کانونی دووەم 29, 2020

نه‌ورۆز و برایه‌تی له‌ یاریی لوتكه‌ به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن، دهۆكیش ده‌یه‌وێت برینه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی قووڵتر بكاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ گه‌ڕی حه‌وته‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كات 2:30ـی ئێوارە ئه‌نجام ده‌درێن.

له‌ یارییه‌كی گرینگ و به‌هێزدا، یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ ر‌واندوز ده‌بێته‌ میوانی یانەی سۆران، یانەی نه‌ورۆزیش له‌ پێناو درێژه‌دان به‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی گه‌ڕەكانی رابردوو، له‌گه‌ڵ یانەی برایه‌تیی پێشه‌نگ یاری ده‌كات، یانەی دهۆكیش دوای هه‌فته‌یه‌ك پشوو، بە باشی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ئاماده‌ كردووە‌، یانەی زێره‌ڤانیش ده‌یه‌وێت بارودۆخه‌ ناجێگیرەكەی یانەی شێروانه بقۆزێته‌وه‌، هەرچی یانەی سیروانی نوێیە، ده‌یه‌وێت له‌ رێگەی یانەی زاخۆوە به‌ بردنه‌وه‌كان شاد بێته‌وه‌، ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ندرێنیش له‌ گه‌رمیان به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن.
رۆژنامەی هەولێر، لە بارەی هەر شەش یارییەكەوە، ڕوونكردنەوە و وردەكاریی زیاتر دەخاتە ڕوو...

نه‌ورۆز میوانداری برایه‌تیی پێشه‌نگ ده‌كات
یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانەی برایه‌تی ده‌كات، نه‌ورۆز به ورەیەكی بەرزەوە بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ تۆمار كرد، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی زۆری به‌ سه‌ر لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ هه‌مان كات دا ئه‌م هه‌فته‌یه‌، گرێبه‌تسی له‌گه‌ڵ راهێنه‌رێكی گۆڵپارێزان واژۆ كرد، دواتریش بۆ به‌هێز كردنی هێڵی ناوه‌ڕاستی تیپه‌كه‌ی، یاریزانی پێشووی یانه‌ی كۆیه‌، (وڵات عه‌بدولره‌حمان)ـی بۆ ریزه‌كانی گواسته‌وه‌‌، نه‌ورۆز خاوه‌نی شه‌ش خاڵه‌ و پله‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندی گرتووه‌.
یانەی برایه‌تی، دوای تێپه‌ڕبوونی شه‌ش گه‌ڕی یارییه‌كان، پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتووه، یانەی برایەتی، تا ئێستە باشترین ده‌ستپێكیان له‌ مێژووی یاریكردنی له‌ خولی نایابی كوردستان تۆمار كردووه‌، تاكه‌ یانەیش تا ئێسته‌ تامی دۆڕانی نه‌كردووه‌، یانەكە ئه‌م وه‌رزه‌ گۆڕانكاری زۆری له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی كردووه و ئه‌نجامه‌كانی باشتر بوونه‌، ئه‌مڕۆیش ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ نه‌ورۆز، زیاتر پێگه‌كه‌ی خۆی قایمتر بكات، خاوه‌نی 12 خاڵه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌.

سۆران له‌ نێو ئاپۆڕای هانده‌رانی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
یانه‌ی سۆران له‌ یاریگه‌ی ر‌واندز، میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی كوڕانی سۆران داده‌نرێت، چونكه هانده‌رانی سۆران پێیان وایه‌ بەدەستهێنانی هه‌ر ئه‌نجامێكی باش بەرانبەر تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ، ئه‌وە هێز و توانای راسته‌قینه‌ی سۆرانییه‌كان ده‌رده‌خات، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌، له‌ تواناكانی هێرشبه‌ر عومه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان بێبه‌ش ده‌بێت، به‌هۆی سێ كارتی زه‌رده‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكەیشه‌وه‌ ئیدریس كاكه‌ی كاپتن و ناوه‌ڕاستكاری تیپه‌كه‌، به ‌هۆی ئازارێك له‌ پشتیه‌وه‌، ئه‌گه‌ری یاریكردنی له‌ یارییه‌كی ئه‌مڕۆ كه‌مه‌، سۆران خاوه‌نی 11 خاڵه‌ و به‌ شایسته‌ییه‌وه‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندیان گرتووه‌.
یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، تا ئێستا ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نه‌دۆزیوەته‌وه‌، كه‌ پێشووتر پێی ناسرابوو، كێشه‌ی سه‌ره‌كییان له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ هه‌یه‌، ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی باش له‌ نێو یاریگه‌ی تیپی به‌رانبه‌ر ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزنه‌وه‌، تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ وه‌ك پاڵه‌وان سه‌یر ده‌كرێت، بۆیه‌ هه‌موو یارییه‌ك بۆ ئه‌وان، وەك یاریی یەكلاكەرەوە وایە، ئه‌مەیش ئه‌ركیان زه‌حمه‌ت ده‌كات، به‌ڵام بابۆ ده‌یه‌وێت ئه‌مڕۆ له‌ ڕێگای سۆران بۆ سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، خاوه‌نی هه‌شت خاڵه‌ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت.

دهۆك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ئاماده‌یه‌
یانه‌ی دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، دهۆك گه‌ڕی رابردوو پشوو بووه‌، بۆیه‌ خۆی بە شێوه‌یەكی باش بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ كردووه‌، خراپیی دۆخی میوانه‌كەیشیان به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا سێ خاڵی تر بۆ هه‌گبه‌كه‌یان زیاد بكه‌ن، تاكه‌ گرفتیان له‌م یارییه‌ یارینه‌كردنی (ئه‌ركان ئه‌نوه‌ر)ـە له‌ هێڵی به‌رگری، كه‌ به ‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته‌ زه‌رده‌كانه‌وه‌ ڕاگیراوه‌، دهۆك شه‌ش خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت.
یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، به‌ ڕەوش و دۆخێكی خراپدا تێده‌په‌ڕێت، چونكه‌ دوای ئه‌نجامدانی شه‌ش یاری، ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌یه‌، پێنچ دۆڕانیش به‌شیان بووه‌، تامی هیچ بردنه‌وه‌یه‌كیشیان نه‌كردووه و خاوەنی یەكسانبوونێكن‌، هیچ تیپێك هێنده‌ی ئه‌وان شكست به‌شی نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت دوای گۆڕینی راهێنه‌ریش له‌ دوای گه‌ڕی چواره‌م، كێشه‌كانیان هه‌ر به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت دهۆك شۆك بكه‌ن و یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان به ‌ده‌ست بهێنن، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی یه‌ك خاڵیان هه‌یه‌ و پله‌ی سێزده‌یه‌م و كۆتایی به‌شیانه‌.

ده‌ربه‌ندیخان و هه‌ندرێن ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگه‌ی خۆی مویانداری یانەی هه‌ندرێن ده‌كات، شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند به‌ شێوه‌یه‌كی باش بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، به‌ تایبه‌تی دوای یه‌كسانبوونیان له‌ یاریی گه‌ڕی رابردوو بەرانبەر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مەیش وای كردووه‌ تیپه‌كه‌ زیاتر متمانه‌ی به‌ خۆی بێت، به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كییان له‌م یارییه‌، دابڕانی هه‌ڵۆ كه‌لاریی به‌رگریكاره‌، به ‌هۆی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌ژنۆی، ده‌ربه‌ندیخان نۆ خاڵی له‌ هه‌گه‌بەدایه‌ و خانه‌ی پێنجه‌م به‌شیه‌تی.
یانەی هه‌ندرێن، ته‌نیا ئاشنای دۆڕاندن و یه‌كسانبوون بووە، به ‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كەدا وێڵه‌، دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ر، باش ده‌زانێت له‌م یارییه‌ له‌ نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری ده‌ربه‌ندیخان بردنه‌وه‌ ئاسان نییه‌، له‌ كاتێكدا شوان مه‌جیدی به‌رگریكاریشی به‌ هۆی بوونی سێ كارتی زه‌رده‌وه‌ ناتوانێت یاری بكات، سەرەڕای ئەوەیش، ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی له‌و یاریگه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌ندرێن خاوه‌نی سێ خاڵه‌ و له‌ پله‌ی یازده‌یه‌م دێت.

سیروانی نوێ میوانداری زاخۆ ده‌كات
یانەی سیروانی نوێ، دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی باش لە سەرەتادا، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌سه‌ر هه‌مان ئاست به‌رده‌وام بێت و لەلایەن یانەكانی دیكەوە بەربەستی بۆ دروست كرا و ڕێیان نەدا تیپه‌ تازه‌ گه‌ڕاوه‌كه‌ی خولی نایاب لە دڵخۆشییەكەی بەردەوام بێت، بەڵام ئێستە یانەی سیروانی نوێ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ زاخۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی، لەمەیشدا ئه‌ركیان ئاسان نییه‌، چونكه‌ زاخۆییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان به‌ به‌رگرییه‌كی باشەوە یاری ده‌كه‌ن، سیروانی نوێ خاوه‌نی 11 خاڵه و پله‌ی چواره‌می گرتووه‌.
یانەی زاخۆ، به‌ ئاستێكی ناجێگیردا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌نجامی چاوه‌ڕێنه‌كراو تۆمار ده‌كات، وه‌ك وه‌رزی رابردوو نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌ یاریگه‌ و جه‌ماوه‌ری خۆی ببینێت، كه‌چی له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانی زۆر باشن، بۆیه‌ ئه‌م یارییەیش ده‌یانه‌وێت گورزێك له‌ سیروانی نوی بده‌ن. یانەی زاخۆ خاوه‌نی حه‌وت خاڵه‌ و پله‌ی حه‌وته‌می گرتووه‌.

زێره‌ڤانی و شێروانه‌ له‌ یارییه‌كی ئاگریندا به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن
یانەی زێره‌ڤانی له‌ شاری دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی شێروانه‌ی كه‌لار ده‌كات، سلێمان ره‌مه‌زانی راهینه‌ری زێره‌ڤانی به‌ ئاشكرا ئامانجی یانه‌كه‌ی له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایاب دیاری كردووه‌، كه‌ مانه‌وه‌یه لە ریزی نایاب‌، بۆیه‌ هه‌مان هێز و گیانی یاریكردن وه‌ك ساڵانی رابردوو لای تیپه‌كه‌ی نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وەیش یه‌ده‌گی باشی بۆ تیپه‌كه‌ی نییه‌، ئه‌مڕۆیش ئوسامه‌ محه‌ممه‌دی ناوه‌ڕاستكاری به ‌هۆی وه‌رگرتنی كارتی سوورەوە به‌شداریی ناكات، به‌ڵام لاوازیی یانەی شێروانه‌ به‌ ده‌ر‌فه‌ت ده‌زانێ تا لێی بباته‌وه‌، زێره‌ڤانی شه‌ش خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی نۆیه‌می گرتووە.
یانەی شێروانه‌، جگه‌ له‌ ئاست و ئه‌نجامی خراپ، كێشه‌ی دیكەیشیان هەیە و ته‌نیا له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ (عه‌لی كاكه‌مینه‌ی)ـی باشترین گۆڵكه‌ری دوو وه‌رزی رابردووی یانەكەی‌ و یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ریان له ‌یانه‌كه‌ دوورخستووەته‌وه‌، یاریزانه‌كان بە گشتی هەوڵ دەدەن ئەو ڕەوشە تێپەڕێنن، هەرچەندە ئەركیان ئاسان نییە‌، بە تایبەت كە یانەكەی بەرانبەریشی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دەدات. ئێستە یانەی شێروانه‌ خاوه‌نی سێ خاڵه‌ و پله‌ی دوازده‌یه‌می گرتووه‌.
یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌م گه‌ڕه‌ پشووه‌ و چاوه‌ڕوانه‌، هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ پێكهاته‌یه‌كی تازه‌، كه‌ زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی له‌ ریزی لاوانه‌ سه‌رخراون، ئاستێكی باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و ئەنجامەكانیشی باشن، به‌ ئاشكرا جێپه‌نجه‌ی ده‌ستەی راهێنه‌ران به‌ تیپه‌كه‌وه‌ دیاره‌، خاوه‌نی 11 خاڵه‌ و پله‌ی سێیه‌م به‌شیه‌تی.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler