کانونی یەکەم 07, 2019

سیروانی نوێ و برایه‌تی جه‌نگی پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، گه‌ڕی پێنجه‌می خولی نایابی كوردستان به ‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كات (2:30)ـی ئێواره‌ ده‌بێت، ئه‌م گه‌ڕه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، سیروانی نوێ چاوی له‌وه‌یه‌ پارێزگاری له‌ پلەی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌ بكات، برایه‌تیش ده‌یه‌وێت پێشەنگ له‌ ركەبه‌ره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی  وه‌رگرێته‌وه‌، یانەی هه‌ولێریش ده‌یه‌وێت سێیه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر تۆمار بكات، هەرچی یانەی نه‌ورۆزە، گه‌ره‌كیه‌تی یارییەكەی دهۆكی بكاتە خاڵی وەرچەرخان، یانەكانی زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانییش به ‌دوای ساڕێژی برینه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن، ده‌ربه‌ندیخانیش دەیەوێ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی بۆ زاخۆ ئاماده‌ كردووه‌، یانەی سۆرانیش و هه‌وڵ ده‌دات دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوو به‌ بردنه‌وه‌ له‌ یانەی شێروانه‌، لە بیری هانده‌رانی بباته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك، شه‌نوكه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دوایین زانیاری و پێشهاتەكان له‌سه‌ر یانه‌كانی به‌شدار له‌ خوله‌كه‌ بۆ خوێنه‌رانی ده‌خاته‌ڕوو.

سیروانی نوێ بۆ برایه‌تی ساز و ئاماده‌یه‌
یانەی سیروانی نوێ، له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی له‌ شاری سلێمانی، میوانداریی یانەی برایه‌تی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی (رزگار عه‌لی)، دوای تێپه‌ڕبوونی چوار گه‌ڕ، هه‌موو لایه‌كی تووشی سه‌رسووڕمان كردووه‌ به‌و ئه‌نجامانه‌ی به‌ ده‌ستی هێناون، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ به‌رگری ده‌كه‌ن و بۆ گۆڵیش پشت به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ و تۆپی جێگیر ده‌به‌ستن، تا ئێستەیش له‌ پلانه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو بوونه‌، ئێسته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی (10) خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می ڕیزبه‌ندییه‌كه‌یان گرتووه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌یش له‌گه‌ڵ نزیكترین ركابه‌ری یاریی ده‌كات.
یانەی برایه‌تی، تا ئێسته‌ باشترین ده‌ستپێكی تۆمار كردووه‌، پێچه‌و‌انه‌ی وه‌رزی ڕابردوو، كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌نجامی  وه‌ك پێویست نه‌بوو. ( فاتیح حه‌مه‌ خان)ـی راهێنه‌ر، ده‌یه‌وێت لەم یارییەدا، ‌ یانەی سیروانی نوێ تووشی یەكەم دۆڕان بكات، به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كی یارینه‌كردنی (گه‌یلان لوقمان)ـه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو، كارتی سووری وه‌رگرتووه‌، خاوه‌نی (8) خاڵن له‌ پله‌ی دووه‌مدان.

هه‌ولێر و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پایته‌خت ده‌جه‌نگن
هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی نوێنه‌ره‌كه‌ی پیرمام ده‌كات، هه‌ولێر بارودۆخی باشه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ نێو زه‌حمه‌تترین یاریگه‌، سێ خاڵی گرینگی وه‌رگرت، كاتێك له‌ زاخۆی برده‌وه‌، بۆیه‌ زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ باش ئاماده‌ن، ده‌مێكیشه‌ به ‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ن لە یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا له‌ كوڕانی سه‌میر بابۆ  ببنه‌وه‌، یانەی هه‌ولێر خاوه‌نی (7)، له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت.
یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، ئه‌و تیپه‌ی هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌، هه‌موو یارییه‌ك بۆ ئه‌و‌ان وه‌ك یاریی كۆتایی وایه‌، چونكه‌ پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووه‌، بۆیه‌ ئه‌ركیان زه‌حمه‌ته‌، به‌ تایبه‌تیش له‌م یارییه‌، كاتێك له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ی خۆی یاریی ده‌كات، یاریزانه‌كانیش باش شاره‌زای یه‌كترن، هانده‌رانی هه‌ولێر به‌جۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌م یارییه‌ن، پێشمەرگەی هەولێر، خاوه‌نی (6) خاڵن، پله‌ی شه‌شه‌م به‌شیانه‌.

نه‌ورۆز، بە نیازی بردنەوە لە دهۆك، میوانداریی ئەو یانەیە دەكا
یانەی نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری دهۆكییه‌كان ده‌كات، هه‌ردوو تیپ به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام تا ئێسته‌ش پێی نەگەیشتوون، بۆیه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌كتر به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن، تا بردنه‌وه‌یه‌ك تۆمار بكه‌ن، نه‌ورۆزییه‌كان گه‌ڕی رابردوو پشوو بوون‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تییان ده‌دات تا خۆیان به‌ باشی رێك بخەنه‌وه‌، خاوه‌نی دوو خاڵن و پله‌ی یازدەیه‌م به‌شیانه‌.
دهۆك، پێشبینی ئه‌نجامێكی باشتری له‌وه‌ی ئێسته‌ لێ ده‌كرا، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاست خواستی هانده‌رانیدا بێت، كێشه‌ی دارایی و هیڵی به‌رگریی دهۆكییه‌كان رێگره‌ له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنیان به ‌شێویه‌ك باش، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی ئاگری نه‌ورۆز خامۆش بكه‌ن و شكستەبەشی بكەن، دهۆك سێ خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی هه‌شته‌م به‌شیه‌تی.

ده‌ربه‌ندیخان، نایەوێ زاخۆ بەبێ دۆڕان یاریگەكەی جێ بهێڵیت
یانەی ده‌ربه‌ندیخان، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی  یانەی زاخۆ ده‌كات، شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند له‌و تیپانه‌ن تامی دۆڕانیان نه‌كردووه‌، ئه‌م گه‌ڕەیش ده‌خوازن له‌ زاخۆ ببه‌نه‌وه‌ و سێ خاڵی تری گرینگ بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌گبه‌كه‌یان، (هه‌ژار ئه‌حمه‌د)ـی گۆڵپارێزی تیپه‌كەیش له‌ چوار یاریی رابردوو، هیچ گۆڵێكی لێ نه‌كراوه‌، ئه‌مڕۆیش ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆ به‌رانبه‌ر زاخۆییه‌كان دووباره‌ بكاته‌وه‌، دەر‌به‌ند خاوه‌نی (8) خاڵه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌.
زاخۆ به ‌ده‌ست كێشه‌ی نه‌بوونی مووچه‌ و خه‌ر‌جی و پاره‌ی یاریزانه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌روونی یاریزان ده‌بێت، ته‌نانه‌ت یوسف محه‌مه‌دی راهێنه‌ر، دۆڕانی گه‌ڕی رابردوویانی بۆ نه‌بوونی مووچه‌ و كاریگه‌ری به‌سه‌ر نائاماده‌یی لایه‌نی ده‌روونی یاریزانه‌كه‌نه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، یانەی زاخۆ خاوه‌نی چوار خاڵن و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێن.
یانەی سۆران میوانداری شێروانه‌ ده‌كات
یانەی سۆران له‌ یاریگه‌ی ر‌واندز، میوانداریی  یانەی شێروانه‌ی كه‌لار ده‌كات، سۆران هه‌وڵ ده‌دات، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ شێروانه‌، برینه‌كانی شكسته‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌ بیر هانده‌ره‌ دڵسۆزه‌كانی سۆران و باڵه‌كایه‌تی بباته‌وه‌، دەیشیانه‌وێت به‌ هه‌ر نرخێك بێت، بۆ ڕێچكه‌ی سه‌ركه‌وتن بگه‌ڕێنه‌وه‌، سۆران خاوه‌نی (7)، خاڵه‌ و له‌ پله‌ی چواره‌مدایه‌.
لای خۆیەوە، یانەی شێروانه‌، ئه‌م گه‌ڕه‌ راهێنه‌ریشی گۆڕیوه‌، ئه‌حه‌مه‌د سه‌بری شوێنی وه‌لید محمه‌دی گرتووته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت یه‌كه‌م هه‌نگاوی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانیان له‌ سۆرانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و دووەم شكستی لەسەریەكی تووش بكەن، به‌ڵام كاره‌كه‌یان ئاسان نییه‌ و تووشی زه‌حه‌تی زۆر ده‌بنه‌وه‌، شێروانه‌ ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی دوازده‌یه‌می گرتووە.

زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ بادینان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
یانەی زێره‌ڤانیی زامدار، له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ شاری دهۆك میوانداریی یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، سلێمان ره‌مه‌زان، ئه‌مه‌ وه‌ك دوا ده‌رفه‌ت ده‌بینێ بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی، چونكه‌ ده‌زانێت باشترین كاته‌ تا له‌م تیپه‌ بباته‌وه‌، بۆیە ده‌خوازن یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیان له‌سه‌ر حسابی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی تۆمار بكەن‌، یانەی زێره‌ڤانی خاوه‌نی دوو خاڵه‌ و خانه‌ی ده‌یه‌می گرتووه‌، كه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ناو پێگه‌ی ئه‌وان ناگونجێت.
یانەی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی راهێنه‌ر وه‌لی كه‌ریمه‌، كه‌ تازه‌ هاتووه‌ته‌ شوێنی یاسین مه‌ناف، هه‌وڵ ده‌دات لە یه‌كه‌م یاریدا، بوونی خۆی بسه‌لمێنێ، به‌ لایه‌نی كه‌م به‌ خاڵێكەوە له‌ بادینان بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركی زه‌حمه‌ته‌ و تووشی بەربەست و ئەستەمیی زۆر ده‌بێت، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانی خاوه‌نی یه‌ك خاڵن و له‌ كۆتایی ریزبه‌ندیی خوله‌كه‌دا دێن.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ئه‌م گه‌ڕه‌ یانەی هه‌ندرێن، یاریی ناكات و چاوه‌ڕوانه‌، تیپه‌كه‌ی دڵشاد مه‌عروف ته‌نیا سێ خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی نۆیه‌مدا دێت.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler