ئەیلول 29, 2020

10خاڵ له‌ باره‌ی راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا

یانەی بارسێلۆنا ڕایگه‌یاند، كە كۆتایی به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئێرنیستۆ ڤالڤێردێ هێنا و كیكێ ستین بووە شوێنگره‌وه‌ی ئەو ڕاهێنه‌ره‌ و ئێواره‌ی دوێنیش راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا به‌ میدیاكان ناسێندرا.

دوای شكستی بارسێلۆنا به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌تلتیكۆ مه‌درید له‌ یاری پێش كۆتایی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا، ده‌نگۆی ده‌ركردنی ڤالڤێردی هاته‌ئارا و له‌ كۆتاییدا ئه‌م ڕاهێنه‌ره‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌ی بارسێلۆناوە لادرا و زۆر به‌ خێڕایی كیكێ ستین كرا به‌ راهێنه‌ری یانه‌ كه‌ته‌لانییه‌كه‌.


كیكێ ستین كێیه‌؟
كیكێ ستینی ته‌مه‌ن 61 ساڵان تا مانگی شه‌شی ساڵی 2022 راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی بارسێلۆنای پێ سپێردراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ دڵی به‌رپرسانی بارسێلۆنا نه‌بوو ده‌توانن به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك یۆرۆ بده‌ن ده‌توانن گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، به‌مه‌ش كیكی ستین ده‌بێ له‌م وه‌رزه‌دا له‌ سێ جامدا ركەبه‌ری بكات.
بارسێلۆنا له‌ لالیگا به‌ گۆڵی زیاتر له‌ پێش یانه‌ی ریاڵ مه‌دریده‌، له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان ده‌بێت رووبه‌ڕووی یانه‌ی ناپۆلی ببێته‌وه‌ و له‌ جامی شاشا به‌ختی یه‌كه‌می پاڵه‌وانیەتییه‌.
ستین به‌ر له‌وه‌ ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا، راهێنه‌ری یانه‌كانی راسینگ سانتاندر، لوگرونیس و لاس پالماس بوو و، دوایین یانەیشی ریاڵ بێتیس بووه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌یه‌كیش راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی گینیای ئیستیوا بووه‌، به‌ڵام ته‌نیا دوای یارییه‌ك له‌ گینیا‌ جیا بوویه‌وه‌.

10 خاڵ له ‌باره‌ی راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا:
1- كیكێ ستین تۆپی پێی له‌ تۆپی پێی كه‌ناره‌كان ده‌ست پێكرد و خۆی گه‌یانده‌ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كه‌ناره‌كانی ئیسپانیا.
2- كاتێك راهێنه‌ری راسینگ سانتاند بوو، ناسناوی ئێل مایسترۆ (مامۆستا)ـی پێ درا. كاتێك یاری بۆ ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌كرد، یه‌ك له‌ باشترین یاریزانه‌كانی ئه‌م یانه‌یه‌ بوو. ستین بۆ ماوه‌ی 12 وه‌رز بۆ یانه‌ی سانتاندر یاری كرد و ساڵێ 2002-2001 راهێنه‌ری ئه‌م یانه‌یه‌ بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ خۆی گه‌یانده‌ لالیگای ئیسپانیا.
3- ستین دوای ئێنرێكی ئۆریسائۆلا (1961) و لاورئانۆ رۆئیس (1976)، سێیه‌م راهێنه‌ری بارسێلۆنایه‌ كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی كانتابریایه‌.
4- ستین وه‌كوو یاریزان 22 یاری به‌رانبه‌ر به‌ بارسێلۆنا كردووه‌ كه‌ 5 سه‌ركه‌وتن، 5 یه‌كسانبوون و 12 یاریش دۆڕاوه‌ و هه‌روه‌ها دوو گۆڵیشی له‌ بارسێلۆنا تۆمار كردووه‌.
5- وه‌كوو ڕاهێنه‌ر 7 یاری رووبه‌ڕووی بارسێلۆنا بووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌ش یاری دۆڕاوه‌ و ته‌نیا یارییه‌كی بردووه‌ته‌وه‌.
6- ڕاهێنه‌رایه‌تی راسینگ سانتاندر، پولی ئخیدۆ، لوگرونیس، لوگو، لاس پالماس و بتیس و هه‌ڵبژارده‌ی گینه‌ی كردووه‌.
7- جارێك كه‌ سه‌ردانی كامپ نووی كردبوو، سێرخی بۆسكێتس درێسێكی یانه‌ی بارسێلۆنای داوه‌تێ كه‌ لێی نوسرابوو، پێشكه‌ش به‌ كیكێ، به‌ عه‌شق و پێزانین، به‌ هۆی ئه‌و تێڕوانینه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ تۆپی پێ هه‌یه‌تی.
8- ستین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا وه‌كوو باترا، كاتوم، سانابریا، ئه‌رئوخۆ، هالیلۆڤیچ و كوین پرێنس بواتیك بووه‌، هه‌روه‌ها جۆنیۆر فیرپۆی یاریزانی ئێستای بارسێلۆنا له‌ژێر چاودێری ئه‌ودا كاری كردووه‌.
9- راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا لیونێل مێسی به‌ باشترین یاریزانی جیهانی ده‌زانێت و وتوویه‌تی، له‌وێنه‌ی مێسی له‌ جیهان نادۆزیته‌وه‌.
10- راهێنه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ی بارسێلۆنا حه‌زی له‌ یاری شه‌تڕه‌نجه‌ و به‌رانبه‌ر به‌ دوو ئه‌ستێره‌ی پێشووی شه‌تڕه‌نجی جیهان، ئه‌ناتۆلی كارپۆڤ و گا‌ری كاسپارۆڤ یاری كردووه‌.

 

محەمەد شهەدی- هەولێر

© 2017 Hawler