کانونی دووەم 29, 2020

مارتینیز، هۆكاری سەرەتاخراپەكەی هازارد لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئاشكرا دەكا

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕۆناڵدۆ، لە یۆرۆی 2020ـدا هەڕەشەیە بۆ سەر خەونەكانی ئیسپانیا
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی گەییشتە كۆتاییەكانی یۆرۆی 2020، دوای تۆماركردنی 7 گۆڵ لە تیمی ماڵتە، لە دواگەڕیشدا ڕۆمانیای بە 5 گۆڵەوە شكستبار كرد.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئەوەی روون كردووەتەوە، كە بە بردنەوەی لە رۆمانیا، هەندێ دەستكەوتی بۆ زیاد دەبێ، بەو پێیەی بە تۆماركردنی ئەو ئەنجامە، لە یاریكردن لەگەڵ هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئیتاڵیا و بەلژیكا و ئینگلتەرا و ئۆكراین و هۆڵەندا و ڕووسیا و دانمارك و ئەڵمانیا بە دوور دەبێ.
پورتوگال، بەو پێیەی سەرلیست نییە، یەكێك دەبێ لەو تیپانەی ئەگەری بەركەوتنی بە ئیسپانیا دەبێ، تا ئێستەیش ئیسپانیا نازانێ، لە قۆناغی گرووپەكان، ئیرلەندا دەبێتە یەكێك لە ركەبەرەكانی یان نا، بەڵام باشترین دەستكەوتی ئیسپانیا، ئەوەیە كە یارییەكانی گرووپەكان لە نێو ئیسپانیا و  یاریگەی سان مامیس لە بلباو ئەنجام دەدات.

ریاڵ مەدرید دەیەوێ ئەستێرەیەكی ئەتلەتیكۆ بە دەست بهێنێ
تۆڕی دێڤنسیا سێنتڕاڵی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە یانەی ریاڵ مەدرید بایەخ بە دەستخستنی ئەستێرەی لاوی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، جواو فیلیكسی پورتوگالی دەدا و بە دوای هەلێكدا دەگەڕێ تا بیباتە ریزەكانییەوە.
ئەو مێدیایە، ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، كە فیلێكس، تا ئێستە لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید شكستی هێناوە، خۆیشی لە شێوازی یاریكردنی ڕاهێنەری یانەكە دیێگۆ سیمۆنی ئاسوودە نییە.
هەروەك، ڕوونی كردووەتەوە، كە ریاڵ مەدرید دەیانەوێ ئەو یاریزانە 20 ساڵانە ببەنە ریزەكانییەوە، بە تایبەت ئەگەر ئەتلەتیكۆ بڕیاری فرۆشتنی بدات، چونكە دەزانن كە لەو جۆرە یاریزانانەیان بۆ پڕكردنەوەی كێماسییەكانی پێكهاتەی یانەكەیان پێویستە.
ئەتلەتیكۆ مەدرید، لە هاوینی ڕابردوو، ئەو یاریزانەی لە پۆرتۆی پورتوگالییەوە بەرانبەر بەهای 126 ملیۆن یۆرۆ بردبووە ریزەكانی، كە بڕی بۆندەكەی بەش بەش دەدا، ئەمە لە كاتێكدا بوو، هاوینی ڕابردوو، یانەی ریاڵ مەدریدیش هەوڵی دەستخستنی دا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.

مارتینیز، هۆكاری سەرەتاخراپەكەی هازارد لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئاشكرا دەكا
رۆبێرتۆ مارتینیز، بەڕێوەبەری هونەریی هەڵبژاردەی بەلژیكا، هۆكاری ئاستخراپیی یاریزان هازاردی لە سەرەتای پێوەندیكردن بە یانەی ریاڵ مەدریدەوە ئاشكرا كرد.
سایتی دێڤینسیا سێنتڕاڵ، لێدوانی مارتینیزی گواستووەتەوە، كە ناوبراو وتوویەتی "هازارد لە سەرەتای چوونە ریاڵ مەدرید بەخت یاوەری نەبوو، ئەو ئاستەی نەبوو كە  دەیخواست وابێ، بە هۆی پێكانەكەیەوە سەرەتایەكی زۆر هێواش و لەسەرخۆی هەبوو.
وتیشی: من وای دادەنێم كە هازارد بە قۆناغی خۆئامادەكردنەوە و خۆگونجاندندا دەڕوا، چونكە ئاسان نییە بچیتە پاڵەوانیەتییەكی دیكە، لە كاتێكدا شێوازی یاریكردنی جیاوازە، بۆیە كاتی دەوێ تا هاوڕێكانی ئەو شێوازە یاریكردنەی هازارد دەرك پێ دەكەن و لەگەڵی ڕادێن، لەگەڵ ڕۆییشتنی كات، باشتر دەبێ و دەگاتە باشترین ئاستی خۆی.
وتیشی: ئەگەر سەیری یارییەكانی لە هەڵبژاردەكەی بكەی، دەزانی كە لە ئاستێكی جێگیردا بووە.

تۆتنهام، سێ كەسی بۆ جێگرتنەوەی پۆچیتینۆ دیاری كردووە
ڕۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بریتانی بڵاوی كردەوە، كە یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی، لیستێكی سێ كەسی داناوە، كە وەك شوێنگرەوەی راهێنەری ئەرژەنتینی ماوریسیۆ پۆچیتینۆ دایناون، لە كاتێكدا ئەگەر بەم زووانە ئاست و ئەنجامەكانی تیپەكەیان باشتر نەبێ، دووری دەخەنەوە.
ئاستی ئێستەی یانەی تۆتنهام و ئەنجامەكانی، بە ڕەوشێكی ئاڵۆز و تەڵخدا تێدەپەڕن، بە تایبەت لە دوا پێنج یاریی یانەكەدا، سەركەوتنیان بە دەست نەهێناوە و لە خانەی 14ـیەمینی ریزبەندیی پرێمەر لیگ جێگیر بووە.
رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بریتانی، ئاشكرای كردووە، كە خۆگری یانەكە زۆری نەماوە و پۆچیتینۆ لە ژێر مەترسیی دوورخستنەوەدایە، بە تایبەت ئەگەر لە گەڕی دادێ بەرانبەر وێست هام بدۆڕێ، دوور دەخرێتەوە.
دەیڵی مەیڵ، ئەوەیشی روون كردووەتەوە، كە ئیدی هاو، راهێنەری یانەی پۆرنمۆس، یەكێكە لە بەربژێرەكان، جۆلیان ناگلسمانی راهێنەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی و كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ناپۆلی، دوو بەربژێری دیكەی  جێگرتنەوەی پۆچیتینۆن.
بۆ بیرهێنانەوە، دوایاریی تۆتنهام لە پرێمەر لیگ، لەگەڵ یانەی شیفیڵد یونایتد بە ئەنجامی 1-1 یەكسان بوو.

یانەی ئارسناڵ، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بە سێ بۆند خۆی رزگار دەكا
دوای تێپەڕینی 12 گەڕ، لە خولی ئینگلتەرا، یانەی ئارسناڵ لە پێگەیەكی خراپدا دەردەكەوێ و دەیەوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بە سێ بۆند، كێشەكانی چارەسەر بكات.
ئارسناڵ لەو 12 گەڕەدا، تەنێ 4 سەركەوتنی تۆمار كردووە و سێ یارییش دۆڕاوە و لە 5 یارییشدا یەكسان بووە، 16 گۆڵی كردووە و 17 گۆڵی لێ كراوە، ئەمە لە كاتێكدایە بە جیاوازیی 8 خاڵ لە مانچستەر سیتیی خاوەن خانەی چوارەم، پلەی شەشەمی ریزبەندی گرتووە.
واژۆكردنی بۆند لەگەڵ سێ یاریزان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، كێشەكانی یانە لەندەنییەكە چارەسەر دەكا، ئەوانیش هەریەك لە یاریزان ناسان ئاكیی تەمەن 24 ساڵان، بەرگریكاری یانەی پۆرنمۆس و ئیمری چانی 25 ساڵان، یاریزانی پێشووی لیڤەرپوول و ئێستەی یوڤێنتوس، كە لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات. دانیێلی رۆگانی تەمەن 25 ساڵان، كە لە ریزەكانی یانەی یوڤێنتوس یاری دەكات.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler