کانونی یەکەم 07, 2019

ئامادەكارییەكانی سیروانی نوێ بۆ خولی فوتساڵ دەخاتە ڕوو

كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ ماوه‌ بۆ دەستپێكردنی خولی نایابی فوتساڵی كچان بۆ وه‌رزی (2019 – 2020)، یانه‌ به‌شداربووەكانی خوله‌كه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ ئاماده‌كردن، یه‌كێك له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانی خوله‌كه‌، یانه‌ی سیروانی نوێیه‌، كه‌ وه‌رزی ڕابردوویش پله‌ی یه‌كه‌می به‌ ده‌ست هێنابوو، ئه‌م وه‌رزەیش، له‌ پێناو پارێزگاری له‌ ناسناوه‌كه‌ خۆیان ساز و ئاماده‌ كردووه‌، له‌ یه‌كه‌م گه‌ڕی یارییه‌كانیش، كه‌ ڕۆژی (13 دیسێمبه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سیروانی نوێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ شاری دهۆك ده‌بێته‌ میوانی فوتساڵی زێره‌ڤانی، بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ نزیكه‌وه‌، ئاماده‌كارییه‌كانی كچانی فوتساڵی سیروانی نوێ ده‌خاته‌ڕوو، عه‌باس فه‌ره‌جی راهێنه‌ر به‌م شێوه‌ باس له‌ ئاماده‌كاری تیپه‌كه‌ی ده‌كات.

هەر زوو دەستیان بە مەشقەكان كردووەتەوە
سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كاری تیپه‌كه‌ی عه‌باس فه‌ره‌ج، راهێنه‌ری سروانی نوێ وتی: دوای كۆتایی هاتنی خولی نایابی فوتساڵی وه‌رزی رابردوو، دوای پشوویه‌كی كورت، ده‌ستمان كرده‌وه‌ به‌ مه‌شق و راهێنان، چونكه‌ من حه‌ز ده‌كه‌م بۆ هه‌موو كاتێك تیپه‌كه‌م بۆ پاڵه‌وانێتی و خوله‌كان ئاماده‌بن، سوپاس بۆ خوا ئاماده‌كارییه‌كی باشمان كردووه‌.
یاریزانەكانیان پەیوەست بوونە بە مەشقەكانەوە
عه‌باس فەرەج، له‌سه‌ر پرسی رازیبوون له‌ یاریزانه‌كان و ئاستی ئاماده‌كاری تیپه‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان به‌شێویه‌كی باش خۆیان ئاماده‌ كردووه‌، به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی دامایانڕشتبوو، مه‌شق و راهێنانمان كردووه‌، یاریزانه‌كانیش زۆر به‌ رێك و پێكی په‌یوه‌ست بوونه‌ به‌ كات و ساتی مه‌شقه‌كان، ئه‌مه‌ش دلسۆزی ئه‌وان بۆ یانه‌كه‌ ده‌رده‌خات.

ئامانجی یانەكە، پارێزگاریكردنە لە ناسناوەكە
راهێنه‌ری سیروانی نوێ به‌ ڕوونی باسی ئامانجی تیپه‌كه‌ی كرد و گوتی: هه‌موو هه‌وڵێكی ئێمه‌ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌یه‌ و پارێزگاری كردنه‌ له‌ ناسناوی وه‌رزی ڕابردوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاسان نییه‌، پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش له‌ یارییه‌كان ده‌ربكه‌وین، ده‌مانه‌وێت میژووێكی نوێ له‌ یاریی فوتساڵ بۆ شاری سلێمانی بنوسینه‌وه‌ و بۆ دووه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك ببینه‌ پاڵه‌وان.

گرفته‌كانی یانەی سیروانی نوێ
عەباس فه‌ره‌ج، باسی گرفتی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌ی كرد و گوتی: له‌ ڕووی پێداویستی و دابین كردنی كه‌ل و په‌لی وه‌رزشی هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه‌، سوپاسی سه‌رپه‌رشتیاری یانه‌كه‌ ده‌كه‌م سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی بۆ دابین كردووین، به‌ڵام ئێمه‌ گۆلپارێزی سه‌ره‌كیمان(شاجوان جه‌بار) پێكانی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شوێنگره‌وه‌ی ئه‌ومان دیاریی كردووه‌، له‌ ئاستی ئه‌و نزیكه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین له‌ پێكانه‌كه‌ی چاك بێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ پێكهاته‌كه‌م بكاته‌وه‌.
عه‌باس فه‌ره‌ج، له‌ وه‌ته‌ی ساڵی (2010)وه‌، كاری راهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كانی فوتساڵی كچان ده‌كات، چه‌ندان ناسناوی له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپانه‌ بردووەته‌وه‌، كه‌ سه‌رپه‌رشتی كردوون، له‌وانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی په‌روەر‌ده‌ی پارێزگای سلێمانی، سێ ناسناوی له‌ سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌كانی هه‌رێم به ‌ده‌ست هێناوه‌، له‌وه‌ته‌ی ساڵی (2014)وه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌كانی فوتساڵی كچان وه‌ك راهێنه‌ر كار ده‌كات، دوو وه‌رز پله‌ی یه‌كه‌می له‌گه‌ڵ یانه‌كانی ئافره‌تانی هه‌ولێر و سیروانی نوێ به‌ده‌ستهێناوه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler