ئاب 11, 2020

نهێنی ئاست به‌رزی یانه‌ی سۆران له‌ خولی نایابی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو

سۆران، ئه‌سپه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان دوای تێپه‌ڕبوونی سێ گه‌ڕ حه‌وت خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتووه‌، هه‌موو هانده‌ران و یانه‌كانی كوردستانی شۆك كردووه‌، كه‌س پێشبینی ئه‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ی له‌ سۆران نه‌ده‌كرد، كه‌چی ئێسته‌ توانیویه‌تی له‌ دوو تیپی به‌هێزی خوله‌كه‌ بباته‌وه‌، كه‌ دهۆك و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانین، له‌گه‌ڵ نه‌ورزیش یه‌كسان بێت، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ نزیكه‌وه‌ هۆكاری ئاست به‌رزی یانه‌كه‌ و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ ده‌خاته‌ڕوو، جگه‌ له‌وه‌ش دیارترین گرفته‌كانی ئه‌و تیپه‌ ئاشكرا ده‌كات.

گرفتی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌ چییه‌؟
جه‌لال سه‌عید رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی له‌ سۆران، باس له‌ گرفته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی یانه‌ی سۆران بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ده‌كات و ده‌ڵێت: نه‌بوونی یاریگا كێشه‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ی سۆرانه‌، دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر دواجار پارێزگاری هه‌ولێر فرسه‌ت سۆفی نۆژنكردنه‌وه‌ی یاریگاكه‌ی خسته‌ بواری كار كردن و ئێسته‌ له‌ قۆناخه‌كانی ته‌واو بوون دایه‌.
جه‌لال له‌سه‌ر ئاستی تیپه‌كه‌ش ئه‌و ئه‌نجامانه‌ وتی: بوونی گیانێكی به‌هێز له‌ نێوان یاریزانه‌كان هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێز و خۆشه‌ویستی له‌ نێوان یاریزان و راهێنه‌ره‌كه‌یانداهه‌یه‌، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ سۆران به‌و ئاسته‌ی ئیستای ده‌ربكه‌وێت.

راهێنه‌ر هۆكاری راسته‌قینه‌ی ئاستبه‌رزی سۆران ده‌ستنیشان ده‌كات
ره‌فیق سه‌عید راهێنه‌ری سۆران وتی: خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌مان چه‌ند هۆكارێكه‌ یه‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سۆران یه‌كه‌م جاره‌ له‌ نایاب یاریی ده‌كات بۆیه‌ یاریزانه‌كان ده‌یانه‌وێت باشترین ئه‌نجام به‌ده‌ستبهێنن، كه‌ ئه‌مه‌ پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌و ئه‌نجامه‌ باشانه‌، خاڵێكیتر ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌ هاوكاری یاریده‌ده‌ره‌كانم و ده‌سته‌ی كارگێڕی ئاماده‌كارییه‌كی باشمان بۆ خوله‌كه‌ كردووه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ده‌ستپێكی خوله‌كه‌ پلانی تایبه‌تمان هه‌بووه‌، یاخود حسابی هه‌موو بارودۆخێكمان كردووه‌، بوونی كۆمه‌ڵێ یاریزانی باش هۆكاره‌، ئێمه‌ خاوه‌ن یه‌ده‌گی باشین بۆیه‌ هه‌موو یاریزانه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن شوێنی خۆی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی به‌هێز بكات تا پێگه‌كه‌ی بۆ شوێنگره‌وه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دات، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌نجامی باش له‌ خۆیه‌وه‌ نایه‌ته‌ دی به‌ڵكو هه‌وڵ و ماندووبوون و ئاماده‌كاری ده‌وێت.

قۆناخی داهاتووی سۆران به‌ كوێ ده‌گات؟
ره‌فیق وتی: مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئاسته‌ و له‌ لوتكه‌ پێموایه‌ شتێكی زه‌حمه‌ته‌، ره‌نگه‌ تا حه‌دێك گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ ماندووبوونی زۆری بووێت، به‌ڵام مانه‌وه‌ له‌ لوتكه‌ی ئاست و ئه‌نجام بۆ تیپێكی وه‌ك ئێمه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌، ئێمه‌ ئێسته‌ بارودۆخێكی باشمان هه‌یه‌، ئه‌نجامی باشمان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ داهاتوو یاریزانه‌كان تووشی پێكان بن، یاخود به‌هۆی كارته‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانه‌وه‌ له‌ یاریی كردن داببڕێن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی تیپه‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ داهتوو بیكه‌ین زاڵبوونه‌به‌سه‌ر شكست و بارودۆخه‌ ناخۆشه‌كانی تیپه‌كه‌.

كاپتنی سۆران چۆن ده‌ڕوانێته‌ یارییه‌كانی داهاتوو؟
ئیدریس حوسێن، كاپتن و ناوه‌ڕاستكاری سۆران، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ هه‌ره‌ باشه‌كانی كوردستان، كه‌ پێشووتریش سێ ساڵ یاریی بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كردووه‌، باسی له‌ بوونی هێزی سۆران و ئاست به‌رزی تیپه‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر كردوو وتی: هۆكاری یه‌كه‌م بۆ به‌هێزی سۆران بوونی راهێنه‌رێكی باشه‌، كه‌ به‌ڕاستی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان پلان داده‌ڕیژێت، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گیانێكی به‌هێز له‌ نێو یاریزانه‌كان له‌ كاتی یارییكردن دا، هه‌موومان به‌ یه‌ك گیان و جه‌رگ یاریی ده‌كه‌ین، ئامانجی ئێمه‌ ته‌نها سه‌ركه‌وتنی سۆرانه‌.
ئیدریس گوتیشی: خاڵێكی تر بوونی ئه‌و هانده‌ره‌ زۆره‌ و ئه‌و هه‌سته‌ به‌رزه‌ی ئه‌وانه‌ بۆ ئێمه‌ و تیپه‌كه‌، كه‌ وامان لێده‌كات زیاد له‌ توانای خۆمان رابكه‌ین و هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌ بده‌ین، به‌ڕاستی ئه‌وان پاڵپشتی سه‌ره‌كی ئێمه‌ن بۆ ئه‌نجامی باش.
ئیدریس بۆ یارییه‌كانی داهاتووی سۆران و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌م ئاسته‌ بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوت: له‌ داهاتوو به‌هه‌مان روحیه‌ت و گیانه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ین، ئیمه‌ نابێ جیاوازی له‌نێوان یانه‌كان بكه‌ین، هه‌موو یانه‌كان به‌هێزه‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ین، هیچ یارییه‌ك به‌ ئاسان وه‌رناگرین، هه‌موو توانایه‌كی خۆكان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ تا سۆران به‌رده‌وام بێت له‌ ئه‌نجامی باش.

كاپتن باس له‌ گرفته‌كانی یانه‌كه‌ی ده‌كات
ئیدرسی كاپتن له‌سه‌ر گرفت و كێشه‌كانی یانه‌كه‌ وتی: كێشه‌ی یاریگامان هه‌بوو، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ره‌نگه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌م كێشه‌یه‌ چارسه‌ر بێت و یاریگاكه‌مان له‌ سۆران ئاماده‌بێت و نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ی ته‌واوبێت، چونكه‌ ئێمه‌ ئێستا ده‌بێ بچین له‌ ره‌واندز یاریی بكه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتی هاتووچۆ بۆ یاریزانان و هانده‌ران دروست ده‌كات.
هه‌ر له‌سه‌ر كێشه‌كانی یانه‌ی سۆران كاپتن بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وتی: سۆران هیچ لایه‌نێك پاڵپشتی ته‌واوی ناكات، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ 10 رۆژه‌ له‌ مانگی یازده‌ تێپه‌ڕی یاریزانه‌كان مووچه‌ی مانگی ده‌یان وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌مه‌ش گرفته‌ بۆ ئێمه‌ و یاریزانه‌كان، هه‌رچه‌ند ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن تا گرفته‌ دارایه‌كانی یانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام پێویستمان به‌ پاڵپشتی ته‌واو هه‌یه‌.

هانده‌رێكی سۆران نهێنی ئاستبه‌رزی سۆران ئاشكرا ده‌كات
به‌شدار خدر وه‌ك هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی یانه‌ی سۆران ناسراوه‌، ئه‌و باسی په‌یوه‌ندی یاریزانان و هانده‌ران ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی له‌ یانه‌ی سۆران یاریی ده‌كه‌ن، هه‌موو دۆست و هاوڕێ و خۆشه‌ویستی ئێمه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان ئێمه‌ و یاریزانه‌كان هه‌یه‌، خۆشه‌ویستی سۆران وای لێكردووین به‌سه‌رماو گه‌رما ئاماده‌ی یارییه‌كان بین، له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی سۆران و ده‌وروبه‌ری خه‌ڵك دێن تا هانی سۆران بده‌ن، ئێمه‌ چه‌ند هانده‌رێكین ئه‌گه‌ر پێویست بكات مۆڵه‌ت له‌ كاره‌كه‌مان وه‌رده‌گرین تا ئاماده‌ی یارییه‌كان بین عیشقێكی گه‌وره‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و یانه‌ی سۆران دایه.

"خۆشه‌ویستی سۆران بۆ من هه‌موو شتێكه‌"
یه‌كێك له‌ هانده‌ره‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی سۆرانه‌(میران وه‌رتی)ـیه‌، كه‌ هه‌موو یارییه‌ك به‌ ماتۆرسكیله‌كه‌یه‌وه‌ له‌ (وه‌ر‌تێ)ـه‌وه‌ روو له‌ سۆران ده‌كات، هیچ شتێك ئه‌و ناوه‌ستێنێ نه‌ سه‌رما و نه‌گه‌رما، ئه‌و له‌سه‌ر هاندان بۆ سۆران و ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ تیپه‌كه‌ هه‌یه‌تی وتی: سۆران لای من خۆشه‌ویسترین شته‌ له‌ دونیا من عه‌شقی یانه‌ی سۆرانم، ناتوانم بێ هاندان و له‌ دووری سۆران بژیم، هه‌رچه‌نده‌ تووشی زه‌حمه‌تی زۆر دێم تا له‌ یاریگا ئامه‌ده‌بم، به‌ڵام ئاماده‌ی هه‌موو قوربانی دانێكم له‌ پێناو سۆران، چونكه‌ خۆشم ده‌وێت، ئه‌و رۆژه‌ی سۆران براوه‌ ده‌بێت خۆشترین هه‌ستم هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌ی من رێگا دووره‌كه‌یه‌، كه‌ زۆر جار له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ تووشی كێشه‌ی زۆر ده‌بم تا ده‌گه‌مه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

 

به‌شدار خدر، هانده‌ری سۆران

© 2017 Hawler