تەمموز 14, 2020

بارودۆخ و ڕیزبەندیی یانەکان و خشتەی یارییەکان بڵاو دەکاتەوە

لە میانی یارییەکانی خولی لاوانی نایابی کوردستان، سبەی شەش یاری بەڕێوە دەچن، پێنج یاری ماون و کۆتایی بەم وەرزەی خولەکە دێت، تا ئێستا یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و زێرەڤانی و سیروانی نوێ و پێشمەرگەی هەولێر لە پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکانن و خاڵەکانیان لە یەکترەوە نزیکە، سبەی لە یارییەکی بەهێزدا سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی لە یاریی لوتکە بە یەک دەگەن، زێرەڤانی دووەمی ڕیزبەندی یانەکانیش میوانداری لاوانی هەولێر دەکات.

دێربی سلێمانی و یاری لوتکەی ئەم گەڕە
سبەی گەڕی حەوتەمی خولی لاوانی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت، خولەکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، ڕکەبەری یانەکان بۆ بوون بە پاڵەوانیش لە نێوان چەند یانەیەک بەردەوامە، هەروەها لە ڕیزبەندی خوارەوەیش چەند یانەیەک ڕکەبەری مانەوە لە خولەکە دەکەن و نایانەوێت ماڵئاوی لە خولی لاوانی نایاب بکەن.
لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی کە تا ئێستا بە ١٦ خاڵ پێشەنگی یانەکانی گرتووە، لە یارییەکی زەحمەتدا دەبێتە میوانی لاوانی سیروانی نوێ، کە بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ پێشمەرگە لە خانەی سێیەم دێت، یارییەکە لوتکەی ئەم گەرەیە، دێربی سلێمانیە بردنەوەی بۆ هەردوو یانە گرنگەو لە ڕکەبەری بردنەوەی ناسناوەکە دەیهێڵێتەوە.
لە یارییەکی تردا لەشاری دهۆک لاوانی زێرەڤانی کە بە ١٥ خاڵ خانەی دووەمی گرتووە، میوانداری لاوانی هەولێر دەکات، یارییەکە بۆ زێرەڤانی چارەنوسساز و گرنگە و گەرەکیەتی لە ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە بەردەوام بێت، لاوانی هەولێریش بۆ بردنەوە و سێ خاڵی یارییەکە گەشتی دهۆک دەکات.
لاوانی پێشمەرگەی هەولێریش لەگەڵ لاوانی کۆیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات، لاوانی یانەکانی هەندرێن و ئاڵایش لەسەر مانەوەیان لە خولەکە لە یارییەکی بەهێزدا لەگەڵ یەکتر یاری دەکەن.
لەشاری زاخۆیش لاوانی زاخۆ میوانداری لاوانی یانەی شێروانە دەکات، هەروەها لاوانی نەورۆزیش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی لاوانی سیروانی شارەزوور.
خولی لاوانی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بەبەشداری ١٢ یانە و بە یەک قۆناغ بەڕێوەدەچێت و هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەک لەدەروەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، ئەو یانەیەی زۆرترین خاڵ کۆدەکاتەوە دەبێتە پاڵەوان، دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکانیش بۆ خولی لاوانی پلە یەک دادەبەزن.

خشتەی یارییەکانی گەڕی حەوتەم بەم شێویە دەبێت:
هەندرێن - ئاڵا
زاخۆ - شێروانە
سیروانی شارەزوور - نەورۆز
کۆیە - پێشمەرگەی هەولێر
زێرەڤانی - هەولێڕ
سیروانی نوێ - پێشمەرگەی سلێمانی

ڕیزبەندی یانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەیە:
١- پێشمەرگەی سلێمانی٦ یاری ١٦ خاڵ
٢- زێرەڤانی ٦ یاری ١٥ خاڵ
٣- سیروانی نوێ ٦ یاری ١٣ خاڵ
٤- پێشمەرگەی هەولێر ٦ یاری ١٢ خاڵ
٥- زاخۆ ٦ یاری١٠ خاڵ
٦- نەورۆز ٦ یاری ٨ خاڵ
٧- هەولێر ٦ یاری ٨ خاڵ
٨- کۆیە ٧ یاری ٧ خاڵ
٩- سیروانی شارەزوور ٦ یاری ٦خاڵ
١٠- ئاڵا ٦ یاری ٤ خاڵ
١١- شێروانە ٦ یاری ٤ خاڵ
١٢- هەندرێن ٦ یاری ٠ خاڵ

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler