ئایار 27, 2018

نێیمار بۆ ڕیاڵ مەدرید، سوپەر گواستنەوە!

گواستنەوەی نێیمار ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا بۆ ڕیاڵ مەدرید كاردانەوەی ئەرێنی و نەرێنی زۆری دەبێت.
 لە سەرەتای وەرز و لە كاتی گواستنەوەی ئەستێرەی بەڕازیلی بە 222 ملیۆن یۆرۆ لە كامپ نۆ بۆ پاریس، بەردەوام باس لە كێشەی نێوان ناوبراو و كاڤانی و دی ماریا دەكرا، كە دواتر لەسەر لێدانی سزا ئاشكراتر بوو و سەیر لەوە دایە هاندەرانی یانە پاریسییەكە پشتی ئەستێرەی ئۆرۆگواییان گرت.

زیزۆ چاوی بڕیوەتە نێیمار
ئێستە باس لە ڕەزامەندی پاریسییەكان بۆ جیابوونەوەی نێیمار دەكرێ بە بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ و ئەو بڕە پارەیەش هیچكات زینەدین زیدانی تووشی سەرسوڕمان نەكردووە.
زیزۆ لە پرێسكۆنفرانسی پێش یاریی بەرانبەر بە ئەیبار وتویەتی، نێیمار یاریزانێكە كە دەتوانێ زۆر بە ئاسانی خۆی لەگەڵ هەر پێكهاتەیەك و یانەیەك ڕێكبخات، ڕۆژێك بۆ كڕینی خۆی، بڕی 72 ملیۆن یۆرۆ دراوە كە لە ڕوانگەی خۆیەوە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە شێتانەیە، بەڵام ئێستە گرانبەهاترین یاریزان سێ ئەوەندەی وەرگرتووە، واتە 222 ملیۆن یۆر و بەهاكەشی ئەوەندەیە و ئەگەر تا دە ساڵی دیكە، یان كەمتر لە دەساڵی دیكە، ئەو بڕە پارەیە بگاتە 400 ملیۆن، هیچ پرسیارێك لەخۆیدا ناهێڵێتەوە و شتێكی ئاساییە.
بەو شێوەیە ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ڕوانگەی خۆی بۆ گواستنەوەی نێیمار بە گوێی فلۆرنتینۆ پرێزی سەرۆكی یانەكە هەڵێناوە.

باوكی نێیمار و بارانی ڕەحمەتی پارە
دوای ئەو لێدوانە، زێدان هەواڵی كڕینی نێیماری ڕەتنەكردەوە و بێگومان باوكی نێیماریش گوێیەكانی ئەوەندە تیژن كە لێدوانەكەی زێدانی بیستبێ، چونكە هەر كات كوڕەكەی لە یانەیەك بۆ یانەیەكی دیكە دەچێ، بارانی ڕەحمەتی پارەیش بەڕووی ئەودا دەبارێ.
ماڵئاوایی پاریس سانت جێرمان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا و دۆڕانی یانەكە بووەتە بابەتێكی گرینگ، چونكە ئەو ڕووداوە واتە كۆتایی خەونی پاشایەتی ئەستێرەی بەڕازیلی لە پرۆژە هەستیار و پڕ لە خەرجكردنەكەی پاریسییەكان، هەرچەند تیایدا سەركەوتوون. بێگومان ناسر ئەلخەلیفی ئەو هەموو بڕە پارەیەی بۆ كڕینی نێیمار و ئێمباپێخەرج نەكردووە، تا تەنیا جامەكانی ناوخۆی فەڕەنسای بۆ بێننەوە، چونكە پێشووتریش پاریس سانت جێرمان بێ ئەو ئەستێرانەیش یانەی بێ ڕكەبەر بوو.

ماڵئاوایی نێمیار لە باڵاندۆر
ئێستە پاریس سان جێرمان وەكوو ئەو شقارتەیەیە كە لە دەست كەسێكەوە كەوتبێتەوە ناو ئاو و هەرچی كابرا هەوڵ دەدات، تاكە شقارتەیەكش ئاگر ناگرێ. ئێستە دەكرێ بڵێین ئەو تیۆرییە سەلمێنراوە كە پاریس سانت جێرمان میوانە پڕ هاتوهاوارەكە لە نێوان یانە بەهێزەكانی ئەورووپایە كە ئەستێرەی بەختی بردنەوی یانە پاڵەوانەكانیان لەسەر شانە و لە بارودۆخێكی ئەوتۆدا، نێیمار گەر لە پاریس سان جێرمان بمێنێتەوە، دەبێ واز لە بردنەوەی باشترین یاریزانی جیهان و باڵاندۆر بێنێ.

خەمی هاندەران لە كڕینی نێیمار
بەڵام ئەو بابەتە كە ئایا ڕیاڵ مەدرید بۆ كڕینی نێیمار یان هەر ئەستێرەیەكی دیكە دەست دەكاتە ناو گیرفانی و بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ دەدات، ئەوە بابەتێكی دیكەیە. لە ساڵانی ڕابردوودا ڕیاڵ مەدرید پارەی خەیاڵی بۆ كڕینی یاریزانی ئەستێرە نەداوە، بەڵام كەس لە داهاتووی خۆی نازانێ.
بابەتی دیكە، بەڵێنی فلۆنتینۆ پرێز بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی سانتایاگۆ بێرنابیۆیە كە زۆری تێدەچێ و دوایین خاڵ، نیگەرانی هاندەرانی ڕیاڵە لە كرینی ئەستێرەی بەڕازیلی و پێشووی بارسێلۆنا كە ڕاپرسییەكی ئەو دواییە بە تەواوی دركی پێ دەكرێ.

نێیمار و ڕۆناڵدۆ، پێكهاتەیەكی مەترسیدار
گومان لەوەدا نییە كە نێیمار ئەستێرەی بەڕازیلی، بە ئاستی بەرزی و هونەری بەتوانای، خۆراك و دیارییەكی باش بۆ گەیشتن بە خەونی بانگەشە و پروپاگەندەیە و دەكرێ بە تاكە ئەستێرەی سەردەمی مۆدێرنی بزانین كە هاوئاستی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیونێل مێسی یاری دەكات، هەڵبەت لە هەردووكیان گەنجترە.
بەڵام لەبیر نەكەین كە تایبەتمەندییەكانی خودی نێیمار، بەردەوام بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی و پێكهاتەی ئەو و ڕۆناڵدۆ دەتوانێ زۆر مەترسیدار بێت، هەر بۆیە، هەرچەند هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید بەگومانەوە دەڕواننە ئاستبەرزی نێیمار، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەن ڕیاڵ مەدریدیش بەدەردی پاریس سانت جێرمان دەچێ.


 

محەمەد شەهدی- هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.