نیسان 03, 2020

وریا غه‌فووری نهێنی دوورخرانه‌وه‌ی له‌ مۆندیاله‌كانی به‌رازیل و رووسیا ئاشكرا ده‌كات

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

ئەستێرە و کاپتنە کوردەکەی یانەی ئیسقلال تارانی ئێرانی (وریا غەفوری) لە دیمانەیەکی تایبه‌تی ڕۆژنامەی هەولێردا، باس لە دورخستنەوەی لە هەردوو مۆندیالی ٢٠١٤ـی بەڕازیل و ٢٠١٨ـی ڕوسیا دەکات، وریا کە زیاتر لە ٣٠ یاری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی ئێران ئەنجامداوە، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی کردنی بۆ هەولێر راگەیاند و باسی ئەزموون و ژیانی وەرزشی خۆیشی لە خولی یانەکانی ئێران کرد، نهێنی بوون بە کاپتنی یانە ئێرانیەکەشی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر درکاند.

چۆن باسی هەولێر دەکات
لەدەسپێکی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر (وریا غەفوری) باسی شاری هەولێری کرد و خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی بۆ پایتەختی کوردستان نیشاندا، هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە بەرلەوەی گەشتی هەولێر بکات هیچ زانیارییەکی لەسەر هەولێر و یانەی هەولێر نەبووە، کە چوار جار بۆتە پاڵەوانی خولی نایابی عێڕاقی و دوو جاریش پلەی دووەمی جامی یەکیەتی ئاسیای بەدەستهێناوە، گوتیشی: ئەگەر بارودۆخ بگونجێت جاری تریش لە نزیکەوە سەردانی هەولێر دەکات، ته‌نانه‌ت حه‌ز ده‌كه‌م له‌ داهاتوو ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی كار هه‌بێت له‌ باشووری كوردستان بژیم.

پەیوەندی لەگەڵ یاریزانە کوردەکان چۆنە؟
غەفوری ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە و لە تەمەنێکی بچووکەوە لە خولی یانەکانی ئێران یاری دەکات، کە بە یەکێک لە خولە بەهێزەکان لەسەر ئاستی ئاسیا دەناسرێت، لە بەرسڤێکی ڕۆژنامەی هەولێردا دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ یاریزانە کوردەکانی تر کە هەر لە خولی ئێرانی یاری دەکەن، گوتی: پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ هەموویان هەیە و لە نزیکەوە ئاگامان لە یەکتر هەیە، زەکەریا ڕەحمانی یاریزانێکی تر کە هەر لەگەڵ من لە یانەی ئیستقلال یاری دەکات و بەردەوام گفتوگۆ دەکەین، لە ئێران لە شارە کوردییەکان یاریزانی زۆر باش هەن یانەکانی خولی ئێرانی لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەن.

بە کام خول سەرسامە و هاندەری کام یانەیە؟
لەبەشێکی دیکەی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێر کوڕە کوردەکەی شاری سنە سەرسامی خۆی بە خولی پریمەرلیگی ئینگلیزی نیشاندا و باسی لەوەکرد، کە ئەو زۆر چێژ لەو خولە دەبینێت و هەردەم سەیری یارییەکان دەکات و هاندەرێکی سەرسەختی یانەی مانچستەر یونایتدە، گوتشی: زۆر تامەزرۆم لە نزیکەوە سەردانی بەریتانیا بکەم و لە یەکێک لە یارییەکانی مان یونایتد ئامادە بم ئەوەیشی نەشاردەوە کە حەز دەکات لە دەرەوەی ئێران یاری بکات و ئەگەر گرێبەستێکی باشت بۆ بێت ئەوا بێ دوو دڵی واژووی لەسەر دەکات.

چۆن وەک کاپتنی یانەی ئیسقلال دەستنیشانکراوە؟
دەربارەی بوون بە کاپتنی یانەی ئیستقلال ئەو ئەستێرە کوردە گوتی: خەونی یاریکردنم هەر لە منداڵیەوە یاریکردن بوو بۆ یانەی ئیستقلال لەو پێناوەیشدا ساڵانێکی زۆر هەوڵ و ماندوو بونی زۆرمدا، تاکو بتوانم بە نیشاندانی ئاستێکی بەرز سەرنجی بەرپرسانی ئەو یانەیە ڕابکێشم و گرێبەست لەگەڵ ئەو یانەیە واژوو بکەم، لەساڵی ٢٠١٦ وە لە یانەی ئیستقلال یاری دەکەم، دوای ئەو هەموو ئەزموونی یاری کردنەم و ئاست بەرزیم لەو یانەیە و زۆر یاریکردنم یانەکە بڕیاریاندا وەکو کاپتنی یەکەم دەستنیشانم بکەن کە ئەمە بۆ من شانازییە کە وەک یاریزانێکی کورد کاپتنی گەورەترین یانەی ئێران بم.

لە کاروانی وەرزشی یاری بۆ چەند یانە کردووە؟
وریا غەفوری هەر لەگەڵ وەرگرتنی لە ئەکادیمیای یانەی پاس تارانی کاروانی وەرزشی لە یانەکان و لەسەر ئاستی خولی نایابی ئێرانی دەست پێکرد، بە گوتەی خۆیش تاکو ئێستا ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە بەبێ دابڕان لەو خولە یاری دەکات، لەو ماوەیەیشدا یاری بۆ یانەکانی پاس هەمەدان و تەبریز و سەبەهان ئەسفەهان و نەوت تاران و ماوەی چوارسالێشە یاری بۆ یانەی ئیستقلال دەکات.

هۆکاری دورخستنەوەی لە مۆندیال ئاشکرا دەکات
بەرگریکارە پۆڵاینە کوردەکە لە ماوەی یاریکردنیدا بەهۆی بەرزی ئاستی یاریکردنیەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئێران کراوە و زیاتر لە ٣٠ یاری نێودەوڵەتیشی لەو هەڵبژاردەیە ئەنجامداوە، بەڵام ئەوەی کە ئەو ئەستێرە کوردەی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە بە گوتەی خۆی بەهۆی ئەوەی کە کوردە لە هەردوو مۆندیالی ٢٠١٤ لە وڵاتی بەڕازیل و ٢٠١٨ لە ڕوسیا لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئێران دورخراوەتەوە.

© 2017 Hawler