ئەیلول 29, 2020

له‌ هه‌ولێر خولێكی ناوبژیوانی بۆ تێنسی سه‌رزه‌وی ئەنجام درا

له ‌ژێر چاودێریی لیژنه‌ی ئۆلیمپیی هه‌رێمی كوردستان، به ‌سه‌رپه‌رشتیی یه‌كیەتیی تێنسی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ كۆلێژی زانست له‌ شاری هه‌ولێر، خولی ناوبژیوانیی تێنسی سه‌رزه‌وی به‌ڕێوه‌چوو.

خوله‌كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژی خایاند، له‌ دوو كاتی جیاوازدا ئه‌نجام ده‌درا، وانه‌كان له‌ لایه‌ن دوو ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی (هاشم عوسمان و فوئاد ئیبراهیم)ـەوە به ‌شێوه‌ی پراكتیكی و تیۆری ده‌گوترایه‌وه‌، له‌ خوله‌كه‌ نزیكه‌ی (30) فێرخواز تیایدا به‌شدار بوون، له‌ كۆتاییشدا بڕوانامه‌ی پله‌ سێی ناوبژیوانی تێنسی سه‌رزه‌وی به ‌سه‌ر به‌شداربوواندا دابه‌شكرا.
رۆسته‌م ره‌سووڵ، سه‌رۆكی یه‌كیەتیی تێنسی كوردستان له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئێمه‌ له‌ كوردستان ئاره‌زوومه‌ند و هه‌وادارێكی زۆری یاریی تێنسی سه‌رزه‌ویمان هه‌یه‌، ئه‌م به‌شدرابووانه‌یش ئاره‌زوویەكی زۆریان بۆ پیشه‌ی ناوبژیوانی تێنسی سه‌رزه‌وی هه‌بوو، به‌ڵام بڕوانامه‌یان نه‌بوو تا یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئه‌وان دوای به‌شداریكردن له‌م خوله‌، بڕوانامه‌ی جۆری پله‌ سێیان پێ به‌خشرا، له‌ داهاتوویشدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تا خولی جۆره‌كانی دیكه‌ی بڕوانامه‌ی ناوبژیوانی له‌ یاریی تێنسی سه‌رزه‌وی بكه‌ینه‌وه، بۆ ئەوەی بتوانن یارییه‌كان به‌ڕێوه ‌ببه‌ن و بڕوانامه‌ی به‌رزتر به‌ ده‌ست بێنن.
ئه‌م خوله‌ له‌ لایه‌ن یه‌كیەتیی تێنسی كوردستانەوە، به‌ هاوكاریی یه‌كیەتیی ناوه‌ندی تێنسی عێراق ئه‌نجام درا، ئارەزوومەندانی بوارەكە له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زی كچ و كوڕ به‌شدارییان كرد، له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانەوە له‌م خوله‌دا به‌شدارییان كرد، بەرێوەچوونی خولەكە، له‌ لایه‌ن به‌شداربووانەوە به‌ هه‌نگاوێكی گرینگ داده‌نرێت بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان.

© 2017 Hawler