ئەم پەڕەیە چاپ بکە

یانەی دهۆك له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداریی یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات و سیروانی نوێی پێشەنگ ڕووبەڕووی ده‌ربه‌ندیخان دەبێتەوە

سبه‌ی هه‌ینی گه‌ڕ یازده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر(2)ـی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چن، له‌ گرنگرتین یارییشدا سیروانی نوێی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندیخان یاریی ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری دۆڕاوی گه‌ڕی رابردووش ده‌بێته‌ میوانی دهۆك، هه‌ر له‌ بادینان زێره‌ڤانی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، له‌ پایته‌ختیش برایه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێروانه‌ ساز و ئاماده‌یه‌، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش به‌ وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ پێشوازی له‌ زاخۆ ده‌كات، هه‌ر له‌ سلێمانی نه‌ورۆزی سوودمه‌ندی گه‌ڕی رابردوو میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، سۆرانیش ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چاوه‌ڕوانه‌، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك رۆژنامه‌ی هه‌ولێر شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و وردترین زانیاری یانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

سیروانی نوێی پێشه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندیخان یاریی ده‌كات
سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ سلێمانی میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، سیروانی نوێ دوور له‌ پێشبینییه‌كان باشترین ئاست پێشكه‌ش ده‌كات، وه‌ك تیپێكی نمونه‌ی خۆی ناساندووه‌، بۆ ئه‌م گه‌ڕه‌ش دۆخی باشتر بووه‌، چونكه‌ دوو یاریزانی گرینگی هێڵی ناوه‌ڕاستی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش (راستگۆ فایق و هه‌ردی سه‌یفه‌دین)ـن، كه‌ به ‌هۆی كارتی زه‌رد و پێكانه‌وه‌ له‌ تیپه‌كه‌ دابڕابوون، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، له‌ لایه‌كیتر گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌ و سیروانی نوێ، كه‌ (میلاد نه‌جمی)ـیه‌ به‌هۆی سێ كارتی زه‌رده‌وه‌ ناتوانێ یاریی بكات، له‌ كاتێكدا به‌ 7 گۆڵ پیشه‌نگی گۆڵكه‌رانی گرتووه‌، تیپه‌كه‌ی راهێنه‌ر رزگار عه‌لی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 16 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت.
ده‌ربه‌ندیخان، گه‌ڕی رابردوو گرێ كوێره‌كه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌م وه‌رزه‌دا كرده‌وه‌ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ ده‌ربه‌ند تۆمار كرد، بۆیه‌ بۆ  ئه‌م یارییه‌ له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ به‌ باشی ئاماده‌ن، هه‌رچه‌ند ئارام قادری كاپتنی تیپه‌كه‌ پێكانی هه‌یه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش شێركۆ جه‌بار پێكانی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری به‌شداركردنی بۆ ئه‌م یارییه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند ده‌توانن ئه‌نجامی باش بۆ ئه‌م یارییه‌ تۆمار بكه‌ن، ده‌ربه‌ندیخان 14 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی چواره‌م به‌شیه‌تی.

برایه‌تی له‌ پایته‌خت میوانداری شێروانه‌ ده‌كات
برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری شێروانه‌ ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر گه‌ڕی رابردوو پشوو بوونه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هێرشبه‌رێكی نوێی به‌ناوی حه‌یده‌ر جه‌عفه‌ر بۆ پێكهاته‌ی زیاد كردووه‌، له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی هێلی پێشه‌وه‌ی به‌هێز بكات، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م یارییه‌ فاتح حه‌مه‌خان ده‌یه‌وێت لاوازی شێروانه‌ بقۆزێته‌وه‌ و خۆی له‌ پێشه‌نگ نزیك بكاته‌وه‌، برایه‌تی خاوه‌نی 14 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت.
شێروانه‌، نوێنه‌رەكه‌ی كه‌لار، ئه‌م وه‌رزه‌ خراپترین بارودۆخی هه‌یه‌، ته‌نها دۆڕان و یه‌كسانبوون به‌شیه‌تی، تا ئێسته‌ سێ راهێنه‌ری گۆڕیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا له‌ ده‌ گه‌ڕ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی نییه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش سه‌لام عه‌زیزی كاپتن ماڵئاوای یه‌كجاره‌كی له‌ یاریكردن كرد، راهێنه‌ریش وه‌لید مه‌روانی گۆڵپارێزی سه‌ره‌كی وه‌رزی ڕابردووی بۆ ئه‌م یارییه‌ بۆ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی گه‌ڕاندۆته‌وه‌، شێروانه‌، ته‌نها 5 خاڵی هه‌یه‌ له‌ كۆتای ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و دهۆك یاریی لوتكه‌ ئه‌م گه‌ڕه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن
دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، دهۆك بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، هه‌رچه‌ند یاریزان جاسم حاجی پێكانی هه‌یه‌ و ناتوانێت یاریی بكات، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت بارودۆخی خراپی تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ بقۆزنه‌وه‌ و ئه‌م یارییه‌ی لێ به‌رنه‌وه‌، دهۆك خاوه‌نی 12 خاڵه‌ و خانه‌ی هه‌شته‌می گرتووه‌.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، ئاستێكی ناجێگیری هه‌یه‌، یارییه‌ك باش و ئه‌وه‌ی تر خراپ، گه‌ڕی رابردووش گه‌وره‌ترین شكستی له‌م وه‌رزه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی تووشهات، كاتێك به‌ سێ گۆڵی بێ وه‌ڵام به‌ نه‌ورۆز دۆڕا، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش رێكار هاشم به‌هۆی پێكان یاریی ناكات و بارز سه‌رتیپیش یانه‌كه‌ی جێهێشتووه‌، به‌ڵام كاریگه‌رترین چه‌كی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ حه‌مه‌ ئیتۆی هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌یه‌تی، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ نۆ یاریی خاوه‌نی به‌ 15 خاڵه‌ له‌ پله‌ی سێیه‌م دێت.

نه‌ورۆز و هه‌ندرێن به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن
نه‌ورۆز، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، درێس سوور و سپییه‌كانی سلێمانی دوای گۆڕینی راهێنه‌ر ئێسته‌ باشترین بارودۆخیان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌گه‌ڵ یونس سلێمانی راهێنه‌ر ده‌رده‌كه‌ون، ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و پێشه‌نگ هه‌نگاو ده‌نێن، سوودمه‌ندترین تیپی گه‌ڕی رابردووبوون، جگه‌‌ له‌وه‌ش له‌ ڕووی پێكهاته‌وه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ باشترین پێكهاته‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بوونی چه‌ند یاریزانیكی لاو، كه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌وان یاریی بكه‌ن سه‌رئێشه‌ بۆ یانه‌كان دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌م گه‌ڕه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت یاریی نه‌كردنی ئاراز كه‌لاری به‌رگری باڵی چه‌پ به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاكۆ نوری یاریزانی ناوه‌ڕاست به‌هه‌مان كێشه‌ ناتوانێت یاری بكات، نه‌ورۆز 13 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی شه‌شه‌م به‌شیه‌تی.
هه‌ندرێن، یه‌كێك له‌و تیپانه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ 6 یه‌كسان بوون زۆرترین یه‌كسان بوونی هه‌یه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌ش ئامانج ئه‌كره‌م، ئاماده‌ ده‌بێت، كه‌ پیشووتر پێكانێكی سووكی هه‌بوو، هه‌ندرێن له‌ نۆ یاریی 9 خاڵی هه‌یه‌ له‌ پله‌ی ده‌یه‌م ده‌بینرێت.

زێره‌ڤانی پێشوازی له‌ هه‌ولێر ده‌كات
یانه‌ی زێره‌ڤانی له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ دهۆك میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سلێمان ره‌مه‌زان بۆ ئه‌م یارییه‌ ساز و ئاماده‌ن، چونكه‌ هیچ یاریزانیكی نییه‌ به‌هۆی پێكان و كارتی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه‌ یاریی نه‌كات، ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌شیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ولێر ببه‌نه‌وه‌ و هه‌نگاوێك بچنه‌ پێشه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسی دووربكه‌ونه‌وه‌، زێره‌ڤانی 8 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی یازده‌یه‌م دێت.
هه‌ولێر، به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو باشترین ده‌ستپێكی هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ دوو گه‌ڕه‌ ناتوانێ بیباته‌وه‌، هه‌رچه‌ند چه‌ند یاریزانیكی له‌ پێكهاته‌ی خولی عێراقی بانگهێشتكردووه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ له‌ چاوی هانده‌رانی هه‌ولێر و میژووه‌كه‌ی هه‌ولێری جاران نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارزان شێرزاد و ئیبراهیم ئه‌زوه‌ر به‌هۆی كارتی ره‌نگاوره‌نگه‌وه‌ ناتوانن یاریی بكه‌ن، به‌ڵام خراپی زێره‌ڤانی له‌م وه‌رزه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا ئه‌م یارییه‌ی لێ ببه‌نه‌وه‌، زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا خاوه‌نی 13 خاڵن وپله‌ی حه‌وته‌م به‌شیانه‌.

پیشمه‌رگه‌ی سلێمانی و زاخۆ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ، به‌ڵام گه‌ڕی رابردوو یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی شێروانه‌ تۆمار كرد، ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی له‌سه‌ری بوو ڕه‌واندیه‌وه‌، بۆیه‌ دیه‌وێت له‌ ڕێگای زاخۆوه‌ درێژه‌ به‌ بردنه‌وه‌كانی بدات، هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌ی له‌ پێكهاته‌كه‌ی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌یس جه‌لیل له‌ به‌رگری پێكانی هه‌یه‌، دیار عوسمان پێكانی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها سیداد ئه‌حمه‌د به‌رگری چه‌پ و كارزان مسته‌فای هێرشبه‌ر به‌هۆی سێ كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی ناكه‌ن، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی خاوه‌نی 6 خاڵه‌ و پله‌ی دوازده‌یه‌می گرتووه‌.
زاخۆ، ئه‌و تیپه‌ی به‌شێوازێكی به‌رگری و داخراو یاریی ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش له ‌سه‌رەتای خوله‌وه‌ كێشه‌ی داراییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌نجام و ئاستیان ناوه‌نده‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆشیان باش ده‌رناكه‌ون، زاخۆ له‌ نۆ یارییدا 3 بردنه‌وه‌ و 3 دۆڕان و 3 یه‌كسانی هه‌یه‌، خاوه‌نی 12 خاڵه‌و له‌ خانه‌ی نۆیه‌م ده‌بینرێت.
سۆران ئه‌م گه‌ڕه‌ یاریی ناكات و چاوه‌ڕوانه‌ خاوه‌نی 15 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌می خوله‌كه‌ دێت.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر