شوبات 22, 2020

چەمچەماڵی پێشەنگی ڕیزبەندیی یانەکان دەبێتە میوانی ئاکرێ، ڕزگاری و خانەقینیش لە دێربیی گەرمیان بەیەک دەگەن

ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، یانەی چەمچەماڵی پێشەنگی یانەکان ڕوو دەکاتە دەڤەری بادینان و دەبێتە میوانی یانەی ئاکرێ، یانەی کۆیەی خاوەنی پلەی دووەمیش لە شارەزوور یاری لەگەڵ یانەی سەیدسادق دەکات، لە دێربیی گەرمیانیش یانەی ڕزگاری لەسەر یاریگەی خۆی ڕووبەڕوی یانەی خانەقین دەبێتەوە.

شرۆڤەی یارییەکانی ئەمڕۆ
ئەمڕۆ لەگەڕی هەشتەمی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان شەش یاری بەڕێوەدەچن، سەرجەم یارییەکان لە کاتژمێر ٢:٣٠ ئەنجامدەدرێن.
لە یاری یەکەمدا یانەی چەمچەماڵی پێشەنگی یانەکان، لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئاکرێ، چەمچەماڵ کە لە ٦ یاریدا پێنج سەرکەوتنی تۆمار کردووە و بە١٥ خاڵ خانەی یەکەمی گرتووە، بە گڕوتینێکی زۆرەوە ئەم یارییە ئەنجام دەدات و مەبەستیەتی پارێزگاری لە سەرووی ڕیزبەندی یانەکان بکات، یانەی ئاکرێیش بە ٨ خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت، یاریگەی ئاکرێ هەردەم بۆ یانەی ئاکرێ خێروبەرەکەت بووە و ئەو یانەیە لە یاریگەی خۆی بە ئاستێکی بەرزدەردەکەوێت، ئاکرێ هەموو هەوڵێک دەدات ئەم یارییە بباتەوە و بگەڕێتەوە ڕکەبەری یانەکانی تر.
لەلایەکی تر یانەی کۆیە کە لە خانەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت، لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی سەیدسادق، کۆیە لەبەردەم هاندەرە زۆرەکانی سەیدسادق چاوی لە سێ خاڵی یارییەکەیە، بۆ ئەوەی لە رکەبەری گەیشتن بە نایابی کوردستان دوور نەکەوێتەوە، یانەی سەیدسادقیش لەم وەرزە ئاستی وەک پێویست نیە و لە پلەکانی کۆتایی دەبیندرێت، بۆیە هەوڵی ئەوان بۆ مانەوە و ڕزگار بوونە لە دابەزین.
یانەی ئاسۆی نوێنەرەکەی پایتەختی کوردستانیش کە لە حەوت یاری ڕابردوودا ٩خاڵی هەیە و لە پلەی شەشەم دێت، ئەم گەڕە میوانداری یانەی هەڵۆ دەکات، ئاسۆ گەڕی ڕابردوو لە دوا خولەکەکان گۆڵی یەکسان بوونی تۆمارکرد و خاڵێکی لە یانەی خاک وەرگرت، یانەی هەڵۆیش کە بە ١٠ خاڵ پلەی دووەمی گرتووە لەگەڕی ڕابردوو لە دواین خولەک گۆڵی لەشەقڵاوە کرد و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، بۆیە یارییەکە گرنگی زۆری هەیە و هەردوولا بە ئامانجی بردنەوە یاری دەکەن.
لە یارییەکی تردا یانەی شەقڵاوە میوانداری یانەی ئاڵتون کۆپری دەکات، شەقڵاوە ٦ خاڵی هەیە و لە خانەی یازدەیەم دێتم ئاڵتون کۆپریش بە ٣ خاڵ خانەی کۆتایی گرتووە، یارییەکە جەنگی ڕزگار بوون و دورکەوتنەیە لە دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان.
لەدەڤەری گەرمیانیش یانەی ڕزگاری لە دێربی گەرمیاندا میواندای یانەی خانەقین دەکات، جیاوازی نێوانیان دوو خاڵە، بەڵام ڕزگاری لە خانەی چوارەمە و خانەقینیش لە پلەی نۆیەم دێت، بردنەوە و سێ خاڵ لەو یارییەدا، بۆ هەر کامێکیان لە ڕیزبەندی یانەکان هەنگاوێکی باش لە خانەکانی پێشەوە نزیکی دەکاتەوە.
لەدواین یاری ئەم گەڕەدا یانەی هەڵەبجەی شەهید لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی خاک دەکات، هەڵەبجە لە دوو گەڕی ڕابردوودا بردنەوەی تۆمار کردووە و بە ١٠ خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت و یاریزانانی بە وریەکی بەرز دەردەکەون، یانەی خاکیش دوای یەکسان بوونی لەگەڵ ئاسۆ بە ٨ خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت، خاک دوای گەڕانەوەی عەلی حوسێنی گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی خولەکە بۆ پێکهاتەی یانەکە چاوەڕی ئاستێکی بەرزتری لێدەکڕیت.
خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٣ یانە بەڕێوەدەچێت، یارییەکانیش بە شوازی خول و بە یەک قۆناغ ئەنجام دەدرێن، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی خولەکە سەردەکەون بۆ ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، سەرەتا خولەکە ١٦ یانە بوو، بەڵام دوای کشانەوەی یانەکانی کەرکووک و گازی باکور و سۆلاڤ، ١٣ یانە مانەوە، بۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەو یانەیەی کەمترین خاڵ کۆ بکاتەوە و لە پلەی کۆتای دێت، دادەبەزێت بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکانی کوردستان.

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ
ئاکرێ - چەمچەماڵ  یاریگەی ئاکرێ
ڕزگاری - خانەقین یاریگەی ڕزگاری
هەڵەبجەی شەهید - خاک  یاریگەی هەڵەبجەی شەهید
سەیدسادق - کۆیە  یاریگەی سەیدسادق
ئاسۆ - هەڵۆ  یاریگەی ئاسۆ
شەقڵاوە - ئاڵتون کۆپری یاریگەی شەقڵاوە
یانەی ئاشتی چاوەڕوانە

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێوەیەیە:
١- چەمچەماڵ ٦ یاری ١٥ خاڵ
٢- کۆیە ٦ یاری ١٣ خاڵ
٣- هەڵۆ ٦ یاری ١٠ خاڵ
٤-ڕزگاری ٧ یاری ١٠ خاڵ
٥- هەڵەبجەی شەهید ٧ یاری ١٠ خاڵ
٦- ئاسۆ ٧ یاری ٩ خاڵ
٧- ئاکرێ ٦یاری ٨ خاڵ
٨- خاک ٦ یاری ٨ خاڵ
٩- خانەقین ٧ یاری ٨ خاڵ
١٠- ئاشتی ٧ یاری ٧ خاڵ
١١- شەقڵاوە ٧ یاری ٦ خاڵ
١٢- سەیدسادق ٦ یاری ٥ خاڵ
١٣- ئاڵتون کۆپری ٦ یاری٣ خاڵ

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە تا ئێستە بەم شێوەیەیە:
١- عومەر مەحەمەد لە یانەی چەمچەماڵ ٤ گۆڵ
٢- عەبدوڵڵا کەیفی لە یانەی کۆیە ٤ گۆڵ
٣- فەرمان شەریف لە یانەی ئاسۆ ٣ گۆڵ
٤- سوفیان ڕافع لە یانەی ئاسۆ ٣ گۆڵ
٥ شادومان سەباح لە یانەی هەڵەبجەی شەهید ٣ گۆڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler