تشرینی دووەم 18, 2019

بۆ یەکەمجار کوردێک دەبێتە کاپتنی تیپی بالەی یانەی شورتە

دوای ئەوەی ئەم وەرزە یانەی هەولێری بەجێهێشت و ڕویکردە یانەی شورتە، نەوزاد شێرزاد یاریزانی تۆپی بالەی ناسراوی کوردستان، بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بەیانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی نایابی بالەی عێڕاق کرد، دوای ماوەیەکی کەم لە یاریکردن بۆ ئەو یانەیە، ئەو یاریزانە کوردە متمانەی ئەوی پێدەدرێت و دەکرێت بە کاپتنی یانەکە، ئەمەیش یەکەمجارە یاریزانێکی کوردی تۆپی بالە دەبێتە کاپتنی یانەیەکی شاری بەغدا.

نەوزاد چۆن بۆتە کاپتنی شورتە؟
دەربارەی بوون بە کاپتنی بالەی یانەی شورتەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گووتی: دوای ئەوەی یارییەکانی قۆناغی یەکەم لەشاری هەولێر بەشداریمان کرد، لەگەڵ شورتە لە مەشق و ڕاهێنانەکان بەردەوام بووین، لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی کارگێڕی و ڕاهێنەری تیپەکەمان بە کاپتنی یانەی شورتە دەستنیشانکرام، کە ئەمە یەکەمجارە یاریزانێکی کورد دەبێتە کاپتنی یانەیەکی شاری بەغدا.
هۆکاری دەستنیشانکردنیشم بۆ ئاست بەرزیم لە یاریکردن و هەڵسوکەوتم لەگەڵ یاریزانان دەگەڕێتەوە، هەروەها دڵسۆزیم بۆ تیپەکە فاکتەرێکی تری دەست نیشانکردنم بوو، کە ئەوان ئەو متمانەیان بە من بەخشی، منیش ئەوەی لە توانامدا هەبێت وەک کاپتنی ئەو یانەیە دەیکەم.

لە ئامادەکارییەکان بەردەوامن
کاپتنە کوردەکەی شورتە زیاتر قسەی کرد و دەڵێت لە ئستادا وەک یانەی شورتە ڕۆژانە لە مەشق و ڕاهێنانەکان بەردەوامین، بۆ یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی نایابی عێڕاق، هەنگاوی یەکەممان بۆ ئەوەیە یانەکە بگەیەنینە قۆناغی بژاردە، دواتر ئامادەکاری زیاتر دەکەین، بۆ هەوڵدەن بۆ ئەنجامی باش و بەدەستهێنانی پلەیەکی بەرز لە وەرزی ئەمساڵ، بڕیاریش وایە یارییەکانی قۆناغی دووەم لە ١٠ ی مانگی داهاتوو لەشاری بەغدا بەڕێوەبچێت.
نەوزاد هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە وەکو یانەی شورتە ئامانجی گەوەرەیان هەیە و وەک پاڵەوانی عێڕاقیش کە ساڵی ڕابردوو پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە، بەشداری پاڵەوانیەتی عەرەبی دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەیش ئامادەکاری زیاتر دەکەن، ئەگەرچی کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە تا ئێستا دیار نیە.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler