شوبات 22, 2020

ڕکەبەریی بوون بە پاڵەوانی خولەکە و شەڕی مانەوە گەیشتووەتە لوتکە

لە یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی لاوانی نایابی کوردستان، سبەی شەش یاری بە ڕێوە دەچن، ڕکەبەرییەکانی خولەکە لە کۆتایی نزیک دەبنەوە، دوای دابەزاندنی لاوانی زاخۆ، لاوانی زێرەڤانی لە هەموو یانەکانی تر نزیکترە بۆ ئەوەی ببێت بە پاڵەوان، لەم گەڕەدا زێرەڤانی لەگەڵ لاوانی زاخۆ یاری هەیە، بەڵام بە ئەنجامی سێ بە هیچ بۆ زێرەڤانی هەژمار دەکرێت، لاوانی یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی و نەورۆز، ژمارەی خاڵەکانیان لەیەکەوە نزیکن و هەوڵی پلەکانی یەکەم و دووەم دەدەن.

یارییەکان گرنگ و چارەنوسسازن
سبەی گەڕێکی تری خولی لاوانی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە یاریگە جیاجیاکان ٧ یاری بەڕێوە دەچن و سەرجەم یارییەکان لە کاتژمێر ٢:٣٠ ئەنجام دەدرێن.
لە گەرمیان لاوانی شێروانە میوانداری لاوانی سیروان نوێ دەکات، هەردوو یانە بە دوو ئامانجی جیاواز یاری دەکەن، سیروانی نوێ کە ١٩ خاڵی هەیە و ١ خاڵ لە پلەی یەکەم دوورە، هەوڵدەدات سێ خاڵی ئەو یارییە بەدەست بهێنێت و لە ڕکەبەری ناسناوەکە دوورنەکەوێتەوە، لاوانی شێروانەیش کە ٧ خاڵی هەیە و مەترسی دابەزینی لەسەرە، هەوڵدەدای لەبەر دەم هاندەرانی ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت و خۆی لە دابەزین ڕزگار بکات.
لە یارییەکی تردا لەشاری سلێمانی لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی میوانداری لاوانی ئاڵا دەکات، پێشمەرگە ١٨ خاڵی هەیە و لەنێو ململانێی بەدەستهێنانی ناسناوەکەدایە، لاوانی ئاڵایش کە بە ٤ خاڵ لەسەر لێواری دابەزینە، شەڕی مان و نەمان لەو یارییەدا دەکات.
لە هەولێریش دوو یاری تر ئەنجام دەدرێن، لاوانی پێشمەرگەی هەولێر کە بە ١٩ خاڵ لە پلەی دووەم دێت، میوانداری لاوانی سیروانی شارەزوور دەکات، کە لە ناوەڕاستی ڕیزبەندی یانەکانە، پێشمەرگەی هەولێر لە ئەگەری بردنەوەی لەو یاریەدا چاوەڕێی گەڕی کۆتای خولەکە دەکات و هیوان بوون بە پاڵەوانی دەمێنێت.
لاوانی یانەی هەولێریش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی نەورۆز دەکات، هەولێر ١١ خاڵی هەیە و لەپلەی حەوتم دێت، نەورۆزیش بە ١٧ خاڵ لە خانەی پێنجەمە، یارییەکە بۆ نەورۆز زیاتر گرنگە و گەرەکیەتی بەبردنەوەی لە هەولێر تا دواین گەڕ لە ڕکەبەری یانەکانی تر بەردەوام بێت.
لە دواین یاریشدا لاوانی کۆیە میوانداری لاوانی هەندرێن دەکات، کۆیە بە ١٠ خاڵ لە پلەی نۆیەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت و مانەوەی مسۆگەر کردووە، لاوانی هەندرێنیش کە تەنیا ٣ خاڵی هەیە و لە پلەی کۆتایی دێت، جگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێکی تر دادی نادات، لاوانی هەندرێن بۆ مانەوەی لە خولەکە پێویستە لە هەردوو یارییەی کە ماویەتی بردنەوە تۆمار بکات، بەمەرجێک لاوانی ئاڵا توشی دۆڕان بێت، یاری لاوانی یانەکانی زاخۆ و زێرەڤانیش بەهۆی دابەزاندنی لاوانی زاخۆ ئەنجام نادرێت و زێرەڤانی بەبراوە دادەندرێت.
خولی لاوانی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٢ یانە و بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت و هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەروەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، ئەو یانەیەی زۆرترین خاڵ کۆدەکاتەوە دەبێتە پاڵەوان، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش بۆ خولی لاوانی پلە یەک دادەبەزن.

خشتەی یارییەکانی گەڕی دەیەم بەم شێویە دەبێت:
کۆیە - هەندرێن
هەولێر - نەورۆز
شێروانە - سیروانی نوێ
پێشمەرگەی سلێمانی - ئاڵا
زاخۆ - زێرەڤانی (ئەنجام نادرێت)
پێشمەرگەی هەولێر- سیروانی شارەزوور

ڕیزبەندی یانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەیە:
١- زێرەڤانی ٩ یاری ٢٠خاڵ
٢- پێشمەرگەی هەولێر ٩ یاری ١٩ خاڵ
٣-سیروانی نوێ ٩ یاری ١٩ خاڵ
٤- پێشمەرگەی سلێمانی ٩ یاری ١٨ خاڵ
٥- نەورۆز ٩ یاری١٧ خاڵ
٦- زاخۆ ٩ یاری١٦خاڵ
٧- هەولێر ٩ یاری ١١ خاڵ
٨- سیروانی شارەزوور ٩ یاری ١١ خاڵ
٩- کۆیە ٩ یاری ١٠ خاڵ
١٠- شێروانە ٩ یاری ٧ خاڵ
١١- ئاڵا ٩ یاری ٤ خاڵ
١٢- هەندرێن ٩ یاری ٣ خاڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler