تشرینی دووەم 18, 2019

ئەمڕۆ كێبەركێكانی چوارده‌یه‌مین خولی نایابی كوردستان دەستپێدەكات

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممە،‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هەرێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، یارییه‌كانی كات(3)ـی ئێواره‌ دەست پێ دەكەن.

نزیكه‌ی دوو مانگ ده‌بێت، یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان، ئه‌مڕۆ‌ی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولی نایابی كوردستان دیاری كردووه‌، یانه‌كانیش كه‌ ژماره‌یان (13) یانه‌ی به‌شداربووه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ ئاماده‌كردن بۆ ئه‌م خوله‌، پێش دەستپێكی خوله‌كه‌یش، یانەی ئارارات بڕایاری دا پاشه‌كشێ بكات و به‌شداری نه‌كات، ئەوەیش بە گوتەی خۆیان به ‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر وەرزەكانی ڕابردوو، به‌ر له‌ هه‌ر گه‌ڕێك، شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان بارودۆخی یانه‌كان ده‌كات.

پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو میوانداری شێروانه‌ ده‌كات
یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام، له ‌یه‌كه‌م یاریی میوانداریی شێروانه‌ی نوێنه‌ری گەرمیان و كه‌لار ده‌كات، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ری یانەی پێشمەرگە، چوار یاریزانی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌وه‌یش عومه‌ر سه‌دام، تووشی پێكان هاتووه‌، به‌ڵام له ‌بری ئه‌وانه‌ چه‌ند یاریزانێكی بۆ تیپه‌كه‌ی گواستۆته‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاری له‌ نازناوه‌كه‌ بكات، بۆ جاری سێیه‌م ببێته‌ پاڵه‌وان.
شێروانه‌، دواین تیپه‌ ده‌ستی به‌ ئاماده‌كاری كردبێت، جگه‌ له‌مه‌ش كێشه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانانی هه‌یه‌، له‌وانه‌ به‌مۆ غه‌ریب، هێمن رزگار و عه‌دنان ره‌حیم یانه‌كه‌یان جێهێشتووه‌، ته‌نها یه‌ك گۆڵپارێزی عه‌ره‌بیان گواستۆته‌وه‌ ریزه‌كانیان، ئامانجی سه‌ركی وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ر مانه‌وه‌ی یانه‌كه‌یه‌تی له‌ نایاب.
هه‌ندرێن و برایه‌تی له‌ دێربی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ندرێن له‌ یاریگەی خۆی به‌ رابه‌رایه‌تیی دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ر ڕووبه‌رووی سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌بێته‌وه‌، دوای سێزده‌ ساڵ هه‌ندرێن بێ فه‌رهه‌نگ ته‌های كاپتن یاریی ده‌كات، چونكه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ماڵئاوای یه‌كجاره‌كی له‌ یاریگاكان كرد، ئامانجی هه‌ندرێن زۆرترین ده‌ستكه‌وته‌ به‌ كه‌مترین خه‌رجی.
برایه‌تی، گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كه‌ی كردووه‌، زۆرترین یاریزانی لاوی بۆ ریزی یه‌كه‌م سه‌رخستووه‌، فاتحی راهێنه‌ر چاوی له‌ دروستكردنی تیپێكی به‌هیزه‌ بۆ داهاتوو، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی خۆی له‌ خوله‌كه‌ دووپاتبكاته‌وه‌.

یانەی هه‌ولێر میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات
هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی یاریی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ئه‌حمه‌د موناجد بۆته‌ راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ی پایته‌خت، ئه‌حمه‌د شوكریش یاریده‌ده‌ریه‌تی، ئه‌وان هه‌وڵی پێگه‌یاندنی یاریزان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ زۆرترین لاویان له‌ خۆیان كۆكردۆته‌وه‌، ئامانجیشیانه‌ به‌و لاوانه‌ جگه‌ له‌ مانه‌وه‌ شكۆی هه‌ولێر به‌رز رابگرن.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ راهێنه‌رایه‌تی یاسین مه‌ناف، ئامانجی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، پێشووتریش بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاشكرای كردبووو كه‌ پله‌كانی یه‌كه‌م تا سێیه‌م ئامانجی ئێمه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش دروستكردنی تیپێكیش بۆ خولی پله‌ یه‌كی عێراقیه‌.

یانەی ده‌ربه‌ندیخان له ‌نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ر میوانداریی یانەی دهۆك ده‌كات
له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می خوله‌كه‌، شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند یاریی له‌گه‌ڵ دهۆك ده‌كه‌ن، ده‌ربه‌ند جگه‌ له‌ كێشه‌ی هونه‌ری كێشه‌ی كارگێڕیشی هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا دوو له‌ ئه‌ندامانی ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌رسه‌لان جه‌لای راهێنه‌ر، دوای مانگێ یانه‌كه‌ی جێهێشت، به‌ ناچاری هۆگر عه‌بدوڵڵای راهێنه‌ری وه‌رزی رابردووویان گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می له‌ژێر ده‌سته‌ تا تیپه‌كه‌ی ئاماده‌ بكات.
دهۆك به‌هێزترین پێكهاته‌ی ئاماده‌كردووه‌، چه‌ند گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه‌، ده‌یه‌وێت له‌ رێگای كوردستانه‌وه‌ تیپێكی به‌هێز دروست بكات و پێی بگه‌ڕێته‌وه‌ خولی نایابی عێراقی، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ لێی دابڕاوه‌، چاویان له‌وه‌ش ببنه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان.

زێره‌ڤانی میوانێكی گه‌وره‌ی سیروانی نوێ ده‌بێت
سیروانی نوێ له‌ سلێمانی له‌ یاریگای خۆی میوانداری زێره‌ڤانی نوێنه‌ری دهۆكییه‌كان ده‌كات، سیروانی نوێ دوای دابڕانیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خولی نایاب، ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ به‌ ئاسانی له‌ كیس خۆیان نه‌ده‌ن و هه‌ر له‌ نایاب بمێنه‌وه‌.
زێره‌ڤانی خاوه‌نی زۆرترین ناسناو، به‌رابه‌رایه‌تی سلێمان ره‌مه‌زان، خۆیان به‌ باشی رێكخستووه‌ و تا جارێكیتر جامه‌كه‌ ببنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌مووهه‌وڵێكیان بردنه‌وه‌یه‌ له‌م یارییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ساڵانی رابردوو باجی ده‌ستپێكی خراپ نه‌ده‌ن.

سۆران له‌ یه‌كه‌م یاریی نایابی له‌ ره‌واندز میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات
سۆرانی تازه‌ و بۆیه‌كه‌مجار سه‌ركه‌وتوو بۆریزی نایاب به‌هۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگاكه‌ی ناچار له‌ یاریگای ره‌واندز یاریی ده‌كات، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی تیپێكی به‌هێز ده‌بێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش  كه‌م ئه‌زموونی تیپه‌كه‌ ره‌نگه‌ كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت، به‌ڵام خاڵی به‌هێزی سۆران بوونی جه‌ماوه‌ركه‌یه‌تی.
نه‌ورۆز و پرسیاری راهێنه‌ری هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ونی به‌دینه‌هاتووی سلێمانییه‌كان بهێنه‌دی، ئه‌وه‌یش بردنه‌وه‌ی ناسناوی خولی نایابی كوردستانه‌، له‌و پێناوه‌ش زۆر به‌ باشی ئاماده‌سازیان كردووه‌، نه‌ورۆز وه‌رزی رابردوو سه‌ره‌كیترین ركابه‌ری پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ بوو، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت، ئه‌م وه‌رزه‌ ژماره‌یه‌كی قوڕسی خوله‌كه‌ بێت.
زێره‌ڤانی به‌ چوار ناسناو خاوه‌نی زۆرترین ناسناوه‌، دوای ئه‌و هه‌ولێر دێت، كه‌ سێ جاری بردۆته‌وه‌، ئینجا بروسك دووجار بۆته‌ پاڵه‌وان، دوای ئه‌وانه‌ هه‌ندرێن دهۆك هه‌ر یه‌كه‌ و جارێك، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش دوو جار ناسناوه‌كه‌ی بردۆته‌وه‌، تاكه‌ یاریزان زۆرترین جار جامه‌كه‌ی به‌رز كردۆته‌وه‌ دیار ره‌حمانه‌، كه‌ (5) جار بۆته‌ پاڵه‌وان.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler