تشرینی یەکەم 16, 2018

سبەی لە نێوان زێرەڤانی و ئافرەتانی هەولێردا، یەكێكیان دەبنە پاڵەوانی خولی فوتساڵ

فوتساڵی نایابی كچانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ئافرەتانی هەولێر و زێرەڤانی لەسەر بوون بە پاڵەوانی خولەكە لە كات 05:00ـی ئێوارە لە دهۆك بەیەك دەگەن، ئەگەرچی یارییەكە تەواوكەری یارییەكانی ترە، بەڵام وەك یاریی كۆتایی دەناسرێت، چونكە دواین گەڕی خولەكەیە و هەردوو یانەیش كە جیاوازیی نێوانیان یەك خاڵە، ڕكەبەری بوون بە پاڵەوانی خولەكە لەگەڵ یەكتر دەكەن. لەبارەی یاری كۆتایش ڕۆژنامەی هەولێر بارودۆخ و ڕیزبەندی یانەكان و لێدوانی هەردوو ڕاهێنەر دەخاتە ڕوو.

زێرەڤانی ـ ئافرەتانی هەولێر
ئەم یارییە هاوشێوەی یاری كۆتایی دەبێت بۆ هەردوو یانە، چونكە بردنەوەی هەر یەكێكیان مانای بوون بە پاڵەوانیەتی، ئافرەتانی هەولێر ئەگەرچی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەكات، بەڵام تا ئێستا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و بە 13 خاڵ پلەی یەكەمی گرتووە، كچانی یانە هەولێرییەكە بە دوو ئەگەر دەبنە پاڵەوان بردنەوە بە هەر ئەنجامێك و یەكسان بوون لە یارییەكەدا بۆ یەكەم جار دەبنە پاڵەوانی خولی فوتساڵی كچان.
 یانەی زێرەڤانیش كە 3 جار بووەتە پاڵەوانی خولەكە 12 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەم دێت، فاكتەری یاریگەو هاندەرانیش لەبەرژەوەندی یانە دهۆكیەكەیەو گەرەكیانە تۆڵەی یاری ڕابردوویان لە ئافرەتانی هەولێر بكەنەوەو كە لە هەولێر بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك پێیان دۆڕا بوون و جارێكی تریش جامی خولەكە لە دهۆكی ڕەنگین بهێڵنەوە خەونی هەولێرییەكانیش جارێكی تر لەبار ببەن.
زێرەڤانی خاوەنی بەهێزترین هیڵی هێرشبەرەو تا ئێستا یانەكە لە چوار گۆشەی زێڕیندا 40 گۆڵی تۆمار كردووە یاریزانانیشی خاوەنی پلەكانی یەكەمی ڕیزبەندی گۆڵكارانن، لەبەرانبەردا 17 گۆڵیان لێ تۆمار كراوە، ئافرەتانی هەولێریش ئەگەرچی پلەی یەكەمی گرتووە، بەڵام گۆڵی لە زێرەڤانی كەمترە و 20 گۆڵی هەیە، بەڵام خاوەنی هێڵێكی بەرگری بەهێزەو تەنیا 7 گۆڵی لێكراوە.
بەپێی زانیارییەكانیش سەرجەم یاریزانانی زێرەڤانی بۆ یارییەكە ئامادەن و هیچ پێكان و ڕاگیرانێكیان نیە، (ناڵە سوپەر) ـی ڕاهێنەریش بۆ یارییەكە پشت بە (سیپەل شكور) ـی هێرشبەر دەبەستێت كە تا ئێستا گۆڵكاری خولەكەیە، ئافرەتانی هەولێریش لە توانەكانی (نەسرین) ـی كاپتنی یانەكە بێبەش دەبن، كە لە یاری ڕابردوودا كارتی سوری وەرگرت، بۆ ئەم یارییەیش (مەزن مەحەمەد) ـی ڕاهێنەر پشت بە تواناكانی هەریەك لە یاریزانان (سەمیرە ڕەوف، بێریڤان جەلال، دێرین مەحموود) دەبەستێت.

ئافرۆدیت ـ زانكۆی جیهان
لەسلێمانیش یانەی ئافرۆدێت میوانداری یانەی زانكۆی جیهان دەكات، یارییەكە هاوشێوەی یارییەكی دۆستانە دەبێت و یارییەكی تەواوكەری خولەكە دەبێت، چونكە هەردوو یانە بێهیوا بوون لەوەی ناسناوی خولەكە بەدەستبهێنن، ئافرۆدێت كە 4 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت گەرەكیەتی سەركەوتنەكەی بەسەر میوانەكەی دووبارە بكاتەوە و كۆتا یاری خولەكەیشی بە بردنەوە كۆتاییی پێ بهێنێت، لە 5 یاریشدا ئەو نوێنەری سلێمانی ژمارەی گۆڵەكانی كە تۆماری كردووە ئەو گۆڵانەیشی كە لێی كراوە وەكو یەكن كە 25 گۆڵە، زانكۆی جیهانیش كە هیچ خاڵێكی نیەو سەرجەم یارییەكانی دۆڕاندووە و 43 گۆڵی لێكراوە دەیەوێت لە دواین یارییدا ڕووی خۆی سپی بكاتەوە و بە بردنەوە ئەم وەرزە كۆتایی پێ بهێنێت.
ڕیزبەندی یانەكانی
1ـ ئافرەتانی هەولێر 13 خاڵ
2ـ زێرەڤانی 12 خاڵ
3ـ ئافرۆدێت 4 خاڵ
4ـ زانكۆی جیهان 0 خاڵ
خشتەی یارییەكانی دواین گەڕ
زێرەڤانی ـ ئافرەتانی هەولێر
ئافرۆدێت ـ زانكۆی جیهان

 بە خاڵی بەهێزی تیپەكەی دەزانێ؟
دەربارەی یاری زێرەڤانی و ئافرەتانی هەولێر ڕاهێنەری زێرەڤانی (ناڵە سوپەر) ووتی" وەك هەموو یارییەكانی تر بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەكردووە و مەشقەكانمان چڕ كردۆتەوە بۆ یارییەكە، سەرجەم یاریزانانیش لەڕووی دەرونی و جەستەییەوە بەشێوەیەكی باش ئامادەن، ناڵە ئەوەیشی نەشاردەوە كە ئەوان ئەم یارییە بە یارییەكی زەحمەت نابینن و پێی وابوو یارییەكی ئاساییە و هاوشێوەی یارییەكانی ڕابردووە، نەك یاری كۆتایی و یەكلای كردنەوەی ناسناوەكە بێت".
سوپەر هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە ئەوان بیر لەوە ناكەنەوە تۆڵەی خۆیان لە ئافرەتانی هەولێر بكەنەوە كە لە هەولێر پێیان دۆڕا بوون، بەڵكو ئەوان هەموو یارییەكانی كە ئەنجامیان داوە لەبیریان كردوون و تەنیا بیر لەم یارییە دەكەنەوە و هەوڵ دەدەن كار لەسەر هەڵەی یارییەكانی تر بكەن و بەشێوەیەكی باشتر ئامادە بن، ئەوەیشی ووت" كە خاڵێكی بەهێزی ئەوان بۆ یارییەكە یاریگەو هاندەرانیان دەبێت".

"هەر یارییەو بە پلانێكی جیاواز یاری دەكەین"
دواتر ڕاهێنەری ئافرەتانی هەولێر (مەزن محەممەد) دەربارەی یارییەكە وتی:"بۆ هەر یارییەك بە پلانێكی جیاواز یاری دەكەین، تاڕادەیەكیش شارەزای یاری زێرەڤانین، بە هۆی ئەوە چەند یاریزانێكی ئەو یانەیە پێشتر لەلای ئێمە یارییان كردووە، بە تەواوی بۆ یارییەكە ئامادەین و هیچ ترسێكمان نییە."
ئەو ڕاهێنەرە باسی ئەوەیشی كرد كە مەشقی چەند ڕۆژی ڕابردوویان تایبەت كردووە بەشێوازی یاریكردن لەگەڵ ئەوان، كاریان لەسەر هەندێك هێڵی یاری كردنی زێرەڤانی كردووە و دەزانن چۆن ئەو یانەیە ڕادەگرن، گەشبینی خۆیشی نەشاردەوە كە بتوانن وەك تاكە یانە ببنە پاڵەوانی كوردستان و عێڕاق

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر
.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.