کانونی یەکەم 07, 2019

ڕاكیتیچ بۆ بەردەوامبوون لە بەرشلۆنە؛ مەرجی هەیە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

زیدان، چارەنووسی ئەستێرەیەكی ریاڵ مەدرید یەكلا دەكاتەوە
زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، چارەنووسی ئەستێرەی یانەكە ئیسكۆ ئەلاركۆن، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەكەی یەكلا دەكاتەوە، بە تایبەت كە لە ماوەكانی دواییدا باسی چارەنووس و ئەگەری مانەوەی لە یانەكە، كراوە.
ڕۆژنامەی كۆنفیدێنشیال، ڕوونی كردووەتەوە، كە زیدان چارەنووسی ئیسكۆ یەكلا دەكاتەوە و لە پێكهاتەی سەرەكیدا پشتی پێ دەبەستێت و بابەتی ڕۆییشتنی لە ئێستەدا ڕەت كردەوە.
لە سەرەتای وەرزەوە، ئیسكۆ رووبەرووی زۆر كێشە بووەوە، كە وای كرد زیدان ناچار بێ پشتی پێ نەبەستێت، بەو پێیەی نەگەییشتە ئاستێكی بەرزی نموونەیی، ئەمەیش وای كرد كە باسی نەمانی لە یانەكە بێتە گۆڕێ.
لە دوا دوو یاریی یانەی شایانەدا، ناوبراو لە لایەن زیدانەوە وەك یاریزانی سەرەكی پشتی پێ بەسترا، كە بەرانبەر هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنس لیگ و دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس بوو لە خولی ئیسپانیا.
زیدان، دووپاتی كردەوە، كە هەرگیز ئیسكۆ لە دەست نادەن، ئەو یاریزانێكی گرینگە بۆ ئەوان، دەرك بەوە دەكا كە چی بكا و ئەوەیش دەكات.
زیدان، خواستی گەڕانەوەی ئیسكۆی بۆ پێكهاتەی سەرەكیی یانەی ریاڵ مەدرید هەیە، متمانەیشی پێ داوە، كە وەرزی ڕابردوو بەو جۆرە نەبوو، بە تایبەت لە ژێر سەرپەرشتیی لۆپیتیگی و سۆلاریدا.

ڕاكیتیچ، بۆ بەردەوامبوون لە بەرشلۆنە مەرجی هەیە
یاریزانی نێونەتەوەیی كرواتی ئیڤان ڕاكیتیچ، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشلۆنە، مەرجی خۆی بۆ مانەوەی لە یانەی بەرشلۆنە دیاری كرد، ئەوەیش دوای بردنەوەی یانەكەی بە گۆڵێكی مێسی لە ئەتلەتیكۆ مەدرید ئاشكرا كرد.
رۆژنامەی سپۆرت، لێدوانی راكیتیچی گواستووەتەوە، كە ناوبراو وتوویەتی: ئەگەر لێرە هەلی یاریكردنم هەبێ و دەرفەتم بدرێتێ، شوێنی لە بەرشلۆنە باشتر بۆ من نییە، من هێشتە زۆرم پێیە بۆ پێشكەشكردن و دەرخستن، دەمەوێ بۆ راهێنەر و هاوڕێكانم لە یانەكەی دەربخەم، كە هێشتە دەكرێ و دەتوانن پشتم پێ ببەستن.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، وتی: ڕەوشی خۆم لە بەرشلۆنە نازانم، بەڵام لە هەندێ رووەوە دەكرێ تێ بگەی، پێویستە كە ڕەوشەكە قبووڵ بكەیت و هەوڵی گۆڕینی بدەی، پێم وایە بۆ هەمووانم سەلماندووە كە هێشتە زۆرم پێیە پێشكەشی تیپەكەی بكەم.
لە كۆتاییدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە هەست بە متمانەی هاوڕێكانی لە یانەكەی و راهێنەرەكەیشی دەكا.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler