شوبات 27, 2020

كوردێك زۆرترین یاریزانی پیشه‌گه‌ری بۆ یانه‌كان گواستووه‌ته‌وه‌

یه‌كێك له‌و كارانه‌ی ئێسته‌ له‌ جیهانی تۆپی پێ زۆر باوه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، بریتیه‌ له‌ بریكاری یاریزانان، واتا گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ یانه‌یه‌ك بۆ یانه‌یه‌كی تر، له‌ كوردستان ده‌گه‌مه‌نن ئه‌وانه‌ی ئه‌م پیشه‌یان هڵبژاردووه‌، چونكه‌ كاره‌كه‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام گه‌نجێكی كورد به‌ناوی (هه‌ژار مه‌عروف) خه‌ڵكی شاری دهۆكه‌ له‌م بواره‌دا ئاستێكی باشی بڕیوه‌ و چه‌ندین یاریزانی ناوداری بۆ یانه‌ی ناودار گواستووه‌ته‌وه‌، وه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ زۆرترین یاریزانی پیشه‌گه‌ری گواستووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و یاریزانه‌ پیشه‌گه‌رانه‌ی له‌ سه‌رده‌ستی هه‌ژار بۆندیان واژۆ كردووه‌
هه‌ژار وه‌ك بریكاری یاریزانان و دۆزه‌ره‌وه‌ی یاریزانان بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ حه‌وت یاریزانی پیشه‌گه‌رم بۆ یانه‌كان هێناوه‌ و گرێبه‌ستیان بۆ واژۆ كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ تاكێكی كورد بگاته‌ ئه‌م ژماره‌ یاریزانه‌، یاریزانه‌كان ئه‌مانه‌ن (فه‌رحان شكور) له‌ یانه‌ی نه‌فتی عێراقی بۆ فه‌یسه‌لی ئوردنی، (یانیك زاكری) كۆتیڤواری له‌ یانه‌ی نه‌فتی عێراقی بۆ فه‌یسه‌لی ئوردنی، (دوكنز نازون) یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی هایتی له‌ یانه‌ی ترۆیدینسی به‌لجیكی بۆ یانه‌ی (ئابها) كه‌ له‌ خولی سعودی یاریی ده‌كات، بڕی گرێبه‌سته‌كه‌شی نزیكه‌ی 500 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی بوو، هه‌روه‌ها یاریزان (مێركان ئایدن)  كوردی دانیشتووی باكوری توركیا، له‌ یانه‌ی ئالتینۆردی توركی بۆیانه‌ی ئه‌حه‌دی سعودی، كه‌ له‌ خولی نایابی ئه‌م وڵاته‌ به‌شداره‌، به‌رامبه‌ر 350 هه‌زار یۆرۆ، ته‌نانه‌ت كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی نه‌یجر له‌سه‌ر ده‌ستی من په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی (ئه‌حه‌د)ـی سعودیه‌وه‌ كرد.
هه‌ژار وتیشی: له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ئه‌مریكای باشوور یاریزانم گواستووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ (ئالڤارۆ) یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی بۆلیڤیا، له‌ یانه‌ی خۆرخی ویلستیرمان بۆیانه‌ی حزمی سعودی، به‌ بڕی 450 هه‌زار دۆلار، هه‌روه‌ها (ئه‌حمه‌د دونی) یاریزانی سوری و (محه‌مه‌د شۆكان) له‌ عیراق بۆندیانم بۆ واژۆ كرد له‌گه‌ڵ یانه‌ی (ره‌مثا)ـی ئوردنی.
یه‌كیك له‌ یاریزانه‌ دیاره‌كان كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ژاردواین گرێبه‌ستی ئه‌نجام داوه‌، یاریزان (ئیسحاق فۆستا) كاپتنی پێشووی (غانا)ـیه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ باشترین به‌رگریكاره‌كان بووه‌، یاریی بۆ هۆڤن هایمی ئه‌ڵمانی و سالزبۆرگی نه‌مسای كردووه‌، په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ئه‌حه‌دی سعودیه‌وه‌ كردووه‌.
هه‌ژار جگه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ته‌نانه‌ت راهێنه‌رێكی ئیتاڵی به‌ناوی (فابیۆ لویز) بۆ تیپی دووه‌می ئه‌هلی سعودی گواستووه‌ته‌وه‌، له‌ دواین كاریشی گواستنه‌وه‌ی بۆ یاریزان (رێوان ئه‌مین) له‌ یانه‌ی هێرنڤین بۆ یانه‌ی دالكوردی سویدی ئه‌نجامداوه‌.

چه‌ند ده‌بێت ئه‌م كاره‌ ده‌كات؟
هه‌ژار،  بۆ ماوه‌ی ده‌ستپێكردنی كاره‌كه‌ی و ژماره‌ ی یاریزانان و یانه‌كان وتی: له‌ ماوه‌ی پێنچ ساڵی رابردوو نزیكه‌ی (15) یاریزانی پیشه‌گه‌رم بۆ یانه‌كانی عێراق گواستووه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خشدا چه‌ندین یاریزانم بۆ یانه‌كانی كوردستان هیناوه‌، دیارترین ئه‌و یانانه‌شی یاریزان بۆ هێناون ( هه‌ولێر، دهۆك، مینا، شورته‌، نه‌فت، ته‌ڵه‌به‌، نه‌فتی جنوب و نه‌فتی میسان و نه‌فتی ناوه‌ڕاست)ـببونه‌.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌وته‌ی ساڵی 2010ـه‌وه‌ ئۆردوگای مه‌شق و راهێنان بۆ یانه‌كانی كه‌نداو عێراق رێكده‌خه‌م، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی یانه‌كانی كوردستانیش له‌ رێگای منه‌وه‌ ئۆردوگای مه‌شقیان كردووه‌، نزیكه‌ی (40) یانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی من كه‌مپی مه‌شقیان كردووته‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژارده‌كانیش ئۆردوگای مه‌شقیم بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ هه‌موو ئاسته‌كان رێكخستووه‌.

پلانی داهاتووی هه‌ژار بۆ ئه‌م پیشه‌یه‌
هه‌ژار ده‌رباره‌ی كاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ ئێسته‌ له‌ سه‌ر ئاستی كه‌نداو ناوه‌خۆی عێراق كاری باشم كردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌م له‌ داهاتوو په‌ره‌ به‌ پیشه‌كه‌م بده‌م و له‌ سه‌ر ئاستی خوله‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپا گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئه‌نجام بده‌م، تا له‌و رێگایه‌شه‌وه‌ بتوانم یاریزانی كورد بۆ یانه‌كانی ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ بگوازمه‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler