ئەیلول 25, 2020

وەزارەتی كشتوكاڵ دارە بەرهەمدارەكان بە جووتیاران دەدات

حوسێن حەمە كەریم، بەرێوەبەری گشتی باخداری و پاوەن كە لە هەمان كاتیش وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵە بە رۆژنامەی ( هەولێر) ی راگەیاند "بە گوێرەی ئامارەكان، بەرهەمی میوە لە كوردستان پێداویستی 30% بازاڕی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە".

لە ئێستاشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی پەرە بە بەرهەمی ناوخۆی بدات و ئاستی هاوردە كەم بكاتەوە بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی كشتوكاڵ داری سەرجەم میوەكان كە بەداری بەرهەمدار ناسراوە بە نرخی پاڵ پشتی زیاتر لە 50% دەدات بە جووتیاران.
لەم بارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەلێت: ئامانجمان لەم كارە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕە بە بەرهەمی ناوخۆیی،وە پرۆسەی دابەشكردنی دارەكانیش بەردەوامی دەبێت تا كۆتایی مانگی شوبات كە نرخی بەشێك لە دارەكان بە بەهای زیاتر لە 50% نرخەكەی حكوومەت دەیدات بە نرخی پال پشت و بەشێكیش جووتیاران دەیدەن،ئاماژەی بەوەشدا: راستیەك هەیە ئەوەیە كە هەرەیەكە لە بەرهەمەكانی ترێ و خۆخ و هەنار سێو و چەند بەرهەمێكی دیكە لە كاتی پێگەیشتنیان لە پێداویستی بازاڕ زیاترە. بۆیە ئێستا ئێمە بیرمان لەوە كردۆتەوە كە بەرهەم لە هەموو كاتێك بە گوێرەی پێویست بێتە ناو بازاڕەوە بۆ ئەوەی جووتیارانیش زیان مەند نەبن و سوود لە بەرهەمی ناوخۆیش وەربگیرێت لە بڕی بەرهەمی هاوردە.
حوسێن حەمە كەریم دەشلێت: بۆ ئەوەی بەرهەمی میوە لە كاتی پێگەیشتنی تێك نەچێت و لە كاتی پێویست بە كاربهێنریت لە ئێستادا بیر لە دروستكردنی گەنجینەی ساردكەرەوە تایبەت بە بەرهەمی ناوخۆی كراوەتەوە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رێكەوتووین كە نرخی هەركیلۆ واتێك تەنها بە 30 دینار بێت تەنها بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە جووتیاران سوودمەندی یەكەم بن و قازانجی زیاتر لە بەرهەمەكانیان بكەن لە كاتی پێگەیشتن

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 30 کانونی دووەم 2020 06:49
© 2017 Hawler