کانونی یەکەم 13, 2019

ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆ بڕیاریداوه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی بفرۆشێت

ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه‌ ریال مه‌درید دوایین یه‌كه‌ی مه‌شقی ئه‌نجامدا و ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕی یازده‌می لالیگا رووبه‌ڕووی لیگانێس ده‌بێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی بڵاویكردۆته‌وه‌ یاریزانانی مێره‌نگی مه‌شقه‌كانیان به‌بێ گاریس به‌یڵی وێڵزی ئه‌نجامداوه‌ كه‌ دوێنێ به‌ هۆكارێكی تاكه‌كه‌سی گه‌شتی له‌نده‌نی كردووه‌ و گومان له‌سه‌ر رۆیشتنی ئه‌و یاریزانه‌ دروست بووه‌.
به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، گاریس به‌یل له‌ له‌نده‌ن خه‌ریكی ئاماده‌كارییه‌ بۆ رۆیشتن له‌ ریال مه‌درید و پێشبینی ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی شه‌نگهای چینی بكات.
هه‌روه‌ها خامێس رۆدریگێزی ناوه‌رساتكار به‌شداری راهێنانه‌كانی نه‌كرد و گه‌شتی كۆڵۆمبیای كردووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوێنێ ئێواره‌ منداڵێكیان بووه‌ و ئه‌میش به‌رامبه‌ر لیگانێس یاریی ناكات.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، رۆژنامه‌ی ماركا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ گومان له‌ به‌شداریكردنی فێرلاندی مێندی ده‌كرێت، له‌ دوو یاری رابردوو به‌هۆی پێكانه‌وه‌ دوورخرابووه‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێت بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆش له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی زینه‌دین زێدان بێت.
به‌ڵام لوكا مۆدریچی كڕواتی له‌و پێكانه‌ی چاكبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كرواتیا تووشی بوو و ده‌توانێت بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ئاماده‌بێت.
ریال مه‌درید ئه‌مڕۆ له‌ یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ له‌ كاتژمێر 11:15 خوله‌كی شه‌و رووبه‌ڕووی لیگانیس ده‌بێته‌وه‌.
دوایینجار لیگانیس كه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی بێرنابیۆ شكستی به‌ ریال مه‌درید هێنا بێت له‌ جامی شای ئیسپانیای 2018 بوو كاتێك له‌سه‌ر یاریگه‌ی بێرنابیۆ لیگانیس به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك شكستی به‌ ریال مه‌درید ھێنا، به‌ڵام له‌ دوایین دوو یاری رابردووی لیگانیس له‌ لالیگا له‌سه‌ر یاریگه‌ی بێرنابیۆ 7 گۆڵی خواردووه‌ و هه‌ردوو یارییه‌كه‌شی دۆڕاندووه‌.
به‌هۆی دواخرانی یاری كلاسیكۆ ریال مه‌درید یاری داهاتووشی هه‌ر له‌ نێو یاریگه‌ و به‌رده‌م هانده‌رانی له‌ به‌رامبه‌ر ریال بێتیس ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ یارییه‌كه‌ له‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و له‌ پرێس كۆنفرانسێك ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ شتێك له‌ باره‌ی فرۆشتنی گاریس به‌یل بدركێنێت، گوتیشی: به‌یل یاریزانی ئێمه‌یه‌ و نازانم له‌ داهاتوو چی رووده‌دات.
له‌ باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی لیگانیس، راهێنه‌ری ریال مه‌درید گوتی: ئاماده‌كارییه‌كی باشمان بۆ یارییه‌كه‌ كردووه‌ و متمانه‌م به‌ یاریزانه‌كانم هه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كانی داهاتوومان باشتر بكه‌ین، لوكا مۆدریچ له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكبۆته‌وه‌ و بۆ ئه‌م یارییه‌ش خامیس رۆدریگێز له‌گه‌ڵمان نابێت.

 

ئەسعەد ئیسماعیل- هەولێر

© 2017 Hawler