شوبات 22, 2020

ریاڵ مەدرید، راینێر خیسۆسی تا 2026 مسۆگەر كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ریاڵ مەدرید، راینێری تا 2026 مسۆگەر كرد
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، لە رێی وێبسایتی فەرمییەوە، ئەوەی ڕاگەیاند، كە بۆندی لەگەڵ راینێر خیسۆسی یاریزانی یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی واژۆ كردووە، كە بۆندەكەی لە 2026ـدا كۆتایی پێ دێت.
لە روونكردنەوەی یانەی ریاڵ مەدریددا، ئەوە ئاشكرا كراوە، كە یانەكە لەگەڵ یانەی فلامینگۆدا گەییشتووەتە ڕێككەوتن بۆ گواستنەوەی راینێر خیسۆسی یاریزانی بەڕازیلی و بە پێی ڕێككەوتنەكە، بۆندەكە تا 30ـی یۆنیۆی 2026ـە.
هەروەك سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەی، كە دوای تەواوبوونی بەشدارییەكەی لە یارییەكانی ئۆلیمپی بۆ ژێر تەمەن 23 ساڵان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی، ئەو یاریزانە پێوەندیی بە تیمی دووەمی یانەی ریاڵ مەدریدەوە دەكات، كە لەوانەیە 10 یان 11ـی مانگی فێبرایەر بێت.
پێشتریش هەریەك لە یاریزانان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدڕیگۆ گۆس لە تیمی كاستیای ریاڵ مەدریدەوە دەستیان پێ كرد، دواتر بەرەبەرە پێوەندییان بە ریزی یەكەمی یانەكەوە كرد، ریاڵ دەیەوێ قۆناغبەندیی گونجاندنی ئەو یاریزانەیش بەو شێوەیە دەست پێ بكات. ریاڵ مەدرید، وردەكاریی بۆندی ئەو یاریزانەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام مێدیاكانی ئیسپانیا، ئەوەیان خستووەتە ڕوو، كە بۆندەكە بە 30 ملیۆن یۆرۆ گەییشتووەتە بنبەست، كە 24ـیان بۆ یانە بەڕازیلییەكەیە، بڕەكەی تریش لە نێوان یاریزانەكە و ماڵباتەكەی و بریكارەكەیدا دابەش دەكرێت.
راینێر، بە یەكێك لە دیارترین بەهرەوەرە بەڕازیلییەكان دادەنرێت، كەسانێكی زۆر پێیان وایە داهاتوویەكی باشی دەبێت.

بۆ قەرەبووی پێكانەكەی سوارێز، بەرشلۆنە سێ بژاردەی هەیە
یانەی بەرشلۆنە، ڕووبەڕووی كێشەی ڕاستینە دەبێتەوە لە هێڵی هێرشبردن، دوای پێكانی لویس سوارێز، كە پێشبینیی دەكرێت 4 مانگ لە یاریكردن داببڕێت.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە، كە لە نائامادەیی سوارێزدا، دەبێ مێسی ڕۆڵی ئەویش بگێڕێت بۆ تۆمار كردنی گۆڵ، بە تایبەت كە مێسی بەشداریی 26 گۆڵی یانەكەی كردووە، كە 17 گۆڵی تۆمار كردووە و 9 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە، لە كاتێكدا سوارێزی هێرشبەر بەشداریی 25 گۆڵی یانەكەی كردووە، كە 14 گۆڵی تۆمار كردووە و 11ـیشی دروست كردووە.
گفتوگۆی نێوان كیكی سیتین و ئیریك ئەبیدال، لە بارەی یاریزانی ژمارە 9ـوە كراوە. ئەو یاریزانانەی كە بریتن بۆ جێی سوارێز، بریتین لە پرێنس بواتینگ، لاوتارۆ مارتینیزی یاریزانانی فیۆڕێنتینا و ئینتەر میلان، كە بەرشلۆنە دەتوانێ دەستیان بخات. بژاردەی تری یانەی بەرشلۆنە، ئەوەیە كە چاوەڕوان بێ تا كۆتایی وەرز و بەو شێوەیە ڕەوشەكە بەڕێ بكات.
بژاردەی دیكە كە لە بەردەم یانە كاتەلۆنییەكەدایە، دۆزینەوەی یاریزانێكی ئاستباڵایە، كە بە شێوەی خواستن بۆندی لەگەڵدا واژۆ بكات.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler