کانونی یەکەم 07, 2019

ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندیی یانەکان و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

لە میانەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی برایەتی دوای یەکسان بوونی لەگەڵ یانەی زێرەڤانی پارێزگاری لە پێشەنگی ڕیزبەندی یانەکان کرد، یانەی سۆرانی تازە میوانی خولەکەیش لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و دوای بردنەوەی لەزاخۆ لەدەرەوەی یاریگەی خۆی، هاتەوە پلەی دووەم، یانەکانی شێروانە، پێشمەرگەی سلێمانی و هەندرێنیش لەم گەڕەدا جارێکی تر تووشی شکست بوون و تا ئێستا تامی سەرکەوتنیان نەکردووە.

برایەتی لە پلەی یەکەم مایەوە
برایەتی بۆ گەڕی شەشەمیش لە پێشەنگی ڕیزبەندی یانەکان مایەوە و وەک تاکە یانەی خولەکە لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، برایەتی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری زێرەڤانی کرد و بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، بەمەیش برایەتی هەر لە پلەی یەکەم مایەوە.
یانەی سۆرانیش لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و گەڕایەوە خانەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکان، وەک ڕاهێنەری یانەکەی دەڵێت، دەڤەری بادینان بۆ ئەوان بەخێرە و ئەمجارەیش بەبردنەوەیان لە زاخۆ ٣ خاڵی تریان خستە سەر ژمارەی خاڵەکانی تریان، سۆران ئەم وەرزە لەگەڕی دووەمیش لە یانەی دهۆکیان برد بۆوە.
لە یارییەکی تردا یانەی پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو، کەوتە داوی یەکسان بوونەوە و بەگۆڵێک لەگەڵ دەربەندیخانی یەکسان بوون، یانەی هەولێریش سێیەم سەرکەوتنی لەم وەرزە بەدەستهێنا و بە دوو  گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی هەندرێنی بردەوە و سەرکەوت بۆ خانەی سێیەم.
لەیارییەکی پڕ گۆڵیشدا لەدەڤەری گەرمیان یانەکانی شێروانە و سیروانی نوێ بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، سیروانی نوێ خانەی دووەمی لەدەستدا و گەڕایەوە پلەی چوارەم، شێروانەیش لەشەش گەڕی ڕابردوودا هیچ یارییەکی نەبردۆتەوە و سێ یاری یەکسان بووە.
لە دواین یاریشدا کە دێربی سلێمانی بوو، یانەی نەورۆز لەدەرەوەی یاریگەی خۆی یەکەم سەرکەوتنی لە وەرزی ئەمساڵ بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە.

هۆکاری زۆر یەکسانبوونی یارییەکان چیە؟
ئەوەی جێگەی سەرنجی چاودێرانی وەرزشی خولی نایابی کوردستانە، لە چەند ساڵی ڕابردوو لە یارییەکاندا و هەفتانە بەشێکی زۆری یارییەکان بە یەکسان بوون کۆتاییان دێت، بەشێک لە چاودێران هۆکارەکە بۆ نزیکی ئاستی یانەکان دەگەڕێننەوە، بەشێکی تریش پێیان وایە کە خولەکە ئاستی وەکو پێویست نیەو ڕا‌هێنەران زیاتر پشت بە پلانی بەرگریکردن دەبەستن.
لەم وەرزەیشدا بەهەمان شێوە زۆرترین یارییەکان بەیەکسان بوون کۆتاییان دێت، تا ئێستە لە شەش گەڕی ڕابردوودا ٣٦ یاری ئەنجامدراون، ١٥ یارییان بە یەکسان بوون کۆتاییان هاتووە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی یارییەکان.

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بەم شێوەیەیە:
بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو ئەم وەرزە ڕێژەی تۆمارکردنی گۆڵ کەمترە، ئەمیش لە شەش گەڕی ڕابردوودا بە دیار کەوتووە، هەروەها لە خولی نایابی کوردستان ئەو یاریزانەی دەبێتە گۆڵکار ڕێژەیەکی زۆر گۆڵ تۆمار ناکات.
تا ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٦ گەڕ لە یارییەکاندا یاریزانی یانەی هەولێر هۆگر حوسێن لە پێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵکاران دێت بە تۆمارکردنی ٤ گۆڵ کە سێ گۆڵیان لەڕێگەی لێدانی سزاوە تۆماریکردوون
یاریزان میلاد نەجمی لە یانەی سیروانی نوێ لە پلەی دووەم دێت و سێ گۆڵی هەیە، هەریەک لە یاریزانان بەهادین بەکر و هاوکار یەحیا لە یانەی سیروانی نوێ و سیاکۆ مستەفا لەیانەی سۆران، هێمن ڕزگار لەیانەی دەربەندیخان، عەبدوڵڵا سەربەست و ڕەوا یوسف لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، هەرێم تەحسین لە یانەی برایەتی لە خانەی سێیەم دێن و دوو گۆڵیان تۆمار کردووە.

