کانونی یەکەم 07, 2019

كوردێك به‌ربژێره‌ سه‌رپه‌رشتی یاریی كۆتایی جامی كه‌نداو بكات

گۆڤه‌ند عه‌بدولخالق، به‌ربژێره‌ سه‌رپه‌رشتی یاریی كۆتای جامی كه‌نداوی 2019 له‌ قه‌ته‌ر بكات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌هات، كه‌ سه‌رپه‌رشتی یاریی نێوان و كوێت و سعودیه‌ی كرد، دوای یارییه‌كه‌ش به‌ ئاستێكی باش هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كراوه‌.

گۆڤه‌ند، كە شارەزای بواری كارگێڕییە، له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیكردن و به‌شداریكردن له‌ جامی كه‌نداو بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: من ئه‌ندامی یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیام و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تیم له‌سه‌رپه‌رشتیكردنی یارییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنیان، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی جامی كه‌نداو له‌ وڵاتی قه‌ته‌ر بانگهێشتكرام، بۆ سه‌رپه‌رشتی یارییه‌كان، ئێمه‌ (10) سه‌رپه‌رشتیار له‌ جامی كه‌نداو به‌شدارین، ته‌نها وڵاتی (قه‌ته‌ر و كوێت)، به‌ دوو سه‌رپه‌رشتیار به‌شدارن، وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك (عێراق و یه‌مه‌ن و ئیمارات و عومان و سعودیه‌ و به‌حرێن)، به‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتیار له‌ جامه‌كه‌ به‌شدارن.
گۆڤه‌ند، ئه‌وه‌شی ئاشكار كرد، به‌هۆی باشی كاره‌كانی له‌ سه‌رپه‌رشتی كردنی یاریی نێوان كوێت و سعودیه‌، به‌ربژێر كراوه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی یاریی كۆتای جامی كه‌نداو، به‌ڵام مه‌رجه‌ وڵاتی عێراق بۆ یاریی كۆتای سه‌رنه‌كه‌وێت.
عه‌بدولخالق راشیگه‌یاند، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ به‌شداری له‌ جامی كه‌نداو بكات، ئه‌زموونێكی تازه‌ بوو بۆ كاره‌كه‌ی، هه‌ستێكی خۆشی لا دروست بووه‌، هه‌رچه‌ند پێشووتر چه‌ند یارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ی جامی كه‌نداو لای ئه‌و جیاوازتر بووه‌، كاریگه‌ری ته‌واوای له‌سه‌ر داهاتووی كاره‌كانی ده‌بێت.
گۆڤه‌ند، كوردێكی دانیشتوی شاری هه‌ولێره‌، خاوه‌ن بڕوانه‌مه‌ی ماسته‌ره‌، له‌ په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش، ئێستاش قوتابی به‌شی دكتۆرایه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كورده‌، له‌ جامی كه‌نداو سه‌رپه‌رشتی یارییه‌ك بكات، پێشووتریش چه‌ند یارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتی كردووه‌، به‌ پله‌ی باش هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كراوه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler