ئاب 08, 2020

ساری، هۆی ئاڵوگۆڕكردن بە ڕۆناڵدۆی ئاشكرا كرد

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

كاپێللۆ: ڕۆناڵدۆ سێ ساڵە یاری بە یاریزانێك نەكردووە
فابیۆ كاپێللۆ، بەڕێوەبەری پێشووی هونەریی یانەی یوڤێنتوس، پێی وایە كە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ زۆر توانای جەستەیی لە دەست داوە.
ڕۆناڵدۆ بۆ جاری دووەم لەسەریەك، لە ریزەكانی تیمەی لە نیوەی دووەمدا بۆ وەرگرتنی پشوو برایە دەرەوەی یاریگە، كە دووەمجار لە خولەكی 55ـدا لە رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ میلان، لە خولەكی 55 یاریگەی جێ هێشت و پاولۆ دیبالا شوێنی گرتەوە، كە دواتر گۆڵی سەركەوتنی تۆمار كرد.
ڕۆناڵدۆ بە هۆی ئەو ئاڵوگۆڕەی پێی كرا، تووڕەیی زۆری پێوە دیاری بوو، هەر بە هەمان هۆكارەوە، پێش كۆتاهاتنی یارییەكە، یاریگەی جێ هێشت.
ئەو كارەی رۆناڵدۆ، بووە جێی ڕەخنەی كاپێللۆ و لەو رووەوە وتی، كە سێ ساڵیش دەبێ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، یاریی بە یاریزانێك نەكردووە.
ناوبراو بۆ تۆڕی سكای سپۆرت، ئەوەی خستە روو: ئەوەی ڕۆناڵدۆ كردی جێی سەرنج و سەرسامیم نەبوو، دەبێ ئەو پاڵەوان بێ، تەنانەت لە كاتێكدا كە لە یاریگەیش دەچێتە دەرەوە.
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە ڕۆناڵدۆ سێ ساڵیش دەبێ لە یاریزانێكی تیپی بەرانبەر دەرنەچووە، لەگەڵ ئەوەیشدا، لە نێو جەستەی ئەودا، پاڵەوانێكی سنوورشكێن هەیە، ئەوەیش باشترین شتە كە هەیەتی، بەڵام ئێستە دیبالا و دۆگلاس كۆستا هەن، كە لە دوا دوو یارییدا گۆڵی سەرنجڕاكێشیان تۆمار كردووە و ئەوان بەبێ ڕۆناڵدۆ بردوویانەتەوە و دەبەنەوە.
كاپێللۆ، دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ساریی راهێنەری یوڤی كرد، كە بوێری ئاڵوگۆڕكردنی بە ڕۆناڵدۆ هەبوو، ڕۆناڵدۆ ئێستە هەمان ئاست و توانای جەستەیی و خێرایی پێشووی نییە.
بۆ زانین، ڕۆناڵدۆ لە 14 یاریی یانەكەیدا، بەشداری كردووەو 6 گۆڵی تۆمار كردووە.

ڕیاڵ مەدرید، دوو ئەستێرەی دەكاتە قوربایی ئۆبامیانگ
راپۆرتە مێدیاییەكان، ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە یانەی ریاڵ مەدرید ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی دوو ئەستێرەی بكاتە قوربانیی دەستخستنی ئۆبامیانگ، كە دەیەوێت لە بۆندێكی ئاڵوگۆڕیدا، ئەو یاریزانەی یانەی ئارسناڵ لە ماوەی زستانەدا بباتە ریزەكانییەوە.
سایتی دۆن دیاریۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ریاڵ مەدرید، یاریزانی یانەی ئارسناڵ ئیمیریك ئۆبامیانگی بە ئامانج گرتووە، تا هێڵی پێشەوەی یانەكە بەهێزتر بكا.
ریاڵ مەدرید، هەنگاوێكی پتەو و مەحكەمی بۆ ئەوە گرتووەتە بەر كە ناوبراو بباتە ریزەكانییەوە، كە پلانەكەی بریتییە لەوەی هەردوو یاریزان دانی سیبایۆس و لۆكاس ڤاسكێز بە یانەی ئارسناڵ بدات، لە پای ڕازیبوون بەوەی دەستبەرداری ئۆبامیانگ بن.
هێشتەیش یاریزان سیبایۆس بە شێوەی خواستن لە یانەی ریاڵ مەدریدەوە چووەتە ئارسناڵ و هەر لە ریزەكانی ئەو یانەیەدایە، لەوانەیە بە تەواوی دەستبەرداری بێ بۆ كەمكردنەوەی تێچووی بۆندی ئۆبامیانگ، وێرای ئەوە، دەیەوێ ڤاسكوێزیش بە ئارسناڵ بدا، كە ناوبراو یەكێكە لە ئامانجەكانی ئۆنای ئیمری.

ساری، هۆی ئاڵوگۆڕكردن بە ڕۆناڵدۆی ئاشكرا كرد
ماوریسیۆ ساری، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی یوڤێنتوس، دەستخۆشی لە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی یاریزانی یانەكەی كرد و هۆی ئاڵوگۆڕپێكردنیشی لە كاتێكی زووی یارییەكەدا ئاشكرا كرد.
راهێنەرەكەی یوڤی، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە ڕۆناڵدۆ، دوای تێپەڕبوونی ئەو كاتەی یارییەكە، پێویستی بە پشوو بوو.
لەو رووەوە، ڕوونكردنەوەی زیاتری دا و ئەوەی ئاشكرا كرد: لە ماوەی مانگی رابردوودا، كێشەیەكی سادەی لە ئەژنۆی هەبوو، بەو هۆیەوەی لە مەشقەكاندا گورزێكی بەر كەوتبوو، ئەوەیش زیانی بە یەكێك لە بەستەرەكانی دابوو، ئەوكاتەی مەشقی دەكرد، یان بەهێزەوە یاریی دەكرد، كاریگەریی لەسەری دروست دەكرد و لەوانەیە ماسوولكەكانیی ڕانی بپچڕاندایە یان زیانی لێ بدایە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر ئاستی دادەنا.
وتیشی، كە دەبێ سوپاسی ڕۆناڵدۆ بكەن، بەو دۆخەوە ئامادە بووە و هەوڵی داوە ئەوەی لە دەستی بێ بیكا.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler