ئەیلول 29, 2020

شرۆڤەی یارییەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکانی خولەکە دەخاتەڕوو

ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی شەش یاری یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچن، لە یاری لوتکەی ئەم گەڕەدا، چەمچەماڵی پێشەنگی یانەکان میوانداری ڕزگاری دەکات، یانەی کۆیەی خاوەنی پلەی دووەمی یانەکانیش لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی ئاکرێ دەکات، لەم گەڕەیشدا یانەی سەیدسادق یاری ناکات و چاوەڕوانە.

شرۆڤەی یارییەکانی ئەمڕۆ
ئەمڕۆ لەگەڕی حەوتەمی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان شەش یاری بەڕێوەدەچن، سەرجەم یارییەکان لە کاتژمێر ٢:٣٠ ئەنجامدەدرێن.
لە یاری لوتکەی ئەم گەڕەدا یانەی چەمچەماڵ لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی ڕزگاری دەکات، چەمچەماڵ کە لە ٥ یاریدا چوار سەرکەوتنی تۆمار کردووە و بە ١٢ خاڵ خانەی یەکەمی گرتووە، گەرەکیەتی لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بێت و خۆی لە گەیشتن بە ڕیزی نایابی کوردستان نزیک بکاتەوە، ڕزگاریش بە ١٠ خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و بەهەمان شێوەی چەمچەماڵ چاوی لە خولی نایابە، هەردوو یانە لەگەڕی ڕابردوودا دووچاری دۆڕان بوون، بۆیە یارییەکە گرنگی زیاتری هەیە و سێ خاڵی یارییەکە ئامانجی هەردوو یانەیە.
لەلایەکی تر یانەی کۆیە کە لە خانەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت، میوانداری یانەی ئاکرێ دەکات، کۆیە ئەم وەرزە بە پشت بەستن بە چەند یاریزانێکی شاری کەرکووک پێکهاتەکەی بەهێز کردووە و ئاستی لە بەرزبوونەوەدایە، یانەی ئاکرێیش ٥ یاری ئەنجامداوە و ٨ خاڵی هەیە، ئاکرێ دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو لە خولی نایابی کوردستان دابەزی، ئەم وەرزە دوای گۆڕینی دەستەی کارگێڕی یانەکە، جارێکی تر چاوی لەوەیە بگاتەوە خولی نایاب.
یانەی ئاسۆی نوێنەرەکەی پایتەختی کوردستانیش کە لە شەش یاری ڕابردوودا ٨ خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەم دێت، ئەم گەڕە ڕوودەکاتە شاری کەرکووک و دەبێتە میوانی یانەی خاك، کە تەنیا ١ خاڵ لە ئاسۆوە دوورە، ئاسۆ لە گەڕی ڕابردوو بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە خانەقینی بردەوە و بە وریەکی بەرزەوە ڕووبەڕوی خاک دەبێتەوە، یانەی خاکش دوای بردنەوەی لە شەقڵاوە مەبەستیەتی بەردەوامی بە بردنەوەکانی بدات و خۆی لە خانەکانی پێشەوە نزیک بکاتەوە.
لە یارییەکی تردا یانەی ئاڵتون کۆپری و ئاشتی بەیەک دەگەن، یارییەکە بەهۆی خراپی یاریگەی ئاڵتون کۆپری لە شاری کەرکووک بەڕێوەدەچێت، ئاڵتون کۆپری بە دۆخێکی خراپدا گوزەردەکات و بە کۆکردنەوەی ٢ خاڵ لە پلەی کۆتایی یانەکان دێت، یانەی ئاشتی نوێنەرەکەی سلێمانیش ٦ خاڵی هەیە و خانەی یازدەیەمی گرتووە، بردنەوە و سێ خاڵی یارییەکە بۆ هەردوولا گرنگیەکی زۆری هەیە.
لەدەڤەری بارزانیش یانەی هەڵۆ میواندای یانەی شەقڵاوە دەکات، ئەگەرچی هەردوو یانە لەڕووی ناوچەی جوگرافیەوە لە یەک نزیکن، بەڵام یانەی هەڵۆ یارییەکی کەمتریش ئەنجامداوە و لە پێش یانەی شەقڵاوەیە، هەڵۆ هەردەم لە یاریگەی خۆی بە ئاستێکی بەرز دەردەکەوێ، نوێنەرەکەی خۆشناوەتیش ئاستی لە بەرزی و نزمیدایە و ئاستی جێگیر نیە، بۆیە پێشبینی دەکرێت یارییەکی بەهێز بێت.
لەدواین یاری ئەم گەڕەدا یانەی هەڵەبجەی شەهید ڕووبەڕی یانەی خانەقین دەبێتەوە، یارییەکە لە یاریگەی خانەقین ئەنجام دەدرێت، هەڵەبجە٧ خاڵی هەیە لە خانەی نۆیەم دێت، خانەقینیش بە ٨ خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە، هەڵەبجەی شەهید لە گەڕی ڕابردوو لە یانەی ڕزگاری بردەوە، خانەقینیش لەگەڵ ئاسۆ دووچاری دۆڕانێکی گەورە بۆوە، هەردوولا لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە پێناو سێ خاڵی یارییەکە دەجەنگن، یانەی سەیدسادق لەم گەڕەدا چاوەڕوان دەبێت و یاری ناکات.
خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٣ یانە بەڕێوەدەچێت، یارییەکانیش بە شوازی خول و بە یەک قۆناغ ئەنجام دەدرێن، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی خولەکە سەردەکەون بۆ ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، سەرەتا خولەکە ١٦ یانە بوو، بەڵام دوای کشانەوەی یانەکانی کەرکووک و گازی باکور و سۆلاڤ، ١٣ یانە مانەوە، بۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەو یانەیەی کەمترین خاڵ کۆ بکاتەوە و لە پلەی کۆتای دێت، دادەبەزێت بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکانی کوردستان.

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ
چەمچەماڵ - ڕزگاری   یاریگەی چەمچەماڵ
کۆیە - ئاکرێ  یاریگەی کۆیە
خانەقین - هەڵەبجەی شەهید  یاریگەی خانەقین
خاک - ئاسۆ  یاریگەی خاک
ئاڵتون کۆپری - ئاشتی  یاریگەی ئاڵتون کۆپری
هەڵۆ - شەقڵاوە  یاریگەی هەڵۆ
یانەی سەیدسادق چاوەڕوانە
ڕیزبەندی یانەکان بەم شێوەیەیە:
١- چەمچەماڵ ٥ یاری ١٠ خاڵ
٢- کۆیە ٥ یاری ١٠ خاڵ
٣- ڕزگاری ٦ یاری ١٠ خاڵ
٤- ئاسۆ ٦ یاری ٨ خاڵ
٥- ئاکرێ ٥ یاری ٨ خاڵ
٦- خانەقین ٦ یاری ٨ خاڵ
٧- هەڵۆ ٥ یاری ٧ خاڵ
٨- خاک ٥ یاری ٧ خاڵ
٩- هەڵەبجەی شەهید ٦ یاری ٧ خاڵ
١٠- شەقڵاوە ٦ یاری ٦ خاڵ
١١- ئاشتی ٦ یاری ٦ خاڵ
١٢- سەیدسادق ٦ یاری ٥ خاڵ
١٣

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler