کانونی یەکەم 07, 2019

كريستيانۆ داوای لێبوردن له‌ ماوریزیۆ ساری ده‌كات

سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ پلانێكی بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس ئاماده‌ كردووه‌ و دانیشی به‌هه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا هێناوه‌.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوو یاری رابردوو ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس گۆڕانكاری به‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌ستێره‌ پورتوگالییه‌كه‌ی توڕه‌ كرد و هه‌مووان ناڕه‌زاییه‌كه‌ی كریستیانۆیان هه‌ستپێكرد.
رۆژنامه‌كانی ئیتاڵیا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی یوڤێنتۆس داوایان له‌ كریستیانۆ كردووه‌ داوای لێبوردن له‌ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی یوڤێنتۆس بكات.
رۆژنامه‌ی توتو سپۆرتی ئیتاڵیا، هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاریداوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ تۆرینۆی ئیتاڵیا له‌ ئێواره‌ خوانێكدا بانگهێشتی ماوریزیۆ ساری و سه‌رجه‌م یاریزانانی یوڤێنتۆس بكات و له‌به‌رده‌م هه‌موویان داوای لێبوردنیان لێ بكات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ هاوینی 2018 له‌ یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ به‌ به‌های 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ یوڤێنتۆس گواسترایه‌وه‌، پێشتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریال له‌ كۆی 438 یاری 450 گۆڵ و 131 ئاسیستی كردووه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤی له‌ 57 یاری، 34 گۆڵ و 12 ئاسیستی تۆمار كردووه‌.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler