تەمموز 11, 2020

فێرناندێز، لەسەر مەرجەكانی گواستنەوەی بۆ مانچستەر یونایتد ڕازی بوو

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و  ئاشكرانەكراوەكان.
بۆ بەڕاهێنەربوون، بەرشلۆنە لەگەڵ چاڤیدا دەگاتە ڕێكەوتن
راپۆرتی مێدیا قەتەرییەكان، لە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆوە گواستوویەتییەوە، كە بەرشلۆنە لەگەڵ چاڤی هێرناندێزدا، دەگاتە ڕێككەوتن و شوێنی ئیرنستۆ ڤاڵڤێردیی راهێنەری ئێستە دەگرێتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ، بڵاوی كردووەتەوە، كە راهێنەری ئێستەی یانەی سەدی قەتەری، چاڤی هێرناندێز، لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا گەییشتووەتە ڕێككەوتن و بە پێی ئەو ڕێككەوتنە، بۆ ماوەی 2 ساڵ و نیو دەبێتە راهێنەری یانە كاتەلۆنییەكە، كە خۆی یەكێكە لە ئەستێرە هەرە دیارەكانی ڕابردووی یانەكە.
رۆژنامە ئیسپانییەكە، ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە دوای 4 ساڵ و نیو، چاڤی دەگەڕێتەوە بەرشلۆنە، دوای ئەوەی كە پێشتر وەك یاریزان 17 وەرزی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەسەر بردبوو، كە لەگەڵ یانەكەیدا 769 یاریی كردووە و 25 ناسناوی بردووەتەوە، لەو ماوەیدا 86 گۆڵی كردووە و 186 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە، دواتر چووەتە یانەی سەدی قەتەری و 113 یاریی بۆ ئەو یانەیە كردووە و 25 گۆڵی تۆمار كردووە و 28 گۆڵیشی دروست كردووە، چوار ناسناویشی لەگەڵ ئەو یانەیە وەك راهێنەر و یاریزان بردووەتەوە.

فێرناندێز، لەسەر مەرجەكانی گواستنەوەی بۆ مانچستەر یونایتد ڕازی بوو
هەریەك لە یانەكانی مانچستەر یونایتد و برۆنۆ فێرناندێز، یاریزانی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی یاریزانەكە بچێتە یانە ئینگلیزییەكە.
رۆژنامەی دەیڵی ئێكسپرێس، بڵاوی كردووەتەوە، كە هەرچەندە ئەو یاریزانە لە هاوینی رابردوودا ناوی وابەستەی ئەوە كرا كە بچێتە یانەی مانچستەر یونایتد، بەڵام سەری نەگرت و ئەگەری هەیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئەو بۆندە سەربكەوێت

.
نوێنەرانی ئەو یاریزانە سەردانی ئینگلتەرایان كردووە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی پێوەندیداری یانەی مان یوو، رۆژنامەنووس نیكۆلاس شێرایش لە تویتەری خۆیەوە ئەوەی راگەیاندووە، كە فێرناندێز، بە مەرجەكانی یانەی مانچستەر یونایتد رازی بووە، كە بۆندەكەی تا ساڵی 2025 بێ و پاداشتی ساڵانەی بگاتە 6 ملیۆن یۆرۆ، بەم جۆرە ئەو یاریزانە نزیك بووەتەوە لەوەی ریزەكانی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی جێ بهێڵێت و روو بكاتە ئەزموونی خولی ئینگلیزی.
پێشتر راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژەیان بەوە كردووە، كە جۆنار سۆڵشایەر، ئەو یاریسازە پورتوگالییەی بە ئامانج گرتووە و دەیەوێ لە یەنایەردا كۆتایی بەو گرێبەستە بێ، پێشتریش خۆی بۆ بینی یاریی ئەو یاریزانە چووبووە پورتوگال.
بۆ زانین، ئێستە یانەی مانچستەر یونایتد بە 34 خاڵ لە ریزبەندیی پێنجەمی خولی نایابی ئینگلتەرادایە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler