نیسان 06, 2020

ڕەوشی وەرزشیی كەركووك لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە هەڵدەسەنگێنێ

محه‌ممه‌د خالید  - هەولێر

 

كه‌ركووك، لە مێژساڵە، مه‌ڵبه‌ندی دروستكردنی یاریزانان بووە،‌ له‌ سه‌رجه‌م یارییە‌ وه‌رزشییه‌كان. وه‌رزشی ئه‌و شاره،‌‌ چه‌ندان قۆناغی تێپه‌ڕاندووە،‌ له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس له‌ لایەن ئه‌و دەسەڵاتەوە قۆرخ كرابوو و ڕێی وەرزشیی كوردی بەرتەسك كردبووەوە تا ڕأددەی قەتیسهێشتنەوە، لە دوای رووخانی ئه‌و رژێمه‌ له‌ ساڵی 2003ـدا، گۆڕانكاریی گه‌وره‌ به‌ سه‌ر ئه‌و سێكته‌ره‌ گرینگەدا هات و ڕەوشی وەرزشی كەركووك بە پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگە وەرزشییەكان تا ڕاددەیەكی زۆر بووژایەوە و پێش كەوت.

ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هاوكاریكردنی وه‌رزشی كه‌ركووك
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆڵی باڵای هه‌بووه‌ له‌ پێشخستنی وه‌رزشی كه‌ركووك، هه‌ر له‌ دروستكردنی یاریگە و هاوكاریكردنی یانه‌كان و دابینكردنی بوودجە و پێویستییە ماددییەكانەوە، به‌ گشتی پاڵپشتێكی به‌هێزی ئه‌و شاره‌ بووه‌ له‌ هه‌موو جۆرە وەرزشەكان و تایبەت تۆپی پێ، بە جۆرێك له‌ سه‌رجه‌م یارییه جۆربەجۆرە‌كان، شاری كه‌ركووك له‌ ململانێ بوو له‌ سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ناسناوه‌كان و بووبووە شوێنگەی بەرهەمهێنانی یاریزانی ئاستباڵا.
لە سەروەختی رووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك، سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی وه‌ستا، وه‌رزشی ئه‌و شاره‌یش بێناز و بێبه‌ش مایەوە و تا ڕأددەی وەستان چوو، چونكە لەوە بەدوا، چالاكیی یانە وەرزشییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش وەستا، دواتر و بە تێپەڕینی كات، دیمۆگرافیای وەرزشیی كەركووك گۆڕا و چالاكیی یانە كوردییەكان پەك خران، لە كاتێكدا نەتەوەی دیكەی وەك عەرەب، كە ئێستە خاوه‌نی زیاتر له‌  10 یانه‌ی وه‌رزشین، ئەمەیش به‌ پێی دوایین پاڵه‌وانیەتیی تۆپی پێی یانه‌كانی شاری كه‌ركووك له‌ ئاستی لاوان، لەو ڕێگەیەوە، ده‌یانه‌وێت هاوشێوه‌ی بەعەرەبكردنی گوند و شوێن و ناوچە كوردییەكان، ئه‌و شارەیش لە وەرزش و بزاوتی كوردی و كوردستانی دابماڵن و سێكتەری‌ وه‌رزش تەنیا بۆ خۆیان قۆرخ بكەن، لە كاتێكدا لە سەروەختی ئیدارەی كوردیدا، هەلی جووڵە و چالاكیی وەرزشی بۆ هەمووان وەك یەك ڕەخسابوو.

وەبەرهاتنەوەی هیوایەك بۆ وەرزشی كوردی لە كەركووك
‎ دوای كاراكردنه‌وه‌ی نوێنەرایەتیی كەركووكی لێژنه‌ی ئۆلیمپیی كوردستان، وه‌رزش له‌ كەركووك‌ جموجۆڵی تێ كەوتووەتەوە، لەو ڕووەوە‌ نه‌وزاد قادر، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی كه‌ركووكی لێژنه‌ی ئۆلیمپیی كوردستان، ئەوەی بۆ رۆژنامەی هەولێر روون كردەوە، كە له‌ دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌، وه‌رزش له‌ شاری كه‌ركووك به‌ ته‌واوی وون بوو، تەنانەت بەشێكی یانەكان تاڵان كردن و سووتان، ئه‌مەیش وای كرد، سستی و نائومێدی لە دیدی وه‌رزشكارانی ئه‌و شاره‌وە دروست بێت، نموونه‌ی به‌رچاویش، داگیركردنی باره‌گە و یاریگەی یانه‌ی كه‌ركووكە، كه‌ هیوای وه‌زشكاران و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بوو، به ‌تایبه‌تی له‌ یاریی تۆپێ پێدا، وێڕای نەمانی چه‌ندان یانه‌ی دیكه‌، به ‌هۆی دەرهاویشتەی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، بە تایبەت بەشێكی ئەو یانانە، رۆڵی خۆیان هه‌بووه‌ له‌ سه‌ر ململانێكردن له‌ سه‌ر ناسناوه‌كان و به ‌تایبه‌تی له‌ یارییه‌ تاكه‌كاندا، به‌ڵام له‌ دوای كاراكردنه‌وه‌ لێژنه‌ی ئۆلیمپیی كوردستان، وه‌رزش له‌ شاره‌كه‌ جارێكی دیكه‌ جووڵە‌یه‌كی باشی به‌ خۆیه‌وه‌ بینییه‌وه و‌ به‌ ئه‌نجامدانی پاڵه‌وانیەتیی بۆ یانه‌كان له‌ سه‌ر ئاستی پارێزگا و كوردستان و پلانی باشتر هه‌یه‌ بۆ ئایینده‌ كاری باشتر بكرێت بۆ وه‌رزشكارانی شاره‌كه.
ناوبراو، ئەوەیشی خستە ڕوو، كە داواكارن له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كاری جدی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی وه‌رزشی كەركوو و "پێوسته‌ سه‌رجه‌م یانه‌كان له‌م قوناغه‌دا، یه‌ك ده‌نگ بین بۆ ده‌ربازبوون و زاڵ بوون به‌ سه‌ر  كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كان."

یه‌كهه‌ڵوێستی، بۆ قۆناغەكە بووەتە پێویستی
‎عەدنان عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی تەنفیزیی ئۆلیمپیی كوردستان و سه‌رۆكی یانه‌ی وه‌رزشی باوه‌گوڕگوڕ، تێڕوانینی وەها خستە ڕوو، كە وه‌رزشی كه‌ركوك پێش داگیركردنی كه‌ركوك  له‌ ئاستێكی باشدا بوو، به‌ هۆی ئه‌و هاوكارییانه‌ی ده‌درایە یانه‌كان، چ وه‌كوو ئیداره‌ی كه‌ركوك و چ وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێم و تەنانەت حزب و كه‌سایه‌تییه‌كانیش، به‌ گشتی جووڵه‌ی وه‌رزشی له‌ گه‌شه‌كردندا بوو، به‌ڵام دوای داگیركردنی كه‌ركووك، هه‌موو بواره‌كانی ژیان له‌ كه‌ركوك به‌ره‌و دواوه‌ گەڕایەوە،  وه‌رزشیش كە به‌شێكه‌ له‌ ژیان، پاشه‌كشه‌ی كرد و ئێستا له‌ ئاستێكی ترسناكدایە، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان نه‌یه‌ن به‌ ده‌نگی یانه‌كانه‌وه،‌ ئه‌وه‌ له‌م ساڵدا ده‌گاته‌ ئاستی پووكانه‌وه‌ و له‌ده‌ستدانی سه‌رجه‌م پۆسته‌ وه‌رزشییەكان له‌م شاره‌ گرینگ و تایبه‌تمه‌نده،‌ پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت یه‌كده‌نگ و یه‌كڕه‌نگ بن، پێویستیشه‌ حكوومه‌ت ئاوڕێكی جدی له‌ ڕەوشی یانه‌ وه‌رزشییە‌كانی كه‌ركووك بداته‌وه،‌ چونكه‌ له‌ دۆخێكی قورسدا كاره‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌ركه‌ له‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان خه‌زێنه‌كانیان بۆ هاوكاریی گه‌نجان و وه‌رزشكارانی كه‌ركووك واڵا بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان به‌رپرسن له‌م دۆخه‌ی كه‌ركووك، پێویسته‌ له‌ سه‌ر یانه‌ وه‌رزشییەكان، هاوكاریی یه‌ك بن له‌ نێوانیان به‌ ئاڵوگۆركردنی یاریزانه‌كان بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند یانه‌یه‌ك له‌ جۆره‌ یارییه‌كی وه‌رزشی.

ڕەوشی وەرزشی كچانیش لە پاشی داوە
زه‌ینەب سەعدوون، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی كچانی كه‌ركووك، باسی له‌ ڕەوشی ئێستەی وه‌رزشی كەركووك كرد و وتی: پێش ڕووداوەكان، ئاستی وه‌رزش زۆر باش بوو  و وه‌رزشی كچان له‌ ئاستێكی زۆر باشدا بوو، هه‌موو كات له‌ ململانێدا بووین له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و، چه‌ندان یاریزانمان ده‌گه‌یشتنه‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق، به‌ڵام له‌ ئێستەدا‌ به‌ هۆی نه‌بوونی پاڵپشتیی دارایی، توانای به‌شداریكردنمان نییه‌ و ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبێلی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بووەته‌ كێشه‌ بۆمان و هیوادارین ئاوڕێكی جدی له‌ وه‌رزشی كچان بدرێته‌وه‌ و بتوانین كار له‌سه‌ر باشتركردن و دروستكردنی یاریزانان بده‌ین و داواكارین له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار و پاڵپشتمان بن .