چەند ئامار و زانیارییەک لەسەر خولەکە
لەم گەڕدا لەکۆی شەش یاریدا ١١ گۆڵ تۆمارکران، کە دەکاتە ڕێژەی ١،٨ گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ئەمەیش هەمان ڕێژەی گەڕی ڕابردووە کە بەهەمان شێوە ١١ گۆڵ تۆمارکران.
لەم گەڕدا سێ لێدانی سزا بۆ یانەکانی هەولێر و زاخۆ هەژمارکران، هۆگر حوسێن دوو لێدانی سزای بەسەرکەوتووی لە دژی یانەی هەندرێن جێ بەجێ کرد، کە بەهۆیە بە تۆمارکردنی ٤ گۆڵ هاتە سەروی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە، هەروەها یاریزانی زاخۆ مەحەمەد ساڵح لە دواین خولەکەکاندا لێدانی سزای لەدەستدا و نەیتوانی لەدژی یانەی سۆران گۆڵ تۆمار بکات. لەم وەرزدا تاکو ئێستا یانەکانی سیروانی نوێ و هەولێر خاوەنی زۆرترین گۆڵن ٨ گۆڵیان تۆمارکردووە، شێروانە لە شەش یاری ڕابردوودا زۆرترین جار تۆڕی گۆڵەکەی هەژاوە و ٩ گۆڵی لێ تۆمارکراوە، برایەتی تاکە یانەی خولەکەیە کە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی زۆرترین یاری دۆڕاندووە کە پێنج یارییە.
ئەم وەرزە لە شەش گەڕدا ٣٦ یاری ئەنجامدراون، ٦٥ گۆڵ تۆمارکراوە، ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ١،٨ گۆڵە، لە شەش گەڕی ڕابردوودا ١٢ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمارکراون، لەگەڕی یەکەم سێ لێدانی سزاو، لەگەڕی سێیەمیش دوو لێدانی سزا هەبوون، هەروەها لەگەڕی چوارەمدا ٣ لێدانی تر بۆ یانەکان هەژمارکران، لەگەڕی پێنجەم ١ لێدانی سزا هەبووە، هەروەها لەگەڕی شەشەمیش ٣ لێدانی سزای تر هەبوون.

ڕیزبەندی یانەکان دوای یارییەکانی گەڕی شەشەم بەم شێوەیەیە:
١- برایەتی ٦ یاری ١٢ خاڵ
٢- سۆران ٦ یاری ١١خاڵ
٣- هەولێر ٦ یاری ١١ خاڵ
٤- سیروانی نوێ ٦ یاری ١١ خاڵ
٥- دەربەندیخان ٦ یاری ٩ خاڵ
٦- پێشمەرگەی هەولێر ٥ یاری ٨ خاڵ
٧- زاخۆ ٥ یاری ٧ خاڵ
٨- دهۆک ٥ یاری ٦ خاڵ
٩- زێرەڤانی ٥ یاری ٦ خاڵ
١٠- نەورۆز ٥ یاری ٥ خاڵ
١١- هەندرێن ٥ یاری ٣ خاڵ
١٢- شێروانە ٦ یاری ٣ خاڵ
١٣- پێشمەرگەی سلێمانی ٦ یاری ١ خاڵ

خشتەی یارییەکانی گەڕی حەوتەم
دهۆک - پێشمەرگەی سلێمانی  یاریگەی دهۆک
دەربەندیخان - هەندرێن  یاریگەی دەربەندیخان
نەورۆز - برایەتی  یاریگەی نەورۆز
سۆران – پێشمەرگەی هەولێر  یاریگەی سۆران
زێرەڤانی - شێروانە  یاریگەی زێرەڤانی
سیروانی نوێ - زاخۆ  یاریگەی سیروانی نوێ
یانەی هەولێر چاوەڕوانە

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler