شوبات 23, 2020

ئه‌مشه‌و له‌ ئیتاڵیا كریستیانۆ رۆناڵدۆ و ئیبراهیمۆڤیچ رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌

ئەسعد ئیسماعیل_هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

 

ئه‌مشه‌و له‌ ئێتاڵیا یاری لوتكه‌ به‌ڕێوه‌یه‌

له‌ یاریی چوونی قۆناخی پێشكۆتایی جامی ئیتاڵیا، له‌ یاریگه‌ی جۆزێپی میاتزا له‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و، یانه‌ی ئه‌یسی میلان میوانداریی یوڤێنتۆس ده‌كات.

یوڤێنتۆس له‌ ئێستادا به‌ دۆخێكی خراپ تێپه‌ڕ ده‌بێت، میدیاكانیش به‌ گه‌رمی باسی دوورخرانه‌وه‌ی ماوریزیۆ ساری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئالێگری بۆ پۆستی راهێنه‌رایه‌تی یوڤی ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی یوڤی له‌ ئێستادا پێشه‌نگی سێریا ئه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ و كه‌وتۆته‌ دۆخێكی خراپ له‌ ركابه‌ریكردنی یانه‌كانی لازیۆ و ئینته‌ر میلان كه‌ به‌ گه‌ڕی جه‌نگی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ یوڤی 8 ساڵه‌ له‌سه‌ریه‌ك ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌باته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، ئه‌یسی میلان له‌ كاتێكدا ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ له‌ دوایین یاری له‌ سێریا ئه‌ی تووشی شكستێكی گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر ئینته‌ر میلانی هاوشاری هات، میلان له‌م یارییه‌ له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ پشت به‌ تواناكانی ئه‌ستێره‌ی سویدی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ یاری رابردوو گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد.

میدیاكان به‌ گه‌رمی باس له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئیبراهیمۆڤیچ و كریستیانۆ كراوه‌ته‌ مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كانی ئیتاڵیا، بڕیاریشه‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ رۆژی 4 مانگی داهاتوو له‌ یاریگه‌ی ئالیانز ستادیۆم له‌ تۆرینۆ به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

پزیشكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی دێمبلی هۆكاری پێكانه‌كانی ئه‌و یاریزانه‌ی ئاشكرا كرد

دوای ئه‌وه‌ی بارسێلۆنا له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تا 6 مانگی دیكه‌ عوسمان دێمبلی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ یاریكردن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بارسێلۆنا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ لویس سوارێزشی له‌ده‌ستداوه‌ و هیچ هێرشبه‌رێكی نوێ له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ نه‌كڕیوه‌.

پزیشكی تایبه‌ت به‌ عوسمان دێمبلی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دێمبلی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2021 به‌ جه‌سته‌یه‌كی باش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یاریكردن، ده‌شڵێـت: دێمبڵی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاته‌كانی به‌كاری بێ سوود به‌ فیڕۆ ده‌دات و وه‌ك پێویست گرینگی به‌ كاته‌كانی خه‌و و خواردن نادات، بۆیه‌ ماسولكه‌كانی جه‌سته‌ی زوو زوو توشی كێشه‌ ده‌بن.

پزیشكی دێمبلی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ خێراییه‌ زۆره‌كه‌ی دێمبلی هۆكارێكی دیكه‌یه‌ بۆ پێكانه‌كانی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و یاریزانانه‌ی خێران له‌ ئه‌ژنۆیان تووشی كێشه‌ ده‌بن.

 دێمبلی له‌ مانگی نۆڤێمبه‌ری ساڵی رابردوو له‌ یاریی یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بۆرووسیا دۆرتمۆند له‌ چامپیۆنزلیگ تووشی پێكان بوو به‌هۆیه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو مانگ و پازده‌ رۆژ دووركه‌وته‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌، دوای چه‌ند رۆژێك دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ راهێنانه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان ده‌ركه‌وت كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوه‌تی چاك نه‌بووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی ئازاری ماسولكه‌كانی راهێنانه‌كانی بارسێلۆنا جێهێشته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ پێكانه‌كه‌ی سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌.

عوسمان دێمبلی له‌ هاوینی 2017 له‌ یانه‌ی دۆرتمۆنده‌وه‌ به‌ به‌های 125 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ بارسێلۆنا، له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ كۆی 74 یاری 19 گۆڵ و 17 ئاسیستی كردووه‌.

 

یانه‌ گه‌وره‌كان ئه‌ورووپا له‌سه‌ر یاریزانێك یۆرگن كڵۆپیان بێزار كردووه‌

یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌دا چه‌ندان ئۆفه‌ریان بۆ گواستنه‌وه‌ی رۆبێرتۆ فێرمینیۆی هێرشبه‌ری به‌رازیلی پێگه‌یشتووه‌ و سه‌رجه‌میان له‌ لایه‌ن یۆرگن كڵۆپ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌كه‌ی بایرن میونشن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ یۆرگن كڵۆپی بێزار كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا، یانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپا هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ هاوینی داهاتوو به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت رۆبێرتۆ فێرمینۆی به‌رازیلی بگوازنه‌وه‌ ریزه‌كانیان و بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیش ده‌چێته‌ نێو ركابه‌رییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌.

رۆژنامه‌كانی ده‌یلی مه‌یل و سه‌نی به‌ریتانی بڵاویان كردۆته‌وه‌ هانز فلیك راهێنه‌ری بایرن سه‌رسامه‌ به‌ ئاستی ئه‌م یاریزانه‌ و داوا له‌ یانه‌كه‌ی ده‌كات بۆ وه‌رزی داهاتوو بیگوازنه‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ یانه‌ باڤاریه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ 75 ملیۆن پاوه‌ند بۆ گواستنه‌وه‌ی هێرشبه‌ره‌كه‌ی لیڤه‌رپوول خه‌رج بكات، كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ له‌ ساڵی 2018 گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول نوێكرده‌وه‌.

رۆبێرتۆ فێرمینیۆی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له‌ یانه‌ی فلۆمێنزی به‌رازیلی پێگه‌یشتووه‌، له‌ 2011 به‌ به‌های چوار ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یانه‌ی هۆفینهایمی ئه‌ڵمانیا، ئه‌م یانه‌یه‌ دوای چوار ساڵ به‌ 41 ملیۆن یۆرۆ به‌ لیڤه‌رپوولی فرۆشت، له‌گه‌ڵ یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ له‌ كۆی 228 یاری، 76 گۆڵ و 59 ئاسیستی كردووه‌.

 

یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان دواخرا

بەهۆی خراپی کەشوهەوای ناوچه‌كانی كوردستان، بڕیاردرا سەرجەم یارییەکانی ئەم هەفتەیەی خولی نایابی تۆپی پێی کوردستان دوابخرێن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان ئێواره‌ی دوێنێ لە بەیاننامەیەکیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌، یارییەکانی گەڕی پازدەمی خولی نایابی کوردستان کە وابڕیاربوو رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەڕێوەبچن، بەهۆی ئەو شەپۆڵە سەرما و سۆڵەی رووی لە شارەکانی کوردستان کردووە، بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێن.

تاکو ئێستا لەم وەرزە ١٤ یاریی لە خولی نایابی کوردستان بەڕێوەچوونە و نەورۆز بە کۆکردنەوەی ٢٢ خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا پێشبینی دەکرێت تاکو کۆتایی ئەم هەفتەیە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەفر ببارێت و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیز داببه‌زێت.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 شوبات 2020 09:05
© 2017 Hawler