نیسان 06, 2020

یانه‌ی هه‌ولێر به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارییه‌وه‌ میوانداری یانەی حدوود ده‌كات

بارزان ئەكرەم - هەولێر

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی نایابی عێراقدا، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی یه‌كه‌می شه‌هید فرا‌نسۆ هه‌ریری، میوانداریی یانەی حدوود ده‌كات، یارییه‌كه‌‌یش كاتژمێر (3:30)ـی ئێوارە به ‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌ خولی نایابی عێراقی هه‌ولێر له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری حدودی به‌غدا ده‌كات، دوای وه‌ستانی خولی نایابی عێراقی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار مانگ،  دواتر ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردنی كاتی فیدراسیۆن بڕیاریدا به‌ شێوازی یه‌ك قۆناخ و ته‌نها یاریی چوون خوله‌كه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ژماره‌ی یانه‌ به‌شداربووه‌كانیش (15) یانه‌یه‌.
هه‌ولێر، بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ چاوی له‌ ئه‌نجامێكی باشه‌، بۆیه‌ چه‌ندین گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه‌، چه‌ند یاریزانێكی به‌ ئه‌زموونی هێناوه‌ته‌ ریزه‌كانی له‌وانه‌ (یاسر قاسم، شێركۆ عه‌زیز، عومه‌ر عه‌بدولره‌حمان، عوده‌ی شه‌هاب)ـن، هه‌ولێر به‌ راهێنه‌رایه‌تی رادان كاسانیكی كڕواتی چاوی له‌ویه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ئه‌نجامی باش تۆمار بكات، له‌م رێگایه‌وه‌ جارێكیتر بگه‌رێته‌وه‌ نێو كێبڕكێكانی جامی یه‌كێتی ئاسیا و جامی یانه‌كانی عه‌ره‌بی، چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌شی ئه‌نجام داوه‌ تا پێكهاته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو بۆ یارییه‌كان رێكبخات.
یانه‌ی حدود، ئه‌م وه‌رزه‌ مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ره‌، هیچ فشارێكی له‌سه‌ر نییه‌، ئامانجییه‌تی به‌ كه‌مترین خه‌رجی باشترین ده‌ستكه‌وت تۆمار بكات، بۆیه‌ جگه‌ له‌ پێكهاته‌كه‌ی خۆی هیچ یاریزانیكی پیشه‌گه‌ری نییه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت به‌و یاریزانانه‌ی هه‌یه‌تی ئه‌مڕۆ گورزێك له‌ هه‌ولێر بدات.
هه‌ر یانه‌یه‌ك له‌ خوله‌كه‌ چوارده‌ یاریی ئه‌نجام ده‌دات، حه‌وت یاریی له‌ یاریگه‌ی خۆی حه‌وت یاریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی، له‌ كۆتاییدا ، خاوه‌نی زۆرترین خاڵ ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی خولی عێراقی، له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م تاوه‌كو چواره‌میش ده‌توانێ به‌شداری پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئاسیا و جامی یانه‌كانی عه‌ره‌بی بكات، له‌ دواین دوو یاریی نێوان یانه‌ی هه‌ولێر و حدود، هه‌ریه‌كه‌و خاوه‌نی بردنه‌وه‌یه‌كه‌.

© 2017 Hawler