کانونی یەکەم 07, 2019

شەقڵاوە میوانداریی ئاسۆ دەکات، سەیدسادق و ڕزگاریش لە یارییەکی پڕ هاندەردا بە یەک دەگەن

لە گەڕی دووەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئەمڕۆ شەش یاری ئەنجام دەدرێن، لە شەقڵاوەی بووكی كوردستان، یانەی ئاسۆ دەبێتە میوانی یانەی یانەی ئەو شارۆچكەیە، یانەی کۆیەیش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی خاک دەکات، سەیدسادق و هەڵەبجەیش لە یارییەکی پڕ هاندەردا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، سەرجەم یارییەکانیش لە کات ٢:٣٠ـی ئێوارە ئەنجام دەدرێن.

شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەكانی ئەم وەرزە
یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچن، بەجۆرێک هەر یانەیەک یارییەک لە یاریگەی خۆی و یارییەکیش لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، ١٣ یانەی بەشداربوو، ڕکەبەری بەدەستهێنانی دوو پلیتی گەیشتن بە ڕیزی یانە نایابەکان دەکەن، کەمی ژمارەی یارییەکان هۆکارێکە کە هەموو یارییەک گرنگە و نابێت هەلی بردنەوە لە دەست بدرێ، ئەمە وای کردووە کە یارییەکان بەهێزبن گەرم و گوڕی زیاتری بە خولەکە داوە.

خشتە و وردەباسی یارییەكان
ئەمڕۆ هەر شەش یارییەكەی ئەم گەڕە بەڕێوە دەچن، لەسەر یاریگەی خۆی یانەی سەید سادق کە بە یانە پڕهاندەرەکە ناسراوە، میوانداری یانەی ڕزگاری نوێنەرەکەی گەرمیان دەکات، کە هەردەم لە یارییەکانی ڕزگاریش هاندەرانی ئەو دەڤەرە بە پەرۆشەوە هانی تیپەکەیان دەدەن، سەیدسادق لە گەڕی یەکەم لەگەڵ هەڵەبجە دۆڕاوە، ڕزگاریش لە یانەی ئاکرێی بردەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت یارییەکە لە ئاستێکی بەرزدا بێت.
لە یارییەکی تردا یانەی شەقڵاوەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، میوانداری یانەی ئاسۆی تاکە نوێنەرەکەی هەولێری پایتەخت دەکات، دوای دۆڕانی لەگەڵ چەمچەماڵ ئەمڕۆ شەقڵاوە گەرەکیەتی بە بردنەوە هاندەرانی دەڤەری خۆشناوەتی ئاشت بکاتەوە، یانەی ئاسۆیش دوای یەکسانبوونی لەگەڵ یانەی ئاشتی، چاوی لەوەیە یەکەم بردنەوە لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەست بهێنێت.
لەشاری کەرکووکیش یانەی ئاڵتون کۆپری میوانداری یانەی چەمچەماڵ دەکات، ئاڵتون کۆپری لەگەڕی یەکەمدا لەگەڵ هەڵۆ وەک هەڤ بووە، ئەمڕۆ بەدوای سەرکەوتندا دەگەڕیت، چەمچەماڵیش بەگڕوتینەوە بەشداری خولەکەی کردووە و مەبەستیەتی بەردەوامی بە ئەنجامە باشەکانی بدات و دوای بردنەوەی لەشەقڵاوە، ئاڵتون کۆپریش بکاتە قوربانی و هەنگاو بەرەو پلەکانی پێشەو بنێت.
لەلایەکی ترەوە یانەی کۆیە میوانداری یانەی خاکی کەرکووک دەکات، کۆیە لەیەکەم یاری خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوت بەسەر یانەی خانەقیندا، یانەی خاکیش ئەمە یەکەم یارییە لە وەرزی ئەمساڵدا ئەنجامی دەدات، دوای ئەوەی بەهۆی کشانەوەی یانەی سۆلاڤ لە گەڕی یەکەمدا پشوو بوو یاری نەکرد، کۆیە چەند ساڵێکە بە ئاستێکی بەرزدەردەکەوێت و چاوی لە گەیشتنە بە خولی نایاب، ئەمساڵیش یانەکە بەهەمان گڕوتینەوە بەشداری کردووە و گەرەکیەتی ئامانجەکەی بپێکێت.
لە یارییەکی تردا لەشاری سلێمانی یانەی ئاشتی میوانداری یانەی هەڵەبجەی شەهید دەکات، لەیاری یەکەمی خۆیدا یانەی ئاشتی لەگەڵ یانەی ئاسۆ یەکسان بووە، بۆیە ئەمڕۆ بە فاکتەری یاریگەو هاندەرانی گەرەکیەتی بردنەوە بەدەستبهێنێت و هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، هەڵەبجەیش دوای بردنەوەی لە سەیدسادق بۆ بردنەوە گەشتی شاری سلێمانی کردووە و چاوی لەسێ خاڵی یارییەکەیە.
لە دواین یاری ئەم گەڕەیشدا یانەی ئاکرێ لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی خانەقین دەکات، هەردوو یانە لە یاری یەکەمیاندا دۆڕاون، ئاکرێ دوای دابەزینی لە خولی نایابی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ خولی پلەیەک، ستافێکی نوێی کارگێڕی یانەکە بەڕێوەدەبەن، هەروەها لە پێکهاتەی تیپەکیش کۆمەڵێک گۆڕانکاری کراوە، ئەمڕۆ ئاکرێ بۆبردنەوە و ئاشت کردنەوەی هاندەرانی دەجەنگێت، یانەی خانەقینیش دوای بڕینی ڕێگەیەکی دوورو درێژ نایەوێت بەبێ خاڵ لە یارییەکە بێتەدەرەوە.
دوای کۆبونەوەی هونەری و ئەنجامدانی تیروپشکی خولەکە، بڕیار بوو دواین دوو یانەی کۆتایی ڕیزبەندی یانەکان بۆ خوولی پلە دوو دابەزن، بەڵام دوای کشانەوەی یانەی سۆلاڤ تەنیا یەک یانەی تر دادەبەزێت.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler