تشرینی دووەم 19, 2019

ئێڤرا: میلنەر سەختترین یاریزانە كە رووبەرووی بوومەتەوە

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڕیاڵ مەدرید، ئۆفەرێكی دیكە پێشكەشی ئیریكسن دەكات
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردووەتەوە، كە لەوانەیە یاریزانی دانماركی كریستیان ئیریكسن بچێتە ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدریدەوە، ئەگەر یانەكە بتوانێ لە یەنایەردا لە دەست چەند یاریزانێكی بێت.
گرێبەستی ئەو یاریزانە 27 ساڵانە دانماركییە لەگەڵ یانەكەی خۆیدا (تۆتنهام)، تا هاوینی دادێیە، پلانی نوێكردنەوەی بۆندەكەیشی لە ئارادا نییە، ئەوەیش بە هۆی خواستی تاقیكردنەوەی ئەزموونێكی تازە، كە ریاڵ مەدرید و پاریس سانت جێرمان و یوڤێنتوسیش بە شوێنیەوەن.
رۆژنامە ئیسپانییەكە، روونی كردووەتەوە، كە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی شایانە، سوورە لەسەر ئەوەی لیستی كرێی یاریزانان كەم بكاتەوە، پێش گەڕانەوەی ماوەی گواستنەوەی یاریزانان، ئەوەیش بۆ دەستخستنی یاریزانی تازەی وەك ئیریكسنە.
رۆژنامەی ئاس، ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، كە فرانچیسكۆ ئیسكۆ و ماریانۆ دیاز و ئیبراهیم دیاز، لە سەرلیستی ئەو یاریزانانەن كە یانەكە دەیەوێ بەڕێیان بكا.
بۆ بیرهێنانەوە، ئیریكسن لەگەڵ تۆتنهام، ئەم وەرزە تا ئێستە 11 یاریی كردووە، گۆڵێكی تۆمار كردووە و یەكێكی دیكەیشی دروست كردووە.
ئێڤرا: میلنەر سەختترین یاریزانە كە رووبەرووی بوومەتەوە
ئەستێرەی پێشووی فەرەنسی یانەی مانچستەر یونایتد پاتریس ئێڤرا، دانی بەوەدا نا، كە یاریزانی لیڤەرپوول جیمس میلنەر، لە كاروانی یاریكردنیدا، سەختترین یاریزان بووە كە رووبەرووی بووەتەوە.
ئەو یاریزانە بۆ مێدیای دەیڵی ئێكسپرێسی بریتانی، وتوویەتی: جیمس میلنەر، سەختترین یاریزان بوو كە لە كاروانی یاریكردنمدا رووبەرووی بووبێتمەوە، من بەرگریكار بووم و ئەو هێرشبەر، لە هەموو شوێنێك چاودێری دەكردم، هەروەها لە تۆپی هەواییدا زۆر ئاڵنگاری دەكردم.
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، ئاماژەی بەوەیش كرد: ئەوكاتەی یاریی دێربیم لە بەرانبەر یانەی مانچستەر سیتی ئەنجام دا، لەوێیش ڕووبەرووی دەبوومەوە، دواتر چووە لیڤەرپوول و دیسانەوە بەرانبەرم دەوەستایەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، ئەم وەرزە تا ئێستە میلنەر یازدە یاریی بۆ لیڤەرپوول ئەنجام داوە، دوو گۆڵی تۆمار كردووە و سێ گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كردووە.

ڕێككەوتنێكی نهێنی، یاریزانانی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە بەرشلۆنە نزیك دەكاتەوە
ڕاپۆرتە مێدیاییەكان، ئەوە دووپات دەكەنەوە، كە یانەی بەرشلۆنە لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ڕێككەوتنێكی نهێنیی كردووە، تا هەلی لەپێشی دەستخستنی یاریزانانی یانەی ئەتلەتیكۆی هەبێ.
رۆژنامەی مۆندۆی ئیسپانی، بڵاوی كردووەتەوە، كە یانەی بەرشلۆنە ڕێككەوتنێكی نهێنیی لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید واژۆ كردووە، لە بابەتی ئەنتوان گریزماندا، كە یانەی بەرشلۆنە 15 ملیۆن یۆرۆی بە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید داوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئەو 15 ملیۆن یۆرۆیەی بەرشلۆنە بە ئەتلەتیكۆی داوە، پێوەندیی بە بابەتی گواستنەوەی گریزمانەوە بۆ یانەكەی نییە، بەڵكوو بۆ ئەوەی هەلی لەپێش و باشتری لە هەر یانەیەكی دیكە هەبێ، تا پێنج یاریزانی دیكەی یانەكە دەست بخات، لەوانەیش سائوول نیگوێز و خیمینێز، هەروەها لە نێو یاریزانە لاوەكانیش كە تەمەنیان لە ژێر 18 و 20 ساڵانە.
رۆژنامەكە، ئاماژەی بەوەیش كرد، كە ڕێككەوتنەكە بە جۆرێكە، بەسەر یانەی ئەتلەتیكۆیدا دەسەپێنێت، كە ئەو نامە ئەلیكترۆنییانە بڵاو نەكاتەوە، كە دەیسەلمێنێت بەرشلۆنە بە شێوەیەكی نایاسایی لەگەڵ گریزمان گفتوگۆی كردووە.
هەروەها ڕێككەوتنی بەرشلۆنە و ئەتلەتیكۆ، بە جۆرێكە ئەگەر یانەی دووەم خواستی فرۆشتنی ئەو یاریزانانەی هەبێ كە ناویان براوە، ئەگەر بەرشلۆنە هەمان بڕەبۆندی یانەكانی دیكە پێشكەش بكا، دەبێ بە بەرشلۆنەیان بدات.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler