ئاب 11, 2020

ئه‌مڕۆ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانی سنووری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ به‌شی چاڵاكی وه‌رزشی و دیده‌وانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر ئه‌نجامی ده‌دات، یارییه‌كانیش به‌ چه‌ند قۆناخێك و چه‌ند یارییه‌كی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چن.

ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كه‌م پاڵه‌وانێتی بۆ قوتابخانه‌ ئاماده‌یه‌كان، كه‌ له‌ هۆڵی بنه‌سڵاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نزیكه‌ی( 14) ئاماده‌ی به‌شدارن، به‌ یاریی باله‌ی كوڕان ده‌ستپێده‌كات، سه‌ره‌تای یارییه‌كانیش له‌ نیوان  ئاماده‌ی ڕاستیار و ئاماده‌ی قامیشلۆ ده‌بێت له‌ كاتژمێر (9) به‌یانی.
ده‌شتی مه‌جید، مامۆستا له‌ به‌شی چاڵاكی وه‌رزشی و دیده‌وانی به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راده‌یاند، كه‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و زۆربه‌ی چاڵاكی و یارییه‌كان له‌ خۆ ده‌گرێت، وه‌ك فووتساڵی كچان، كه‌ ( 15)  قوتابخانه‌ به‌شدارن، به‌ڵام ئه‌وپاڵه‌وانێتییه‌ له‌ یاریگای ئاماده‌ی ئارینكۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، جگه‌ له‌وانه‌ش پێشبڕكێی مه‌له‌وانی و خولی تێنسی سه‌رمیزیش ده‌كه‌ینه‌وه‌.
ده‌شتی باسی له‌ گرفته‌كانی ئه‌م سنووره‌ كرد و وتی: به‌هۆی فراوانی سنووره‌كه‌مان كیشه‌ی زۆری قوتابخانه‌مان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا گرفتی هاتووچۆشمان هه‌یه‌، كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ به‌شێك له‌ یارییه‌كان قوتابخانه‌كان ئه‌و توانایانه‌یان نییه‌، له‌ رێگایه‌كی دووره‌وه‌ بێن به‌شداربن، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك ساڵانی پێشوو خه‌رجی ئه‌و مامۆستایانه‌ نادرێت، كه‌ ناوبژیوانی یارییه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و مامۆستا یانه‌ی له‌ نیو چاڵاكی وه‌رزشی و دیده‌وانیین یارییه‌كان به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ ئیستا، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چاڵاكییه‌كان، به‌شی چاڵاكی وه‌رزشی و دیده‌وانی سنووری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر، له‌ ژێر درووشمی (به‌ره‌و كوردساتانێكی به‌هیز)، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیده‌وانی یه‌ك رۆژه‌ی بۆ به‌چكه‌شێرانی قۆناخی بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجام دا، كه‌ تیادا (10) قوتابخانه‌ به‌شداربوون، له‌ كۆتاییشدا خه‌ڵات به‌سه‌ر قو‌تابیان به‌شداربووان داه‌شكرا .

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler