تشرینی دووەم 18, 2019

برایه‌تی و هه‌ولێر له‌ دێربی پایته‌خت به‌یه‌كده‌گه‌ن و زاخۆش یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردووه‌‌

ئه‌مڕۆ پێنچ شه‌مه‌ گه‌ڕی دووه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارییه‌كانیش كات (3)ـی ئێواره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌م گه‌ڕه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ یانه‌كان به‌دوای یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن دا ده‌گه‌ڕێن، نابێ ئه‌وه‌ له‌بیربكه‌ین، گه‌ڕی رابردوو چوار یاریی به‌یه‌كسان بوون كۆتایی هاتووه‌، كه‌مترین رێژه‌ی گۆڵ تۆمار كردن هه‌بووه، كه‌ته‌نها هه‌شت گۆڵ تۆمار كراوه‌، دوو یاری به بردنه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌، زێره‌ڤانی ئه‌م گه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر شه‌ن و كه‌وی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی گه‌ڕی دووه‌م ده‌كات.

برایه‌تی و هه‌ولێر له‌ دێربی پایته‌خت ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
برایه‌تی ئه‌مڕۆ له‌ یاریگای خۆی میوانداریی هه‌ولێری ركابه‌ره‌ مێژوویه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌م دوو تیپه‌ ده‌مێكه‌ كێبڕكێی یه‌كتر ده‌كه‌ن، جه‌ماوه‌ری پایته‌ختیان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ دابه‌شكردووه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام بینینی ئه‌م جۆره‌ یاریانه‌ تام و چێژێكی تایه‌به‌ت به‌ جه‌ماوه‌ر ده‌به‌خشێت، گه‌ڕی یه‌كه‌م برایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن یه‌كسان بووه‌ و ئێستاش له‌ یاری خۆی چاوی له‌ سێ خاڵه‌كه‌یه‌، تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م وه‌رزه‌ی برایه‌تی ئه‌و گۆڕانكاریه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌ تیپه‌كه‌ی كردوویه‌تی و پشتبه‌ستنه‌ به‌ یاریزانی لاو، به‌ڵام چاوی له‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی هه‌ولێر به‌ده‌ستبهێنێت.
هه‌ولێر، به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو، ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداره‌ له‌ خولی نایاب، به‌ڵام بۆ ئه‌م جۆره‌ یاریانه‌ و له‌و كاته‌دا ره‌نگه‌ سوود له‌ توانكای یاریزانانی به‌شدار له‌ خولی عێراقی ببینیت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خولی عێراقی وه‌ستاوه‌، ره‌نگه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری یارییه‌كه‌ش چه‌ند یاریزانێك به‌شداری پێبكات، گه‌ڕی یه‌كه‌میش به‌ گۆڵێك له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی یه‌كسان بوو، له‌ كاتێكدا له‌ یاریگای خۆی یاریی كردووه‌.

نه‌ورۆز و سیروانێ نوێ له‌ یاریی لوتكه‌ی سلێمانی به‌یه‌كده‌گه‌ن
ئه‌مڕۆ نه‌ورۆز له‌ شاری سلێمانی له‌ یاریگای خۆی ڕووبه‌ڕووی سیروانی نوێی هاوشاری ده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی نزیكی ئه‌م دوو یانه‌یه‌ له‌ یه‌كتری و شاره‌زای یاریزانه‌كانی هه‌ردوو تیپ‌ له‌ یه‌كتری یارییه‌كه‌ ئاسان نابێت بۆ هه‌ردوولا، به‌ڵام نه‌ورۆز ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر نرخێك بێت یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، تاوه‌كو وه‌ك وه‌رزی رابردوو باجی سه‌ره‌تایه‌كی خراپ نه‌دات و نازناوه‌كه‌شی له‌كیس نه‌چێت، جگه‌ له‌وه‌ش تا ئسته‌ به‌دوای یه‌كه‌م گۆڵ له‌ خوله‌كه‌دا وێڵه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌گه‌ڵ سۆران بێ گۆڵ یه‌سكان بوو.
سیروای نوێ، له‌ باشترین بارودۆخدایه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو سوودمه‌ندترین یانه‌بووه‌، كاتێك به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام له‌ زێره‌ڤانی بردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌مڕۆش ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆ به‌سه‌ر نه‌ورۆزدا دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌ڵام باش ده‌زانێت ئه‌ركی ئاسان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووبه‌رووی یه‌كێك له‌ ركابه‌ره‌كانی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌.

دهۆك و سۆران له‌ بادینان یاریی ده‌كه‌ن
دهۆك له‌ یاریگای خۆی میوانداری سۆرانی تازه‌ میوانی خوله‌كه‌ ده‌كات، زه‌ردپۆشه‌كانی دهۆك چاویان له‌ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ نایانه‌وێت به‌ ئاسانی له‌ یاریگای خۆیان خاڵ له‌ده‌ستبده‌ن، به‌تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر به‌ تیپێكی تازه‌ میوان و كه‌م ئه‌زموون له‌ خوله‌كه‌، بۆیه‌ هه‌موو چه‌كیك به‌كاردێنن تا یارییه‌كه‌ ببنه‌وه‌، گه‌ڕی رابردووش یه‌كسان بوونه ‌و هیچ گۆڵیان تۆمار نه‌كردووه‌.
سۆرانی تازه‌ میوان، دیاره‌ له‌ یاریگای خۆی به‌ ئاسانی خاڵ له‌ده‌ست نادات، ئه‌وه‌تا گه‌ری رابردوو به‌رامبه‌ر نه‌ورۆزی به‌هێز، خاڵیكی وه‌رگرت وتۆری گۆڵه‌كه‌شیان پاراست، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌، به‌رامبه‌ر یانه‌یه‌كی به‌هێزیشه‌ ره‌نگه‌ ده‌ربازبوون له‌م یارییه‌ ئاسان نه‌بێت.

زاخۆ له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی میوانداری پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو ده‌كات
زاخۆ، گه‌ڕی رابردوو چاوه‌ڕوان بوو، كه‌واته‌ كاتی زیاتری له‌به‌رده‌ستدابووه‌ تا بۆ ئه‌و یارییه‌ خۆی ئاماده‌ بكات، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین هێشتا نه‌هاتۆته‌ نێو كه‌ش و هه‌وای خوله‌كه‌، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، كه‌ تیپێكی به‌هیزه‌ و وه‌رزی رابردووش تاكه‌ تیپ بوو له‌ نێو یاریگای زاخۆ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، كه‌واته‌ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان زاخۆ یارییه‌كی قوڕس چاوه‌ڕێی ده‌كات.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای خۆی یه‌كه‌م سێ خاڵی له‌ خوله‌كه‌ بۆخۆی تۆمار كرد، ئه‌مڕۆش ده‌بێته‌ میوانی زاخۆ، كه‌ هه‌رده‌م له‌ یارگای خۆی به‌هێزه‌ و پشت به‌جه‌ماوه‌ره‌كی ده‌به‌ستێ، ئه‌گه‌ر سه‌میر و یاریزانه‌كانی له‌م یارییه‌ سه‌ركه‌وتووبن، هه‌نگاوێكی باش له‌م قۆناخه‌ی ئێسته‌ ده‌بڕن.

شێروانه‌ بۆ ساڕێژی برینه‌كانی پێشوازی له‌ هه‌ندرێن ده‌كات
شێروانه‌ی دۆڕاوی گه‌ڕی رابردوو، له‌ یاریگای خۆی له‌ كه‌لار میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ شێروانه‌یه‌كان گرینگه‌ چونكه‌ نایانه‌وێت له‌ یاریگای خۆیان دووه‌م یاریی بدۆڕێن و به‌ده‌ستی به‌تاڵ بچنه‌ده‌ره‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن متمانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌شیان به‌ده‌ستبێنه‌وه‌، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك بۆ هاندانیان ساردبوونه‌ته‌وه‌.
هه‌ندرێن، به‌سه‌رپه‌رشتی دڵشاد مه‌عرهوفی راهێنه‌ر، گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگای خۆیان به‌ بێ گۆڵ یه‌كسان بوون، چاویان له‌وه‌یه‌ له‌ له‌نێو كه‌لار گورزێك له‌ شێروانه‌ بده‌ن و سێ خاڵی گرینگ بۆ خۆیان به‌رن، به‌ڵام ئه‌م ڕێگا دووره‌ی گه‌یشتن به‌ كه‌لار كاراین زه‌حمه‌ت ده‌كات.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان به‌ یه‌كتر ده‌گه‌ن
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌یاریگای خۆی میوانداریی شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند ده‌كات، تیپه‌كه‌ی یاسین مه‌ناف، چاویان له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر ده‌ربه‌ندییه‌كان سه‌ركه‌ون، به‌ڵام ده‌بێت به‌ربه‌ستی به‌رگریكاره‌ سه‌خته‌كانی تیپه‌ شینه‌كه‌ ببڕێت، پێشمه‌رگه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای هه‌ولێر، ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كردووه‌، خاڵێكیشی له‌ هه‌ولێرله‌گه‌ڵ خۆی بردۆته‌وه‌.
ده‌ربه‌ندیخان، كێشه‌ كارگێری و ئیدارییه‌كان به‌رۆكی گرتوون، ئه‌وه‌تا فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، راهێنه‌رایه‌تی هۆگر عه‌بدوڵڵای هه‌ڵپه‌ساردووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌ندامییه‌تی له‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌ هه‌ڵده‌په‌سێرێت، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ڕووی جه‌سته‌یه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌د له‌ سه‌د ئاماده‌نین، كه‌واته‌ ئه‌م یارییه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ ده‌ربه‌ندییه‌كان، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای خۆیان به‌ بێ گۆڵ یه‌كسان بوون له‌گه‌ل دهۆك.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler