کانونی دووەم 17, 2021

دێمبلی: پێویسته‌ پاره‌ بده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی هاوشانی مێسی یاری بكه‌یت

عوسمان دێمبلی یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا رایگه‌یاند كه‌ مێسی له‌ نێو یاریگه‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك خۆبه‌خش زۆرترین كۆشش بۆ سه‌رخستن و هاوكاریكردنی یاریزانه‌كانی ده‌دا.
دێمبلی ده‌شڵێت: مێسی بۆ هه‌موو یاریزانه‌كان زانكۆیه‌كی گه‌وره‌ و قوتابخانه‌یه‌كی به‌سووده‌، پێویسته‌ هه‌موو یاریزانێك پاره‌ بدات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاڵ مێسی یاری بكات.
عوسمان دێمبلی گوتیشی:: لیۆنێل مێسی كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌رخۆیه‌، یاریزانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی ئێجگار سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مووان پێده‌كه‌نێت.
دێمبلی: له‌ یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، مێسی منی زیندووكرده‌وه‌ و متمانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌ ئاسیستێك پێ به‌خشیم.
له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی به‌ یانه‌ی بارسێلۆنا دێمبلی ده‌ڵێت: ئۆفه‌ره‌كه‌ی بارسێلۆنا ده‌رفه‌تێكی باش بوو كه نه‌مویست له‌ده‌ستی بده‌م، بۆیه‌ پیداگیریم لێ كرد، هه‌رچه‌نده‌ ساموێل ئۆمتیتی یاریزانی بارسێلۆنا هۆشداری دایه‌ من كه‌ هاتنه‌كه‌م بۆ بارسێلۆنا بۆ ساڵێكی دیكه‌ دوابخه‌م، چونكه‌ پێیوا بوو جارێ گه‌نجم و دۆخه‌كه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ بۆ من له‌ بارسێلۆنا قورس ده‌بێت.
دێمبلی ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین ئۆفه‌ری بارسا له‌گه‌ڵ یانه‌ی دۆرتمۆند كۆبوومه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌مین وشه‌ به‌رپرسانی دۆرتمۆند به‌ "نه‌خێر" وه‌ڵامیان دامه‌وه‌، به‌ڵام دواتر رووداوه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتوو ئێستا من له‌ بارسێلۆنا.
عوسمان دێمبلی ته‌مه‌ن 21 ساڵ، له‌ هاوینی رابردوو له‌ یانه‌ی دۆرتمۆنده‌وه‌ به‌ بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یانه‌ی بارسێلۆنا و له‌ دوای فلیپی كۆتینهۆ دووه‌م گه‌وره‌ترین گرێبه‌سته‌ له‌ مێژووی بارسێلۆنا

 

ئەسعەد ئیسماعیل - هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler