کانونی یەکەم 12, 2018

ئه‌مڕۆ رزگاری به‌ پێكهاته‌یه‌كی خۆبه‌خش یه‌كه‌مین یاری خۆیان له‌ مێژوودا له‌ نێو یاریگه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن

یانەی وەرزشی رزگاری ئەمساڵ لە ریزی یانە پلەدووەکانی کوردستاندایە و لە یەکەم یاری خۆیشیدا لە یانەی خانەقینی خاوەن مێژووی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەش لە خولی پلەدووەکاندا لە ناو یاریگا و ھاندەرانیدا یاری دەکات و دەیەوێت ھەنگاوێک بچێتە پێشەوەو لە ریزی پلەیەکەکان خۆی ببینێتەوە، ھەر بۆ ئەو مەبەستەش رۆژنامه‌ی ھەولێر لە رێگەی راپۆرتێكی مه‌یدان ئامانجە گەورەکەی رزگاری بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌خاته‌ ڕوو...

رزگاری كێشه‌یان و پێشنیاری چاره‌سه‌ریش ده‌خه‌ننه‌ڕوو
ئەنوەر ساڵح جێگری سەرۆکی یانەی رزگاری به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند كه‌ هاوشێوه‌ی زۆرینه‌ی یانه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كێشه‌یه‌كی قووڵیا له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌شڵێت: به‌داخه‌وه‌ یانه‌ی رزگاری خاوەن ژێرخانێکی بەھێزیش نییه‌ کە بتوانێت بژێوی خۆی دابین بكات.
ئه‌نوه‌ر ساڵح گوتیشی: له‌گەل دەستپێکی ھەرخولێک روودەکەینە سەرمایەداران و خەمخورانی وەرزشی سنوورەکە بۆ ھاوکاریکردنمان، ئەم شێوازەش داھاتوودا زیان بە وەرزش دەگەیەنێت، بۆیە لێرەوە رووی دەممان دەکەینە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کە چەند پارچەزەوییەک لە دەوروبەری یاریگای یانەکە ھەیە کە وەزارەت رێگەیان پێبدات وەک موڵک بەکار بھێنن بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری یانەکەی پێ بەھێز بکەن.

پێكهاته‌یه‌كی خۆبه‌خش و به‌بێ گرێبه‌ست و مووچه‌
ئه‌نوه‌ر ساڵح له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ بۆ وەرزی ئەمساڵ نه‌ گرێبه‌ست و نە مووچە بە ھیچ یاریزانێک نەدراوە و ھەموویان بە خۆبەخش یاری بۆ یانەکە دەکەن، ئەمەش لەبەر خراپی دۆخی یانەکەیان لەرووی ماددیەوە یاریزانه‌كان له‌ حه‌ق و مافی خۆیان خۆشبوونه‌.
جێگری سەرۆکی یانەکە سەبارەت بەتێکەڵکردنی یانە پلەدووەکان و پلەسێیەکانی کوردستان بۆ وەرزی ئەمساڵ و كاریگەرییەکانی لەسەر یانەکەیان، وەڵامی پەرسڤێکی ھەولێر دەداتەوە و دەڵێت: تێکەڵکردنی یانەکان کاریگەری ئیجابی ھەبووە لەسەریان، چونکە ترسی دابەزینی رەواندۆتەوە، بۆیان و دەتوانن بەئاسوودەیی لە خولەکە یاری بکەن و ھەوڵی سەرکەوتن بۆ ریزی پلەیەکەکانیش دەدەن.
 لە ئەنوەر ساڵح به‌ پێویستی زانی له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ستایشی هانده‌رانی یانه‌ی رزگاری بكات و له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئەوان ھەمیشە پاڵپشتێکی گەورەی یانه‌كه‌یان بوونه‌، ھەربۆیە چاوەروان دەکەن لە یارییەکەی ئه‌مڕۆ چوارشەمەیان بەرامبەر سیروانی شارەزور ژمارەیەکی بەھێز بن بۆ یانەکەیان.

راهێنه‌ری رزگاری: خوله‌كه‌ له‌ خواستی ئێمه‌ نه‌بوو
سامان تاھیر کە وەرزی ئەمساڵ ئەرکی راھێنەرایەتی یانەکەی وەرگرتووە و لە یەکەمین تاقیكردنه‌وه‌ی له‌ خولی پله‌دووی كوردستان سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویان تۆمار كرد و یارییه‌كه‌یان له‌ خانه‌قین برده‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ راهێنه‌ری رزگاری ده‌ڵێت: ئێمە وەک یانەی رزگـــــاری دەتوانین بڵێین کۆتا یانە بووین دەستمان بە ئامادەکاری بۆ خولەکە کرد، ئەمەش لە خواستی ئێمە نەبوو، بەڵام لە یەکەم یاریدا یاریزانەکان بەئاستێکی زۆر باش دەرکەوتن، بۆ وەرزی ئەمساڵ پشتمان بە یاریزانی سنورەکەی خومان بەستووە و لەگەل چەند یاریزانێکی دەرەوە و لە ریزی لاوان و تازەپێگەیشتوانیش یاریزانمان بۆ ریزی پێشکەوتووان سەرخستووە.
راهێنه‌ری رزگاری دڵخۆشه‌
 سامان تاھیری راھێنەری رزگاری دڵخۆشە بەوەی بۆ یەکەمجار لە ریزی یانە پلەدووەکانی کوردستان ئه‌مڕۆ لە یاریگای خۆیان یاری دەکەن و چاوەروان دەکات ھاندەران ببنە ژمارەیەکی قورس لەو یارییه‌ گرینگه‌، ده‌شڵێت: یاریکردنیش لە یاریگای خۆماندا به‌هۆی پاڵپشتی هانده‌ران ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتنمان بۆ ئاسان ده‌كات و ھەوڵی تەواویش دەدەین له‌م وه‌رزه‌دا بلیتی خولی پله‌یه‌كی كوردستان ببڕین.

كاپتنی یانه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ په‌یامێك ده‌نێرێت
دیار ئەحمەد کاپتن و ئەستێرەی تیپەکە کەچەندین ساڵە خەمی یانەکەی لەسەر شان ناوە و لە یەکەم یاریشدا توانی ھاتریک تۆمار بکات، له‌ لێدوانێكدا بۆ ھەولێر ده‌ڵێت: ھەموو یاریزانەکان یەک دەستین و یەک ئامانجمان ھەیە ئەویش سەرکەوتنمانە بۆ پلەیەکەکان کوردستان.
ئەستێرەکەی رزگـــــاری لە رێگەی ھەولێرەوە پەیامێک بۆ ھاندەران دەنێرێت و به‌ڵێنی ئەوە دەدات کە ئەمسال یەکێک دەبن لەو تیپانەی کە سەردەکەون بۆ ریزی پلەیەکەکان، ھەربۆیە پاڵپشتی ھاندەران بە خاڵێکی گەورە دادەنێت و داوا دەکات لە یاری داھاتویان کە ئه‌مڕۆ چوارشەمەیە ھاندەران ئامادەییان ھەبێت و بتوانن پالپشتمان بن تا پێکەوە یانەکە سەربخەین

 

دانا له‌تیف - كه‌لار
.

© 2017 Hawler