‎یانه‌ی كه‌ركووك، كە سیمبۆڵی وەرزشی شارەكە بوو، پەك خراوە
داره‌وان قادر، راهێنه‌ری تۆپی پێ، بۆ رۆژنامەی هەولێر، ئەوەی خستە ڕوو، كە ‎له‌ دوای ئه‌و رووداوانه‌، وه‌رزش به‌ گشتی په‌كی كه‌وت. دارەوان، دەشڵێ: من به ‌تایبه‌تی باس له‌ تۆپی پێ ده‌كه‌م، كه‌ به‌ ته‌واوی ون بووه‌ و به‌شدارینه‌كردنی یانه‌ی دایك، كه‌ركووك به ‌ته‌واوی كاریگه‌ری دروست كردووه،‌ بووەته‌ هۆی لاوازبوونی تۆپی پێ له‌ شاره‌كه‌، به‌شداریكردنی یانه‌ی دایك زۆر گرینگه‌ و جارێكی دیكه‌ جۆشوخرۆش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ و، هانده‌ران تینوی بینینی یارییه‌كانن، وه‌ك پێشوو، كه‌ له‌ دوایین وه‌رزدا توانیمان پله‌ی دووه‌م به ‌ده‌ست بهێنین له‌ خولی نایابی كوردستاندا، به ‌هیوام و داواكارم كاری جدی بكرێت بۆ یانه‌ی كه‌ركووك، كه‌ هه‌ڵــگری ناوی شاره‌كه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ خوله‌كان له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق

تۆپی ده‌ستی كچانیش لاواز بووه‌
كونال یوونس، یاریزانی تۆپی ده‌ست، لەو ڕووەوە وتی: نه‌بوونی پاڵه‌وانیەتی و به‌شدارینه‌كردنی یانه‌كانی كه‌ركووك، بووەته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی وونبوونی ئێمه، له‌ پێشوودا پاڵه‌وانیەتییه‌كان ململانێی دروست كردبوو و ئێمەیش هه‌میشه‌ له‌ مه‌شق و راهێناندا بووین، به‌ڵام له‌ ئێستەدا‌ له‌به‌ر نه‌بوونی بوودجە و بەشەپارەی یانه‌كان، وای كردووه‌ ئاستی تۆپی ده‌ست له‌ شاره‌كه‌ لاواز بێ، ئومێد ده‌كه‌م كار بۆ پێشكه‌وتنی وه‌رزشی كچان بكرێت و بێینه‌وه‌ نێو ركەبه‌ری پاڵه‌وانیەتییه‌كان له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق.

یاریزانان، هیوای پۆشینەوەی درێسی یانەی كەركووك دەكەن
محەممەد سامی، یاریزانی تۆپی پێ، لەسەر هەمان بابەت، ئەوەی خستە ڕوو: "من له‌ یانه‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌ستم به‌ كاروانی وه‌رزشیم كرد، یاریكردن له‌و یانه‌یەدا‌ هه‌ستێكی یه‌كجار خۆشه‌ و خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی یه‌كجار زۆره‌، به‌ڵام به ‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستەدا ئه‌و یانه‌یه‌ به‌شداری ناكات، ئه‌ویش هۆكاره‌كانی دیاره، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ تا رادده‌یه‌كی زۆر ئاستی تۆپی پێ له‌ شاره‌كه‌مان لاواز بێت. ناوبراو، وتیشێ: من ماوه‌ی 3 وه‌رزه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركووك یاری ده‌كه‌م و درێسی هه‌ر یانه‌یه‌ك بپۆشم به‌ دڵ و گیان یاری بۆ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ئاست پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ڵام خۆشترین هه‌ست له ‌لای من ئه‌و كاتانه‌ بوو، كه‌ به‌ درێسی یانه‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ یاریم ده‌كرد، هیوادارم جارێكی دیكه‌ ئه‌و یانه‌ خۆشه‌ویسته‌ بێته‌وه‌ نێو ركەبه‌رییه‌كان و بتوانم‌ جارێكی دیكه‌ خزمه‌تی بكه‌مه‌وه‌.

مێدیاكارانیش نیگه‌رانن
هه‌ژار كه‌ركووكی، فۆتۆگرافه‌ری وه‌رزشیی كەركووك، لەسەر ڕەوشی وەرزشی كەركووك، وتی: پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر، یانه‌كان له‌ پله‌ نایاب و پله‌ یه‌كی تۆپی پێ بوون، له‌ یارییه‌كانی دیكەیش جووڵه‌یه‌كی باشی وه‌رزشی هه‌بوو، ئێمه‌یش وه‌ك فۆتۆگرافه‌ران و مێدیاكاران، سه‌رقاڵ ده‌بووین به‌ كاری خۆمانه‌وه،‌ به‌ڵام له‌ ئێستەدا،‌ به‌شدارینه‌كردنی یانه‌كانی شاره‌كه‌مان و كه‌میی ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان، وای كردووه‌ سه‌ردانی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكه‌ین، ناوبراو، ئەوەیش وتی: ئومێد ده‌كه‌ین له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا، ئه‌و كێشانه‌ی له‌ وه‌رزشی شاری كه‌ركووك هه‌یه،‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و ئێمه‌یش به‌ كامێراكانمانه‌وه‌ به‌ یاریگەكان شاد بینه‌وە.

© 2017 Hawler