کانونی دووەم 25, 2020

ریاڵ مەدرید بە هۆی ڕامۆسەوە، گورزێكی گەورەی بەركەوت

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ریاڵ مەدرید بە هۆی ڕامۆسەوە، گورزێكی گەورەی بەركەوت
دوای سەركەوتنی بەسەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدرید، هەواڵێكی شۆكهێنەری پێ گەیشت،لە بارەی پێكانی سێرجیۆ ڕامۆسەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە سێرجیۆ ڕامۆسی كاپتنی یانەی ریاڵ مەدرید، ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئەگەری راگرتنی بۆ ماوەی 15 رۆژی لەسەرە، ئەوەیش بە هۆی پێكانی گۆزینگییەوە، كە لە یاریی كۆتایی جامی سوپەردا تووشی بوو.
رۆژنامەكە روونیشی كردووەتەوە، كە سێرجیۆ ڕامۆس، بە پێكانی پچڕانی گۆزینگییەوە یارییەكەی تەواو كردووە، ئەوەیش بە هۆی بەشداری و بەریەككەوتنێكی لەگەڵ ئەلڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولەكی 61ـی یارییەكەدا، هەرچەندە لە لایەن تیمی پزیشكی یانەی ریاڵ مەدریدەوە چارەسەری بۆ كرا و ئازارشكێنی لێ درا، بەو هۆیەوە ڕامۆس توانیی یارییەكە تەواو بكات، كە 120 خولەكی یاسایی خایاند.
ئێستە ناوبراو ئەگەر هەیە بەو هۆیەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ لە یاریكردن داببڕێت، بەو پێیە بێ، لە سێ یاری دادەبڕێت، كە دوو یارییان لە خولی ئیسپانییە بەرانبەر سڤیلیە و ڤەلەدۆلیدە و یارییەكیشی لە گەڕی 16ـی جامی شای ئیسپانیایە.
بۆ بیرهێنانەوە، سێرجیۆ ڕامۆس، ڕۆڵێكی سەرەكی لە ئاست و ئەنجامەكانی یانەی ریاڵ مەدریددا هەیە و بە یەكێك لە بڕبڕە سەرەكییەكانی یانەی شایانە دادەنرێت.

ئینێستا: مامەڵەی بەرشلۆنە لە هەندێ شتدا ناشیرینە
ئەندرێس ئینیێستا، یاریزانی پێشووی یانەی بەرشلۆنە، كە ئێستە یاریزانی یانەی ڤیسیل كۆبی ژاپۆنییە، رەخنەی لە مامەڵەی یانەی بەرشلۆنە لە بارەی ئەگەری گۆڕینی راهێنەری ئێستەی یانەكە، كە ئەویش بە هۆی خراپیی ئەنجامەكانی ئەو یانەیەوەیە.
بەرشلۆنە، بە كردار دەستی بە گەڕان لە دوای جێگرەوەی ئیرنستۆ ڤاڵڤێردیی راهێنەر كردووە، ئەوەیش دوای دەرچوونیان لە جامی سوپەری ئیسپانیا، كە بە ئەنجامی 2-3 گۆڵ بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دۆڕان.
رۆژنامەی ماركا، لێدوانی ئینیێستای بڵاو كردووەتەوە، كە وتوویەتی: مامەڵەكانی بەرشلۆنە لە هەندێ شتدا ناشیرینە، دەبێ ڕێزی راهێنەری ئێستەی یانەكەت بگریت، لە كاتێكدا ڕەوش و دۆخی ڤاڵڤێردی ئێستە زۆر لاوازە."
ئینێستا لە بارەی پێوەندیی لەگەڵ سەرۆكی یانەكە، وتوویەتی: زۆر قسە لەگەڵ بارتۆمیۆ ناكەم، بەڵام پێوەندیم لەگەڵیدا باشە، لەگەڵ ئەوانی دیكەی یانەكەیش.
ناوبراو، وتیشی: هیوام وایە كێشەكانی بەرشلۆنە چارەسەر ببێ، ئەوەی ئێستە لەسەر یاریزانان و راهێنەر و هاندەران دەگوزەرێ، باش نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێستەیش شێوازی یاریكردنی بەرشلۆنە لەگەڵ یانەكانی دیكە جیاوازە.
ئەو گوتانەی ئینێستا، لە كاتێكدایە مێدیاكان باس لەوە دەكەن، بەرشلۆنە نزیكە لەوەی بۆند لەگەڵ چاڤی هێرناندێز، یاریزانی پێشتری یانەكە واژۆ بكات، بۆ دەستبەكاربوونی وەك راهێنەری یانەكە و هەندێ سەرچاوە دەڵێن ڕێككەوتنەكە كۆتایی هاتووە.

ئیسكۆ لە بارەی جووڵانەوەی ڤاڵڤێردی بۆچوونی خۆی دەربڕی
لە یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، لە نێوان هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریاڵ مەدرید، كاتێك ئەلڤارۆ مۆراتا بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید كۆرتوا ڕووبەڕووبووەوە، یاریزان و بەرگریكاری یانەی شایانە ڤیدی ڤاڵڤێردی، ڕێی لە گۆڵێكی پێشبینیكراوی مسۆگەری یانەی ئەتلەتیكۆ گرت و لە هێرشبەرەكەی دا و زیانەكەی ریاڵ مەدرید لە گۆڵێكەوە بۆ كارتێكی سوور گۆڕا.
سایتی بێرنابیۆ، لێدوانی ئیسكۆ ئەلاركۆن، یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی لەو ڕووەوە گواستووەتەوە، كە وتوویەتی: ڤاڵڤێردی زۆر زیرەكە و خۆی كردە قوربانی لە پێناو یانەكەیدا، هەلی گەییشتنی بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان پێ داین، لە كۆتاییش بردمانەوە، ڤاڵڤێردی خۆشەویستیی هاندەرانی بردەوە، ئەو گەنجێكی لاوە و زۆر خاكەڕایە، بە وەرزێكی سەرنجڕاكێشدا تێ دەپەڕیت، هیوام وایە كە لە یارمەتیدانمان تا كۆتایی وەرز بەردەوام بێت.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، ئاماژەی بەوە كرد: بردنەوەی ناسناو بەردەوام پێشهاتێكی باشە، ئێمە دەمانزانی كە كارەكە سەختە، چونكە ئەتلەتیكۆ مەدرید بە باشی یاری دەكات، لێدانی یەكلاكەرەوەیش دەكەوێتە سەر بەخت و بردمانەوە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler