کانونی یەکەم 07, 2019

بەرشلۆنە، لە كێبەركێی پۆچیتینۆدا لە ئارسناڵ دەباتەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بەرشلۆنە، لە كێبەركێی پۆچیتینۆدا لە ئارسناڵ دەباتەوە
راپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژە بەوە دەكەن، كە یانەی بەرشلۆنە، لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ماوریسیۆ پۆچیتینۆدا، بەسەر یانەی ئارسناڵدا سەر دەكەوێ.
پۆچیتینۆ، پێشتر راهێنەری یانەی تۆتنهام بوو و بە هۆی ئەنجامە خراپەكانی یانەكەوە دوور خرایەوە و مۆرینهۆ لە شوێنی دەستبەكار بوو.
وا باس كرا، كە شوێنی ئۆنای ئیمری، راهێنەری یانەی ئارسناڵ دەگرێتەوە، بەڵام ئێستە ڕەوشەكە پێچەوانە بووەتەوە و بەرشلۆنە نزیكترە لەوەی بۆندی لەگەڵدا واژۆ بكات و شوێنی ئیرنیستۆ ڤاڵڤێردی بگرێتەوە، كە ئێستە راهێنەری یانەكەیە، بەڵام نوێكردنەوەی بۆندەكەی، ئەگەرێكی نزیك نییە.
دوای دوورخستنەوەی ئۆنای ئیمری، یانەی ئارسناڵ بە شێوەیەكی كاتی، فرێدی لیۆنبێرگی وەك راهێنەر دەستبەكار كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە تەمای لە راهێنەری پێشتری تۆتنهامیش ناوە.
بە هۆی ئەوەی پۆچیتینۆ، بیرۆكەی بەڕاهێنەربوونی یانەی ئارسناڵی ڕەت كردەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ببێتە راهێنەری یانەی بەرشلۆنە.

راهێنەری بەلژیكا، متمانەی بە هازاردە كە بگاتە ئاستێكی نموونەیی
رۆبێرتۆ مارتینیز، راهێنەری هەڵبژاردەی بەلژیكا، پێشبینیی ئەوە دەكات، ئیدین هازاردی ئەستێرەی ئەو وڵاتە، لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بهێنێت.
هازارد، لەو كاتەوەی چووەتە یانەی ریاڵ مەدرید، بەردەوام تووشی پێكان هاتووە، لە كاتێكدا 7 ساڵ لە ریزەكانی یانەی چێڵسی یاریی كرد.
سایتی گۆڵ، لێدوانی مارتینیزی گواستووەتەوە، كە ئاماژەی بەوە كردووە، هازارد سەعاتێك یاریی بەرانبەر پاریس سانت جێرمانی بە باشی ئەنجام داوە، لە كاتێكدایە بە هۆی پێكانەوە دەیناڵاند و دە ڕۆژیش بەو هۆیەوە دوور كەوتەوە.
وتیشی: ئەوەی كە خراپە، بە هۆی پێكانەكانیەوەیەتی، بەڵام دوای گەڕانەوەی بەشداری دەكات و زۆر شت پێشكەشی ریاڵ مەدرید دەكات.
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە هاوڕێكانی هازارد، توانای ناوبراو بە باشی دەزانن و پێیشی وابوو لە پڕۆژەی ڕیاڵ مەدریددا، ئاستێكی نموونەیی پێشكەش دەكات.
بۆ زانین، یەكێك لە ئامانجەكانی ریاڵ مەدرید لە دەستخستنی هازارد، ئەوەیە لە رووی گۆڵكردن و هێرشبردنەوە، شوێنی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بگرێتەوە لە ساڵانی دادێ، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە، ناتوانێ لە رووی گۆڵكردنەوە وەك ئەستێرە پورتوگالییەكەی پێشووتری یانەی ریاڵ مەدرید بێ.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler