کانونی یەکەم 07, 2019

هۆی تووڕەبوونی مێسی لە بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكەیان

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مەرجی خاوەنەكانی مانچستەر یونایتد بۆ فرۆشتنی یانەكە ئاشكرا بوو
رۆژنامەی زە ئەتلیتیكی بریتانی، بڵاوی كردەوە، كە خاوەنەكانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كە ماڵباتی گلیزەری ئەمریكین، یانەكە نافرۆشن، مەگەر بڕەبۆندێكی گەورەیان بۆ بێ كە بگاتە 4 ملیار جونەیهی ئیستەرلینی.
ڕاپۆرتە مێدیاییەكان، ئاماژەیان بەوە كردووە، جێنشینی سعوودیە محەممەد بن سەلمان، نیازی كڕینی یانەكەی هەیە و بۆ ئەو مەبەستە بڕەپارەیەكی زۆری تەرخان كردووە.
ریچارد ئەرنۆڵد، سەرۆكی یانەكە، ئەم هەفتەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و چەند بەرپرسێكی لەگەڵدا بووە و درێسی هەڵبژاردەی سعوودیەیشیان پێ داوە.
رۆژنامەكە، روونیشی كردووەتەوە، كە خاوەنەكانی ئەو یانەیە، تەنیا بە مەرجی ئەوە دەیفرۆشن بڕی 4 ملیار جونەیهی ئیستەرلینییان پێ بدرێ، لەو بارەدا یانەكە دەبێتە گرانترین یانەی جیهان، كە پێشتر ماڵباتی گلیزەر لە ساڵی 2005ـدا بەرانبەر 790 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی كڕیبوویان.
هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی كڕینی یانەكاندا، گرووپی ڤینوای وەرزشی لە ساڵی 2010ـدا یانەی لیڤەرپوولیان بە بەهای 280 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی كڕییەوە، هەروەك شێخ مەنسوور بن زایدی ئیماراتی بەرانبەر 210 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، لە ساڵی 2008ـدا یانەی مانچستەر سیتیی كڕی. هاوكات ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ لە ساڵی 2003ـدا یانەی چێڵسیی ئینگلیزی بە بەهای 140 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی كڕیبوو.

هۆی تووڕەبوونی مێسی لە بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەكەیان
بەرنامەی ئەلچیرنجیتۆ، تیشكی خستە سەر ناكۆكیی گەورەی نێوان جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە و لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی یەكانەی یانەكە، كە بەم دواییە دروست بووە.
لە بەرنامەكەدا، ئەوە باس كراوە، كە مێسی بەرانبەر بارتۆمیۆ هەستی بە تووڕەیی كردووە، لە بەرانبەر واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ئەنتوان گریزمانی ئەستێرەی فەرەنسی، كە بەو هۆیەوە نەیتوانیوە نێیمار دا سیلڤا لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە بگەڕێنێتەوە یانەی بەرشلۆنە.
بەرنامەكە، ئەوەی خستووەتە روو، كە مێسی ئەوەی بە ناپاكیی بارتۆمیۆ داناوە، كە نێیماری نەگەڕاندووەتەوە یانەكە و لە بری ئەو، ئەنتوان گریزمانی دەست خستووە.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، نێیمار پێشنیازی ئەوەی خستبووە بەردەم بارتۆمیۆ، كە نێیمار بهێنێتەوە ڕیزەكانی بەرشلۆنە، بەڵام هەندێ كەسی نێو كارگێڕیی یانەی بەرشلۆنە، دژی تەواوكردن و سەرخستنی ئەو بۆندە بوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یانە پاریسییەكە زۆر پابەندی نێیمار بوو و بە بڕەبۆندی پێشكەشكراو لە لایەن بەرشلۆنەوە، دەستبەرداری نەبوو.

مۆرینهۆ، ناوی تیم و یانەی داهاتووی خۆی دەزانێ
خۆزێ مۆرینهۆ، ڕاهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، دووپاتی كردەوە، كە بە كردار یانە و تیمی داهاتووی خۆی كە مەشقی پێ دەداتەوە، دیاری كردووە و پێی وایە ئەوە بۆ ئەو ڕوونە و یەكلا بووەتەوە.
بۆ سایتی دەنگی راهێنەران، مۆرینهۆ، ئەوەی خستووەتە روو، كە هەموو شتێك لە بارەی داهاتووی خۆیەوە دەزانێ و لەو ڕووەوە كاروبارەكانی ڕوونن، چونكە پلانڕێژیی داهاتووی خۆی كردووە، بەڵام ئەوەی راگەیاند كە ناتوانێ ناوی یانە یان وڵاتەكە بهێنێت.
مۆرینهۆ، ئەوەیشی خستە روو، كە بەردەوام دروشمی ئەوە بوو، یاری لە پێناو سەركەوتن بكات، بە هەر ڕێیەك بێ.
ڕاهێنەری پێشووتری یانەكانی بەنفیكا، پۆرتۆ، چێڵسی و ئینتەر و ڕیاڵ مەدرید، ئاماژەی بەوەیش كرد، كە پڕۆژەی داهاتوویشی یاریكردنە بۆ بردنەوە و جگە لە هەوڵدان بۆ بردنەوەی ناسناوەكان، گرینگی بە هیچی دیكە نادات، چونكە بە پێی گوتەی خۆی، ئەو حەزی بە ڕكەبەرییە لەسەر ناسناو و پاڵەوانیەتییەكان.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler