ئەیلول 19, 2018

له‌ گه‌رمیان نەبوونی یاریگەیەکی تایـبه‌ت به‌ تێنس، ده‌نگی ناڕه‌زایی بەرز كردووەتەوە

تێنسی سەرزەوی هێشتا له‌ كوردستان زه‌مینه‌یه‌كی وه‌رزشی بۆ نه‌رخساوه‌، بەڵام ناوچەی گەرمیان جیاواز لە ھەمووان باوەشی بۆ ئەم یارییە کردۆتەوە و دەیەوێت و خۆشه‌ویستی ئه‌و یارییه‌ جیهانییه‌ له‌ ناخی گه‌نج و وه‌رزشوانانی سنووره‌كه‌ی بڕوێنێت و بیخاتە سەر رێچکەی خۆی.
له‌م نێوه‌نده‌دا رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ راپۆرتێكی مه‌یدانیدا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئاره‌زوومه‌نده‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه‌ كه‌ دەستیان به‌و یارییه‌ کردووە و له‌ نزیكه‌وه‌ ڕازی دڵی خۆیان بۆ هه‌ولێر كرده‌وه‌ و کێشە و گرفت و خەمی دڵی خۆیان بۆ خۆێنەران خسته‌ڕوو.

یاریزانێك: به‌رپرسانی سنووره‌كه‌مان تێنسی سه‌رزه‌وی به‌ یاری نازانن
گەرمیان عەزیز یەکێک لەو یاریزانانەی خولیایەکی زۆری بۆ یارییەکە ھەیە و به‌شداری چه‌ند خولێكی كردووه‌ و لە پەرسڤێکدا بۆ ھەولێر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی یاریگه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌بێت‌ نزیکەی 20 یاریزان له‌ سنووره‌كه‌یان، توانای خۆیان بۆ یاری تێنس چڕ كردۆته‌وه‌.
گه‌رمیان ده‌شڵێت: بەرپرسانی وەرزشی سنووری شارۆچكه‌ی كه‌لار، تێنسی سەر زەوی بە یاری نازانن، بۆیە لە ھەموو روویەکەوە پشتگوێیان خستووە، لەماوەی دوو ساڵدا 4 خول کراوەتەوە لە سنورەکە، بەڵام سه‌رجه‌م خولەکانمان لە ھۆڵی داخراو و یاریگای نەگونجا و بەرێوە بردووە و ھەندێکجار بە چەند کەرەستەیەکی خراپ و ساده‌ی وەک لەزگە و تیپ ھێڵی یاریگاكه‌مان كێشاوه‌.

خۆبه‌خشانه‌ له‌سه‌ر گیرفانی خۆی پێدوایستییه‌كانی یاری تێنسی هێناوه‌ته‌ كه‌لار
گه‌رمیان عه‌زیز كه‌ ئاره‌زوومه‌ندێكی گه‌وره‌ی یاری تێنسه‌، به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری گووت كه‌ لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەمجار ئەم یارییەی ھێناوه‌ته‌ کەلار و لەسەر ئەرکی خۆی ڕێكت و تۆپ و ستوون و پێداویستی تەواوی یارییەکەی پەیدا کردووە، ده‌شڵێت: بەڵام بەرپرسانی وەرزش بەبیانووی جیاواز یاریگاکەیان لێ وەرگرتینەوە لە کاتێکدا ھەفتانە یەک رۆژ له‌سه‌ر ئه‌و یاریگه‌یه‌ مه‌شق و راهێنانم به‌ منداڵان و ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌و یارییه‌ ده‌كرد.

گه‌رمیان ڕووی قسه‌كانی ئاراسته‌ی كێ ده‌كات؟
گه‌رمیان عه‌زیز له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ هه‌ولێر داوای لە بەرپرسانی تێنسی سەر زەوی کوردستان كرد ئاورێکی جددی لەم یارییە له‌ كه‌لار بده‌نه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌ی كوردستانه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: هیوادارم به‌رپرسانی وه‌رزشی خەمێک له‌ دۆخی ئاره‌زوومه‌ندانی تێنس له‌ سنووره‌كه‌یان بخۆن و یاریگایەکی تایبه‌تیان بۆ دروست بكه‌ن یاخود یاریگای ناوەندی وەرزش و لاوانی کەلاریان بۆ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ نێوبچێت.
گه‌رمیان گووتیشی: بەڵێن ده‌ده‌م ئەگەر بێت و یاریگایان بۆ دروست بکرێت ئەوا لە توانایاندایە فێرگەی تایبەت بەو یارییە بکەنەوە و چەندین ئه‌ستێره‌ بۆ داهاتووی كوردستان پێ بگەیەنن.

به‌رپرسی ناوه‌ندی وه‌رزش و لاوانی كه‌لار چی به‌ هه‌ولێر گووت؟
قەیس سەعدوڵڵا بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی کەلار لەسەر ئەم پرسە بیانووی بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ هێنایه‌ و به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند لەوه‌ته‌ی له‌و ناوه‌نده‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ تاکو ئێستا بەھۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی کادری پێویست لە ناوەندەکە، نه‌یانتوانیوه‌ کەموکورتییەکانی سنورەکە پر بکەنەوە.
 قەیس سەعدوڵڵا ده‌شڵێت: یاری تێنسی سه‌رزه‌وی تاڕاده‌یه‌ك لە کوردستان نامۆیە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە چەند گەنج و وەرزشکارێک له‌ سنووری كه‌لار ھاتنەتە نێو بوارەکە، ئێمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە یاریگایەیەکی ناوەندەکەمان خستۆته‌ خزمه‌تیان.
قه‌یس گوتیشی: داوایه‌كه‌ی ئاره‌زوومه‌ندان حه‌قه‌ و یاریگه‌كه‌یان وه‌ك پێویست نییه‌ و فەرشی یاریگەیه‌كه‌ گونجاو نییە و خراپ بووە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم یارییە نەوەستێت و گەشەی زیاتر بکات دەرگامان بەروویاندا کردۆتەوە .

هه‌نگاوی داهاتوویان چی ده‌بێت؟
قەیس سەعدوڵڵا بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی کەلار لە وەڵامی پرسیارێکی ھەولێردا سەبارەت بە ھەنگاوی داھاتوویان بۆ به‌رده‌وامی و پێشخستنی ئه‌م یارییه‌، ده‌ڵێت: ئێمە لە ناوەندی وەرزش و لاواندا لە داھاتوودا ھاوکارییان دەبین بۆ کردنەوەی خول و دابینکردنی پێداویستیەکانی لاوان بەگشتی و بەتایبەت تێنسی سەر زەوی، بەڵام گەر قەیرانی دارایی بەم شێوە بەردەوام بێت و کادری پێویستیان لەبەردەستدا نەبێت ناتوانن ھاوکارییه‌كی باشیان بكه‌ین.

رۆژنامه‌نووسێك ره‌خنه‌ له‌ به‌رپرسانی سنووره‌كه‌ی ده‌گرێت
 ھەردی حەسەن، یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌ ناسراوه‌كانی كه‌لاره‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ ئاوڕێكی جددی له‌ ناوچه‌كه‌یان له‌ یاری تێنس نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پێویست گوێ بۆ ناخ و داخی ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌و یارییه‌ نه‌گیراوه‌.
هه‌ردی به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بناغه‌یه‌كی وه‌رزشی له‌ سنووری گه‌رمیان بنیات بنرێت، نابێت هیچ وه‌رزشێك پشتگوێ بخرێت، ده‌شڵێت: یاری تێنسی سه‌رزه‌وی له‌ كه‌لار به‌ره‌و پێشكه‌وتن ده‌ڕوات، به‌ڵام كه‌س ئاماده‌ نییه‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئاره‌زوومه‌ندانی ئه‌و یارییه‌ لابدات.
هه‌ردی گرفته‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رده‌م ئاره‌زوومه‌ندانی تێنس له‌ سنووره‌كه‌ی بۆ نه‌بوونی یاریگه‌یه‌كی تایبه‌ت گه‌ڕانده‌وه‌ و گوتی: ئه‌م گرفته‌ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌م وه‌رزشوانانی ئه‌م یاری تێنس له‌ كه‌لار دروست كردووه

 

دانا له‌تیف ـ كه‌لار
‌.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.