تشرینی دووەم 12, 2019

ئیسپانییەكان بۆ تۆڵەكردنەوە ڕێگەی ڕووسیا دەگرنەبەر

بۆ لەبیركردنی ئاستی نزمیان لە یارییەكانی جامی جیهانی 2014 و تۆڵەكردنەوە ڕێگەی ڕووسیا دەگرنەبەر، بۆ لەبیركردنی چوار ساڵی تاڵ. كەوتنی ماتادۆرەكان لە قۆناغی یەكەمی جامی جیهانی لەبیر كەس نەچووەتەوە، شكستی 5-1 بەرانبەر بە هۆڵەندا، دواتر 0-2لە چیلیا، واتە خواردنی حەفت گۆڵ لە دوو یاریدا و دەركرانی خێرا. ئیسپانییەكان یۆرۆ 2016شیان لەگەڵ دلبۆسكێ دەست پێ كرد، بەڵام شكست بەرانبەر بە ئیتاڵیا دەریخست سەردەمی زێڕینی ماتادۆرەكان بەسەرچووە و پێویستە بە نوێبوونەوەیانە.
جولێن لۆپێتێگی بۆ ماتادۆرەكان ئەو گۆڵپارێزە بچووكەیە كە یازدە ساڵ لە لالیگا یاری كردووە و تەنیا سی خولەك گۆڵی هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاراستووە. جارێك درێسی ڕیاڵ مەدریدی پۆشیوە و پێنج جاریش بارسێلۆنا، بەڵام پێنج ساڵ بەرگری لە گۆڵی ڕایۆڤایكانۆ كردووە. دواتر وەكوو ڕاهێنەر ئەركی ڕێبەرایەتی هەڵبژاردەی ژێر نۆزدەساڵانی ئیسپانیا، ژێر بیستوسێ ساڵان و ژێر بیستویەك ساڵانی پێ سپێرا و تەنانەت دەستەوارەی ڤێڵز و ئینگلتەراشی هەبوو، كەچی پێشنیازی یەكیەتی تۆپی پێی ئیسپانیای پێ گەیشت. پێشنیازێك كە بۆ ئەوە نابێ "نا"ی پێ بڵێت. بەڵام دۆزینەوەی گۆڵپارێزەكان كە بە درێسی ڕاهێنەرایەتی درۆشابنەوە، كارێكی ئاسان نییە، هیچ كات ئاسان نەبووە.
جولێن لۆپێتێگی تەمەنی بەرەو پەنجا ساڵان دەچوو كە پێشنیازی ڕاهێنەرایەتی ئەستێرەكانی ئیسپانیای گەیشتەدەست و دوای یۆرۆ 2016 ئەركەكەی وەرگرت.

گۆڵپارێزە ڕاهێنەرەكان
دینۆزۆف، گۆڵپارێزی ئەفسانەی ئیتاڵیا، ئەوەندەی نەمابوو یۆرۆ 2000 بباتەوە، كەچی بە فەڕەنسا دۆڕا. "برۆس ئەرێنا"یش سەردەمانێك گۆڵپارێز بوو و لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیادا كارامەیەكی سەركەوتوانەی هەبوو. ریموند گوتالزی بەلجیكی مارسلیای كردە پاڵەوانی ئەورووپا، بەڵام درەوشانەوەی مارسیلیایان خستە پاڵ ئەستێرەكانی..
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕێبەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا قەوارەیەكی دیكەی هەیە و لۆپێتێگی چاوەڕوانییەكی گەورەی لەسەرە. ئەو ئیسپانیای لە ڕێگەیەكی دژوار گەیاندە ڕووسیا، واتە بردنەوە لە ئیتاڵیا كە لە یۆرۆ 2016 ماڵئاواییان پێ كردبوون و ئێستە زۆر شارەزای تۆپی لەسەر ئەو باوەڕەن ئیسپانیا دەتوانێ پشت لە كابوسی چوار ساڵەی ڕابردووی بكات.

یارییە دۆستانەكانی ئیسپانیا ئاستبەرزی پێكهاتەكە دەردەخەن. بەرەوڕووبوونەوەی ئەڵمانیا لە دۆسڵدرۆف و یەكسانبوونیان بە 1-1 ناتوانێ ئەنجامێكی خراپ بێت، ئەویش بەرانبەر بە پاڵەوانی جیهان. دوو پێكهاتەی بێ شكستی دوای یۆرۆ، واتە ئەڵمانیای یواخیم لۆ و ئیسپانیا لۆپێتێگی لە حەفەدە یاریدا.

گۆڵپارێز و هێڵی بەرگری ئیسپانیا
پێكهاتەی ئیسپانیا ئەو پێكهاتەیەیە كە بەرانبەر بە ئەڵمانیا یاری كرد. لەناو گۆڵدا، یەك لە باشترین گۆڵپارێزەكان، داڤید دێخیا هەرچەند گۆڵێكی ڕێگەی دووری مولەری خوارد، بەڵام لێدانەكانی یولیان دراكسلر و ئیلكای گوندۆگانی بە باشی گرتەوە. پێكهاتەی سێرجیۆ رامۆسو ژێرارد پیكێ لەناو دڵی هێڵی بەرگریدا هیچ قسەیەك هەڵناگرێ. كاپتن ڕامۆس بەرانبەر بە ئەڵمانیا سەدوپەنجایەمین یاری بۆ هەڵبژاردەكەی كرد و دوای كاسیاس زۆرترین یاری بۆ وڵاتەكەی كردووەو و یەك لە یاریزانە بەتواناكانی پاڵەوانێتی 2208، 2010 و 2012ی ئیسپانیا لە جیهان و ئەورووپایە. پیكێ لە ڕووسیا ڕیكۆردی سەد یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تۆمار تۆماردەكات. دەنی كارڤاخاڵ و جۆردی ئەلبا دوو یاریزانی هێڵی بەرگری كەنارەكان، لە باشترینەكانی ڕیاڵ و بارسێلۆنا هەم لە بەرگریكدندا نمونەن و هەمیش لە كاتی هێرشكردندا.

هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانیا
كۆمەڵە پیاوێ بەرانبەر بە ئەڵمانیەكان درەوشانەوە كە دەبوایە بدرۆشێنەوە – یارزانەكانی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانیا. ئەندرێس ئینێستای تەمەن سیوسێ ساڵان بزووێنەری گەێمی یەكەم بە پاسە جوان و ئارامەكەی توانایی خۆی بۆ جارێكی دیكە سەلماند و گۆڵە خێراكەی رۆدریگۆ هیچ نەهێشتەوە. ئینێستا لە گێمی دووەمدا پشووی دا، بەڵام لۆپێتێگی ئەوەی پێ وتین كە لە ڕووسیا و دوای دوازدە ساڵ یاریكردنی بۆ ئیسپانیا، متمانەیەكی تەواوی پێی هەیە. ئەگەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا بگاتە یاری كۆتایی جامی جیهانی ڕووسیا، ئینێستا بە سێ یارییە دۆستانەكەی لە گەڵ ئەرژەنتین، سویسرا و تونس دە یاری دیكە بۆ هەڵبژاردەكەی دەكات. داڤید سیلڤاش وەكوو هەمیشە پڕجووڵە و كاریگەر، كۆكێ و تیاگۆ ئەلكانرا بێ عەیب و بوێر و چاونەترس یاریان كرد.

هێرشبەرەكانی ئیسپانیا
لۆپێتێگی لە هێڵی هێرشبەردا ڕووی كردە ئیسكۆی ڕیاڵ مەدرید، ئەو یاریزانەی كە ڕیاڵدا ئاستی دابەزیوە، بەڵام یاریزانی ژێر بیستویەك ساڵانی لۆپێتێگی بووە. ئەو یاریزانەی كە پیاوی سەركەوتنی 3-0ی بەرانبەر بە ئیتاڵیا بوو. لۆپێتێگی دوای سەعاتێك ئیسكۆی دانیشاند و ماركۆ ئەسنسیۆی تەمەن بیستودوو ساڵانی ناردە ناو یاری. ئەسنسیۆ زۆر بە متمانەوە یاری كرد. دیەگۆ كۆستای بیستونۆ ساڵان لە گێمی دووەمدا جێگەی رۆدریگۆی گرتەوە و دەریخست دەتوانێ پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بێت.

پێكهاتەی دووەمی ئیسپانیا
تەنانەت پێكهاتەی دووەمی ئیسپانیاش دەتوانێ لە جامی جیهانیدا بەرانبەر بە هەر پێكهاتەیەك یاری بكات و تەنانەت بۆنی سەركەوتنیشی لێ بێت:
ژاڤی مارتینز، ناچۆ، ئینیگۆ مارتینر لە هێڵی بەرگری یاریان كرد. مونریال و سێرجی رۆبێرتۆ دوو یاریزانی بەرگری كەنارەكان. ئیارامێندی یاریزانی ناوەڕاستی بەرگریكار. خوان ماتا و سێسك فابرێگا لەناوەندی گۆڕەپان. ویتولۆ و سۆسۆ لە دوو كەنارەكان و ئەلوارۆ مۆراتاش لە نوكی هێرشبەردا.
ئیسپانیا بەرانبەر بە ئەڵمانیا بە سیستەمی 3-3-4 یاری كرد كە یاریزانەكانی بێ تۆپ دەیانتوانی پرێس بكەن و بە هێرشی پێچەوانە ئەڵمانیایان تووشی سەرئێشە كرد. لە كاتی سەیركردنی یارییەكەدا واماندەزانی هەموو حەوتوویەك یاریزانانی لۆپێتێگی بەیەكەوە یاریان كردووە. ئیسپانیا ئەو بە پێچەوانەی ئیسپانیای چوار ساڵ لەمەوبەری دل بۆسكێ ناسنامەی ئیسپانیایی بوو. سەیری سوورەپۆشەكانمان دەكرد و گۆڵچیە بچووكەكەی دوێنێی لالیگامان بە كەسێكی سەركەوتوو دەبینی كە ئەگەری بردنەوەی جامی جیهانی لێ دەكرێت

 

محەمەد شەهدی - هەولێر .

© 2017 Hawler