كردن لە نێوان یانەكان زیاترە لە كۆمەڵەی یەكەم، چونكە یانەكانی ئەم كۆمەڵەیە یاری زیاتر ئەنجام دەدەن، لێ ڕكەبەری نێوانیشیان لە ئێستادا لە لوتكە دایەوە 5 یانە هەوڵی گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕین دەدەن.
 پێشمەرگەی سلێمانی خاوەن پلەی یەكەمە و 16 خاڵی هەیە ئەمڕۆیش لە ئەركێكی تا ڕادەیەك ئاساندا هەر لە سلێمانی دەبێتە میوانی یانەی شەهیدان كە 4 خاڵی هەیەو لە پلەی كۆتاییە، كە ئەمەی دواییان بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ هاندەرانی سەرجەم یارییەكانیان گواستۆتەوە یاریگەی فارماندەیی، هەر لە سلێمانی یانەی ئاشتی خاوەن خانەی شەشەم میوانداری یانەی هەڵەبجەی شەهید دەكات كە 11 خاڵی هەیەو پلەی چوارەمی گرتووە، ئەم یارییە بۆ هەڵەبجە گرنگیەكی زۆری هەیە و بە بردنەوە و یەكسان بوونی یاری كفری و دەربەندیخان هەڵەبجە دێتە خانەی دووەم، یانەی ئاشتیش كە یارییەكی كەمتر ئەنجامداوە دەیەوێت، ژمارەی خاڵەكانی وەكو هەڵەبجە لێبكات و بگەڕێتەوە نێو ڕكابەرییەكان.
لەیاری لوتكەیشدا یانەی كفری میوانداری یانەی دەربەندیخان دەكات، هەردوو یانە 12 خاڵیان هەیە و لە پلەی دووەم و سێیەم دێن، ئەم دوو یانەیە لەگەڕی ڕابردوو تووشی دۆڕان هاتبوون و گەرەكیانە لە ڕكەبەری كردنی پێشمەرگەی سلێمانی دوور نەكەونەوەو یەكێك لە پلیتەكانی قۆناخی دووەم مسۆگەر بكەن.

یارییەكانی گەڕی سێیەم لە قۆناخی دووەم
كۆمەڵەی یەكەم
ئاكرێ ـ گارە (یاریگەی ئاكرێ)
سۆران ـ دهۆك (یاریگەی سۆران)
هەڵۆ ـ كۆیە (یاریگەی هەڵۆ)
كۆمەڵەی دووەم
شەهیدان ـ پێشمەرگەی سلێمانی (یاریگەی فەرماندەی) لە سلێمانی
ئاشتی ـ هەڵەبجەی شەهید (یاریگەی ئاشتی)
كفری ـ دەربەندیخان (یاریگەی كفری)
ڕیزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی یەكەم
1ـ دهۆك 13 خاڵ
2ـ ئاكرێ10خاڵ
3ـ كۆیە 9خاڵ
4ـ سۆران 9 خاڵ
5ـ هەڵۆ 8 خاڵ
6ـ گارە 4 خاڵ
ڕیزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی دووەم
1ـ پێشمەرگەی سلێمانی 16 خاڵ
2ـ دەربەندیخان 12 خاڵ
3ـ كفری 12 خاڵ
4ـ هەڵەبجەی شەهید 11 خاڵ
5ـ سەیدسادق 10 خاڵ
6ـ ئاشتی 8 خاڵ
7ـ شەهیدان 4 خاڵ
ڕیزبەندی گۆڵكارانی خولەكە
1- دیار عەلی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی 7 گۆڵ

2- وڵات عبدولڕەحمان یانەی كۆیە 6 گۆڵ
3- عەبدوڵڵا كەیفی یانەی ئاكرێ 5 گۆڵ
4- دانیار مەحەمەد یانەی كفری 5 گۆڵ
5- بەهادین بەكر یانەی هەڵەبجەی شەهید 4 گۆڵ
بۆ زانین یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بەدوو قۆناخ و بەشێوەی چوون و هاتن بەڕێوە دەچێت، لە هەر كۆمەڵەیەك دوو یانە سەردەكەون بۆ چوار گۆشەی زێڕین، هەر چوار یانەكە بەیەكەوە یاری دەكەن و دوو یانە دەگەنە ڕیزی یانە نایابەكانی كوردستان، دوای كشانەوەی یانەی سلێمانیش كە بەفەرمی دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلە دووەكان، یەك یانەی تر لە كۆی هەر 13 یانەكەی هەردوو كۆمەڵەكە دادەبەزێت، دوو یانەی كۆتای هەردوو كۆمەڵەكە لە دوو یاری چوون و هاتندا بەیەكەوە یاری دەكەن و ناسنامەی ئەو یانەیە ئاشكرا دەبێت كە دادەبەزێت بۆ ڕیزی یانە پلە دووەكان لە وەرزی داهاتوو

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.