نیسان 06, 2020

ئه‌مڕۆ له‌ له‌نده‌ن یارییه‌كی ئاگرین و لوتكه‌ به‌ڕیوه‌یه‌

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

 

ئه‌مڕۆ دووشەممە، له‌ یاری لوتکەی گەڕی 26ـه‌مینی پرێمەرلیگ چێڵسی و مانچێستەر یونایتد له‌ له‌نده‌ن به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، ئه‌م یارییه‌ لە لە کاتێکدایه‌ كه‌ هەردوو یانە رکابەری بەدەست هێنانی بلێتێکی وه‌رزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەکەن، چێلسی بە 41  خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە و مان یوش بە جیاوازی 6 خاڵ لە پلەی نۆیەم دەبینرێت.

لامپارد ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌ ریكۆرده‌ گه‌وره‌كه‌ بكات
یانه‌ی چێڵسی لە کاتێکدا لە یاریگەی ستامفۆرد بریدج پێشوازی لە مانچێستەر یونایتد دەکات، هەشت ساڵه‌ لەم یاریگەیە بە رکابەرەکەی نەدۆڕاوە، بۆیه‌ له‌م یارییه‌دا فرانك لامپاردی راهێنه‌ری چێڵسی ده‌یه‌وێت پارێزگاری له‌م ریكۆرده‌ گه‌وره‌یه‌ بكات كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی شانازی بۆ هانده‌ران و ئیداره‌ی یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌.
یانە لەندەنیەکە دوای بردنەوەکەی بەرامبەر بێرنلی لە رۆژی 11ـی مانگی رابردوو، نەیانتوانیوە هیچ بردنەوەیەکی دیکە بەدەست بێنن، بە گشتی لەو ماوەیەدا سێ یارییان کردووە، لە دوو یاریدا بەرامبەربووینە و لە یارییەکیش دۆڕاون.
بلوز لە کاتێکدا میوانداریی شەیتانە سوورەکان دەکات، هەشت ساڵە لە یاریگەی خۆیان بە رکابەرەکەیان نەدۆڕاون و دوایین دۆرانیشیان لە ستامفۆرد بریدج بەرامبەر مان یو، 28ـی ئۆکتۆبەری  2012 بوو.
چێڵسی بۆ ئەم یارییە بە هۆی پێکان لە تواناکانی تامی ئابراهام گۆڵکاری یانەکەی و هەروەها کریستیان پۆلیسیچ و لۆفتۆس چیک بێبەش دەبێت.
سۆڵشایه‌ر چاوی له‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مان یونایتد به‌ راهێنه‌رایه‌تی سۆڵشایه‌ر دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییەدا، دوای وەرزی 1977  بۆ 1978 بۆ یەکەمجار لە هەردوو یاری چوون و گەرانەوە بردنەوە بەدەست بێنێت.
مانچێستەر یونایتد دوای بردنەوەکەی یاری قۆناخی یەکەم بەرامبەر چێڵسی، ئامانجیانە بە بردنەوە لە یاری قۆناخی دووەم، دوای لیڤەرپوول لە وەرزی2011  بۆ2012  ببنە دووەم یانە لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە بردنەوە بەرامبەر یانە لەندەنیەکە بەدەست بێنن.
شەیتانە سوورەکان لە کاتێکدا لە یاریگەی ستامفۆرد بریدج رووبەرووی رکابەرەکەیان دەبنەوە، ئەم یانەیە هەشت ساڵە لە پرێمەرلیگ نەیتوانیوە لەو یاریگەیەدا بردنەوە بەدەست بێنن، دوایین بردنەوەی ئەم یانەیە لە لەندەنی پایتەخت ئالێکس فێرگسن راهێنەرایەتی ئەو یانەیەی دەکرد.
مان یو لە یاری قۆناخی یەکەم بردنەوەی بەرامبەر چێڵسی بەدەست هێناوە و  ئەگەر بێت و لەم یارییەشدا بردنەوە بەدەست بێنێت، دەتوانێت دوای 42 ساڵ بۆ یەکەمجار لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە بردنەوەی بەرامبەر رکابەرەکەی بەدەست بێنێت.
مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئۆڵد ترافۆرد و میوانداریی یانه‌ی واتفۆردی ئینگلیزی ده‌كات، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، یانه‌ی چێڵسی له‌ ئه‌ركێكی سه‌ختدا و له‌ دێربی له‌نده‌ن رووبه‌ڕووی تۆتێنهامی هاوشاری ده‌بێته‌وه‌.

© 2017 Hawler