تەمموز 11, 2020

فاتیح حه‌مه‌خان هۆكاری راسته‌قینه‌ی وازهێنانه‌كه‌ی و كێشه‌ و گرفته‌كانی برایه‌تی ده‌ستنیشان ده‌كات

فاتیح حه‌مه‌خان، راهێنه‌ری برایه‌تی دوای كۆتایی هاتنی گه‌ڕی یازده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان و دۆڕانی یانه‌كه‌ی به‌ به‌رامبه‌ر شێروانه‌، ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ كرد، ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌كه‌شی قبووڵكرا، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وه‌ك یه‌كه‌م ده‌زگای میدیای له‌ دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ ئه‌م راهێنه‌ره‌ ئه‌نجام داوه‌، ئه‌و راهێنه‌ره‌ هۆكاری راسته‌قینه‌كه‌ی وازهێنانه‌كه‌ی و كێشه‌ و گرفته‌كانی یانه‌ی برایه‌تی ده‌ستنیشان ده‌كات و ناوی ئه‌و یانانه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوی ئه‌مساڵ ده‌كه‌ن.

هۆكاری راسته‌قینه‌ی ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ت چی بوو‌؟
له‌سه‌ر پرسی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی فاتیح حه‌مه‌خان به‌رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند كه‌ ته‌نیا باری ته‌ندروستی له‌پشت وازهێنانی له‌ راهێنه‌رایه‌تی برایه‌تی بووه‌، ده‌شڵێت: ناتوانم وه‌ك جاران به‌رگه‌ی وه‌ستان و ماندووبوونێكی زۆر بگرم، ده‌مێك بوو ده‌بووا ئه‌و بڕیاره‌ بده‌م، به‌ڵام ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ رێگه‌یان پێنه‌ده‌دام.

ده‌گوترێت شكسته‌كه‌یان به‌رامبه‌ر شێروانه‌ هۆكاری‌ واز هێنانه‌كه‌ت بووه‌؟
فاتیح له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوو به‌رامبه‌ر شێروانه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دابێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێـت: چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێسته‌ داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام ده‌سته‌ی كارگێڕی په‌سه‌ندیان نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌هۆی خراپی دۆخی ته‌ندروستیم و تێگه‌یشتنیان له‌ دۆخه‌كه‌م رازی بوون، ئه‌گه‌رنا هیچ په‌یوه‌ندی به‌ دۆڕانه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌.

كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی برایه‌تی دیاریكرد
ده‌رباره‌ی كێشه‌ و گرفته‌كانی یانه‌ی برایه‌تی، راهێنه‌ری پێشوو باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای خولی نایابی ئه‌مساڵ ئه‌نجامی باشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌بوونی هێرشبه‌رێكی سووپه‌ر وایكرد بكه‌ونه‌ پله‌كانی خواره‌وه‌ی ریزبه‌ندی.
فاتیح حه‌مه‌خان زیاتر ده‌ڵێت: له‌ زۆربه‌ی یارییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی باش كۆنترۆڵی تۆپمان ده‌كرد، به‌ڵام نه‌بوونی گۆڵكارێكی لێهاتوو هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ی بێ به‌رهه‌م كرد، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش برایه‌تی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ وه‌ك ساڵانی پێشووتر باش نییه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌‌ش هه‌ندێجار كیشه‌ت بۆ دروست ده‌كات به‌ تایبه‌ت له‌ هینانی یاریزان و گواستنه‌وه‌یان بۆ تیپه‌كه‌ت.

داهاتووی یانه‌ی برایه‌تی چۆن ده‌بینی؟
فاتیح له‌ سه‌ر داهاتووی سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر پێشبینی ئاینده‌یه‌كی باشی بۆ برایه‌تی كرد، گوتیشی:‌ كۆمه‌ڵێك یاریزانی به‌هرمه‌ند و لاوی تێدایه‌، كه‌ ده‌كرێت له‌ داهاتوو سوودی زۆریان بۆ یانه‌كه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و راهێنه‌ری كه‌ ده‌یهێنن خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆر بێت تاوه‌كو بتوانێ پارێزگاری له‌و یاریزانانه‌ و ئاستی تیپه‌كش بكات.

پێتوایه‌ كام یانه‌ ده‌بێته‌ پاڵه‌وان؟
بۆ دیاریی كردنی پاله‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ فاتیحی راهێنه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ چانسی زۆرێك له‌ یانه‌كان نزیكه‌ تا ببنه‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌، له‌وانه‌ سیروانی نوێ، نه‌ورۆز، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، دهۆك، ته‌نانه‌ت برایه‌تیش تا ئێسته‌ له‌ نێو كێبڕكێكه‌ دایه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌.

پێشبینی ده‌كه‌ی برایه‌تی له‌ كۆتایی چ پله‌یه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت؟
راهێنه‌ره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌كه‌ی یانه‌ی برایه‌تی پێیوایه‌ هێشتا برایه‌تی له‌ توانای دا هه‌یه‌ ململانێی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ بكات، گوتیشی: پێویسته‌ راهێنه‌رێكی به‌ ئه‌زموون بهێنن و په‌ره‌ به‌توانای یاریزانه‌كان بدات، كێشه‌ی گۆڵكردنیش له‌و تیپه‌ به‌ كۆتایی بهێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ بكرێن پێموایه‌ برایه‌تی له‌ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ ده‌بێت.

به‌ ئاستی كام یانه‌ی به‌شدار له‌ خولی نایاب سه‌رسامیت؟
راهێنه‌ره‌كه‌ی پێشووی برایه‌تی له‌ وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ تاراده‌یه‌كی زۆر ئاستی به‌شێك له‌ یانه‌كان له‌یه‌كتر نزیكه‌، ده‌شڵێت: به‌ڵام یانه‌ی به‌هێز له‌ خوله‌كه‌ دایه‌‌، له‌وانه‌ سیروانی نوێ، دهۆك، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و نه‌ورۆز، كه‌ ئاستی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
له‌ باره‌ی باشترین یاریزانی خوله‌كه‌، فاتیح حه‌مه‌خان پێیوایه‌ ده‌ستنیشانكردنی یاریزانێك وه‌ك باشترینی خوله‌كه‌ قورسه‌، گوتیشی: یاریزانی زۆر باشمان له‌ خوله‌كه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك ناوهێنان تۆزێك ئه‌سته‌مه‌ یاریزانێك دیاریی بكه‌یت.

پرۆفایل
فاتیح حه‌مه‌خان له‌ ساڵی 1976، له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌، سه‌ره‌تای یارییكردنی بۆ تیپی لاوانی كاردۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، دواتر بۆ یانه‌كانی هه‌ولێر، برایه‌تی، بروسك، سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی یاریی كردووه‌، دوای ته‌مه‌نێك له‌ یارییكردن، بڕیاری ئه‌وه‌یدا ئه‌زموونی خۆی له‌ بواری راهێنه‌رایه‌تی تاقی بكاته‌وه‌، پێشووتر راهێنه‌رایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و برایه‌تی و سلێمانی كردووه‌، باشترین ئه‌نجامیشی له‌گه‌ڵ یانه‌ی برایه‌تی دوو وه‌رز پێش ئێسته‌ بوو، كاتێك پله‌ی دووه‌می خولی نایابی كوردستان برده‌وه، له‌ پای ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی فاتیح حه‌مه‌خان پێشكه‌شی به‌ یانه‌ی برایه‌تی كردووه‌، ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ بڕیاریدا وه‌ك راوێژكاری هونه‌ری تیپی تۆپی پێی یانه‌كه‌ بیهێڵێته‌وه‌.

كێ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی فاتیح حه‌مه‌خان؟
به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست رۆژنامه‌ی هه‌ولێر كه‌وتووه‌، ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی برایه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی راده‌ستی سه‌رهه‌نگ موحسینی گوڵپارێز و غه‌فوور عومه‌ری یاریده‌ده‌ر ده‌كات، ئه‌م دووانه‌ بۆ یاری داهاتوو له‌ خولی نایابی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر زاخۆ رۆڵی راهێنه‌ر ده‌بینن.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler