تشرینی دووەم 18, 2019

سبەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوەدەچن

بە ئەنجامدانی شەش یاری، سبەی هەینی، یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی نایابی لاوانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە یاریی لوتکەی ئەم گەڕەدا و لەسەر یاریگەی خۆی، یانەی پێشمەرگەی هەولێر کە لە پێشەنگی یانەکان دێت، میوانداریی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات، یانەی سیروانی نوێی خاوەنی پلەی دووەمی ڕیزبەندیی یانەکانیش، پێشوازی لە یانەی سیروانی شارەزوور دەکات، لە یارییەکی تریشدا زاخۆ و هەولێر لە شاری زاخۆ بەیەک دەگەن.

بارودۆخی یانەکان پێش یارییەکانی گەڕێ سێیەم
یارییەکانی خولی نایابی لاوانی کوردستان زیاتر گەرموگوڕی بە خۆیەوە دەبینێ و یاری دوای یاریی ئاستی هونەری یانەکان زیاتر دەردەکەوێت، ئەم وەرزە ١٢ یانەی بەشداربووی خولەکە ڕکەبەری دەکەن.
تا ئێستایش یانەی پێشمەرگەی هەولێر و سیروانی نوێ بە دوو سەرکەوتن لە پێشەوەی ڕیزبەندی یانەکان دەبیندرێن، لەم گەڕەدا و لە یاری لوتکەدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر کە بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکانە، میوانداری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات کە ئەویش گەڕی ڕابردوو بە چوار گۆڵی بێ بەرانبەر لە هەندرێنی بردەوە و بە ٤ خاڵ خانەی سێیەمی گرتووە، یانەی سیروانی نوێی دووەمی ڕیزبەندی یانەکانیش میواندرای یانەی سیروانی شارەزوور دەکات، کە ئەمساڵ سەرکەوتووە بۆ خولی نایابی لاوان و لە دوو یاری ڕابردوودا، شکست بەشی بووە و هیچ خاڵێکی نیە.
لە شاری زاخۆیش یانەی هەولێر دوای دۆڕانە گەورەکەی گەڕی ڕابردوو دەبێتە میوانی یانەی زاخۆ، هەر لە دەڤەری بادینان یانەی زێرەڤانی میوانداری یانەی هەندرێن دەکات، زێرەڤانی ٣ خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەم دێت، هەندرێنیش بەبێ خاڵ لە پلەی کۆتایی دێت.
لەکەلاریش یانەی شێروانە میوانداری یانەی نەورۆز دەکات، هەردوو یانە سێ خاڵیان هەیە، شێروانە لە خانەی نۆیەم دەبیندرێت، نەورۆزیش پلەی شەشەمی گرتووە، لە دواین یاری ئەم گەڕەیشدا، لاوانی یانەی کۆیە لەسەر یاریگەی خۆی میواندرای لاوانی یانەی ئاڵا دەکات، کۆیە بە ٣ خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە، یانەی ئاڵایش بەهەمان ژمارەی خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت.

خشتەی یارییەکانی گەڕی سێیەم بەم شێویە دەبێت:
پێشمەرگەی هەولێر - پێشمەرگەی سلێمانی
سیروانی نوێ - سیروانی شارەزوور
کۆیە - ئاڵا
زێرەڤانی - هەندرێن
زاخۆ - هەولێر
شێروانە - نەورۆز

© 2017 Hawler