تشرینی دووەم 12, 2019

تیپی تۆپی بالەی پێشمەرگەی سلێمانی بەردەوامە لە ڕاماڵینی یانەكانی عێراق

قۆناخی دووەمی خولی تۆپی بالەی یانە بژاردەكانی عێراق دەستیپێكرد و پاڵەوانی وەرزی ڕابردووش درێژەی بە سەركەوتنەكانی دا یەكەم یاری خۆیشی لەم قۆناخە بە بەبردنەوە كۆتایی پێهێنا.
تیپی تۆپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی وەرزی ڕابڕدوو و پێشەنگی قۆناخی یەكەمی خولەكە، میوانداری یانەی بەحری شاری بەسرەی كرد و یارییەكەیشی لێبردەوە.

(گێمێك بۆ یانەی میوان)
ئەم یارییە ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی داخراوی پێشمەرگەی سلێمانی ئەنجامدرا، گێمی یەكەم ئەنجامێكی تاڕادەیەك چاوەڕواننەكراوی بەخۆیەوە بینی كاتێك یانەی میوان ئەو گێمە بە ئەنجامی (25 ـ 20) خاڵ بە سوودی خۆی تەواوكرد. گێمی دووەم پاڵەوانانی وەرزی ڕابڕدوو پاڵەوانئاسا دەركەوتن و ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان لەم گێمە پیشانی میوانەكەیان دا و ئەنجامی گێمەكانیان هاوتاكردەوە، كاتێك ئەو گێمەیان بە ئەنجامی (25 ـ 15) خاڵ لە میوانەكەیان بردەوە.

(ئەزموون زاڵبوو بەسەر تەمەن)
دواتریش یاریزانانی دكتۆر (سەڵاح كانەبی) ڕاهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی بە لێهاتوویی و ئەزموونی خۆیان لە پیشاندانی ئاستە بەرزەكەیان بەردەوام بوون و گێمی سێیەم و چوارەمی یارییەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان بەكۆتاهێنا، خاڵی گێمەكان (25 ـ 23) و (25 ـ 18) خاڵ بوون، سەرەنجام یارییەكە بە ئەنجامی (3 ـ 1) گێم لە بەرژەوەندی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی كۆتایی هات و بەم سەركەوتنەش یانەكە كۆی خاڵەكانی بۆ (22) خاڵ بەرزكردەوەو بە (هەشت) سەركەوتنی یەك بەدوای یەك پارێزگاری لە پێگەی خۆی لە پێشەنگی خولەكە كرد.
لە یاریی داهاتووی خۆیشی لە خولەكە ڕۆژی چوارشەممە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاری لوتكەی خولەكە لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی گازی باشوور دەكات

 

ئومێد ئیبراهیم - هەولێر.

© 2017 Hawler