نیسان 03, 2020

ململانێی بوون بە پاڵەوان و شەڕی دابەزین و مانەوە لە خولەکە گه‌یشتۆته‌ لوتکە

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

 

سبەی کۆتایی بە خولی لاوانی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ دێت، بە ئەنجامدانی شەش یاری پەردە لەسەر خولەکە دادەدرێتەوە، تا ئێستە لاوانی زێرەڤانی لە پلەی یەکەم و لاوانی پێشمەرگەی هەولێر لە خانەی دووەم دێن، ڕکەبەری بوون بە پاڵەوانی خولەکەیش تەنیا لە نێوان ئەم دوو یانەیەدا ماوە، بۆ مانەوە لە خولەکیش یانەکانی ئاڵا و هەندرێن لە ڕکەبەری بەردەوامن.

شرۆڤەی یارییەکان و بارودۆخی یانەکان
یارییەکانی کۆتا گەڕی خولی لاوانی نایابی کوردستان سەرجەمیان لە کاتژمێر ٢:٣٠ ئەنجام دەدرێن.
لە یاری یەکەمدا لاوانی زێرەڤانی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی شێروانە دەکات، زێرەڤانی بەبردنەوەی لە یارییەکە، بێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکانی تر، بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، شێروانەیش کە بە ١٠ خاڵ خانەی نۆیەمی گرتووە و مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە، یارییەکە تەنیا تەواوکەری خولەکەیە بۆ یانە گەرمیانیەکە.
لەشاری هەولێریش دوو یاری گرنگ ئەنجام دەدرێن، لاوانی پێشمەرگەی هەولێر لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی لاوانی ئاڵا، یارییەکە لوتکەی یارییەکانی ئەم گەڕەیە، پێشمەرگەی هەولێر بەبردنەوە لەو یارییەدا، یەکێک لە پلەکانی یەکەم یان دووەم مسۆگەر دەکات، لە ئەگەری بەرامبەر بوون یان دۆڕانی زێرەڤانی و بردنەوەی پێشمەرگەی هەولێر، لاوانی پێشمەرگە دەبێتە پاڵەوان، یارییەکە هاوشێوەی پێشمەرگە، بۆ ئاڵایش گرنگی زۆری هەیە، چونکە ئاڵا نزیکە لە دابەزین بۆ خولی لاوانی پلە یەک، بۆیە بردنەوەی ئاڵا و دۆڕان یان بەرامبەر بوونی، لاوانی هەندرێن، ئاڵا لە خولەکە دەهێڵێتەوە.
لاوانی هەندرێنیش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی هەولێر دەکات، یارییەکە بۆ هەندرێن شەڕی مان و نەمانە، بە بردنەوەیان لە یارییەکە هەندرێن بەفەرمی دەمێنێتەوە، لاوانی هەولێریش بە ١١ خاڵ لە خانەی شەشەم دێت و مانەوەی لە خولەکەدا مسۆگەر کردووە.
لە شاری سلێمانیش یاری لاوانی یانەکانی نەورۆز و پێشمەرگەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، یارییەکە بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی دووەم و سێیەمی خولەکەیە، نەورۆز ٢٠ خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت، بەبردنەوەی لەو یارییەدا و لە ئەگەری یەکسان بوون یان دۆڕاندنی پێشمەرگەی هەولێر، نەورۆز پلەی دووەم بەدەست دەهێنێت، بردنەوەی پێشمەرگەی هەولێر و نەوەرزۆیش، نەورۆز پلەی سێیەم مسۆگەر دەکات، لاوانی پێشمەرگەی سلێمانیش کە بە ١٩ خاڵ لە خانەی پێنجەمە، گەرەکیەتی بەبردنەوە لە نەورۆز، بەبەدەستهێنانی پلەی سێیەم کۆتایی بە خولەکە بهێنێت.
لە یارییەکی تردا لاوانی کۆیە، میوانداری لاوانی سیروانی نوێ دەکات، یارییەکە دەبوو لە یاریگەی سیروانی نوێ بێت، بەڵام بەهۆی سزادانی ئەو یانەیە، یارییەکە گوسترایەوە کۆیە، سیروانی نوێ ١٩ خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، بردنەوەی لەو یارییەدا و بەسوود وەرگرتن لە ئەنجامی یارییەکانی تر تەنیا دەیکاتە خاوەنی پلەی سێیەم، لاوانی کۆیەیش ١٠ خاڵی هەیە و مانەوەی لە خولەکە مسۆگەر کردووە.
یاری نێوان لاوانی سیروانی شارەزوور و زاخۆیش بەهۆی سزادانی لاوانی زاخۆ ئەنجام نادرێت و ٣-٠ بۆ سیروانی شارەزوور هەژمار دەکرێت.
خولی لاوانی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٢ یانە و بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت و هەر یانەیەک، یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەروەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، ئەو یانەیەی زۆرترین خاڵ کۆدەکاتەوە دەبێتە پاڵەوان، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش بۆ خولی لاوانی پلە یەک دادەبەزن، دوای بڕیاردانی دابەزینی لاوانی زاخۆ، بەهۆی شەڕوئاأەوەکان، تەنیا یەک یانەی تر لە خولەکە دادەبەزێت.
خشتەی یارییەکانی گەڕی کۆتایی بەم شێویە دەبێت:
کۆیە - سیروانی نوێ
نەورۆز- پێشمەرگەی سلێمانی
زێرەڤانی - شێروانە
ئاڵا - پێشمەرگەی هەولێر
هەندرێن - هەولێر
سیروانی شارەزوور- زاخۆ (٣-٠) بەبڕیار
ڕیزبەندی یانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەیە:
١- زێرەڤانی ١٠ یاری ٢٣خاڵ
٢- پێشمەرگەی هەولێر ١٠ یاری ٢٢ خاڵ
٣-نەورۆز ١٠ یاری ٢٠ خاڵ
٤- سیروانی نوێ ١٠ یاری ١٩ خاڵ
٥- پێشمەرگەی سلێمانی١٠ یاری١٩ خاڵ
٦- هەولێر ١٠ یاری ١١خاڵ
٧- سیروانی شارەزوور ١٠ یاری ١٠ خاڵ
٨- کۆیە ١٠ یاری ١٠ خاڵ
٩- شێروانە ١٠ یاری ١٠ خاڵ
١٠- هەندرێن ١٠ یاری ٦ خاڵ
١١- ئاڵا ١٠ یاری ٥ خاڵ
١٢- زاخۆ ١٠یاری ١٦ خاڵ (دابەزیوە بە بڕیار)

© 2017 Hawler