تشرینی دووەم 18, 2019

ڕۆژنامەی هه‌ولێر، سەرنج دەخاتە سەر ئامادەکارییەکانی یانەی هەولێر بۆ وەرزی نوێی خولی نایاب و ورد دەبێتەوە

یانەی هەولێر پاڵەوانی سێ وەرزی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ئەمساڵ ئامادەیە، یانەکە بە پێکهاتەیەکی لاو و بە ڕاهێنەرێکی نوێ ئامادەکاری بۆ وەرزی ئەمساڵ کردووە، ئەگەرچی دوو وەرزە هەولێر بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی یانەکە، دورە لە ڕکەبەریکردن لەسەر ناسناوی خولەکە، بەڵام هەردەم هەولێر لە خولی نایابی کوردستان ژمارەیەکی قورس بووە، بەگوتەی یاریدەدەری ڕاهێنەری هەولێریش ئەوان گەرەکیانە زۆرترین یاریزانی لاو پێبگەیەنن و یانەکە بۆ پێکهاتەی خولی نایابی عێڕاقی سوودیان لێ وەربگرێت.

هەولێر جیاوز دەردەکەوێ
یانەی هەولێر دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو پلەی یازدەیەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا و ئاستی وەک پێویست نەبوو، ئەم وەرزە بەشێوەیەکی جیاوازتر ئامادەکاری کردووە و بە کۆمەڵێک لاوی خوێن گەرم دێتە مەیدانی ڕکەبەریکردنی یانەکانی تر.
دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو ڕاهێنەری دێرینی کوردستان عەبدوڵڵا مەحموود ڕاهێنەری هەولێر بوو، ئەم وەرزە یانەکە پۆستی ڕا‌هێنەرایەتی بە کەسێکی دیكە داوە، ئەویش یاریزانی پێشووی هەولێر و هەڵبژاردەی عێڕاق ئەحمەد موناجدە، هەروەها ئەحمەد شکور وەکوو یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەکەیە، دیدار حامدیش ڕاهێنەری گۆڵپارێزانە و محەممەد خۆشناویش سەرپەرشتیاری تیپەکەیە. یانەی هەولێر لە یەکەم یاری خۆیدا لە وەرزی ئەمساڵ میوانداری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات.
چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی هەولێر ڕوویداوە
ئەم وەرزە هەولێر نیوەی زیاتری پێکهاتەکەی گۆڕیوە و ژمارەیەکی زۆری یاریزانی تازەی هێناوەتە ڕیزی تیپەکەی، کە زیاتر یاریزانی تیپی لاوانن کە ئەمانەن (مەحەمەد کەمال، مەحەمەد جەوهەر، مەحەمەد هاوار، عومەر جەنگی، مەروان قاسم، مەحەمەد ڕزگار، مەحەمەد ئازاد، ڕزگار فارس) و چەند یاریزانێکی تریش.
 ئەو یاریزنانەی کە وەرزی ڕابردوو لە یانەکە بوون و ئەم وەرزە هەولێرییان جێهێشتووە بریتین لە ٩ یاریزان گرنگترینیان (هەرێم تەحسین، مەحەمەد خالید، بیلال یوسف، عومەر جەرجیس) و چەند یاریزانێکی تریش.
هەروەها یانەی هەولێر لە ماوەی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ چەند یارییەکی دۆستانەی لەگەڵ یانەکانی ئاسۆ، هەندرێن، سۆفیە، زێرەڤانی، دهۆک ئەنجامداوە.

یاریدەدەری ڕاهێنەری هەولێر چۆن باسی ئامادەکاری تیپەکەی دەکات؟
دەربارەی ئامادەکارییەکانی یانەی هەولێر و ئامانجی یانەکە، یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی هەولێر (ئەحمەد شکور) قسەی کرد و گوتی: نزیکەی مانگ و نیوێکە دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ، بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو ئامادەکارییەکانمان جیاوای هەیە، چونکە ئەمساڵ بۆ پێکهاتەی تیپەکە پشتمان بە یاریزانانی تیپی لاوان بەستووە و چەند یاریزانێکمان سەرخستووە بۆ پێکهاتەی یانەکە، دەتوانم بڵێم ڕێژەیەکی زۆری ئەو یاریزانانەی کە ئەم وەرزە یاری دەکەن لە تیپی لاوانەوە هاتوون.
جگە لەوەی چەند یاریزانێکی بە ئەزموون کە ساڵانی ڕابردوویش لە هەولێر یارییان دەکرد، لەگەڵمان بەردەوامن و یاری دەکەن.
لەسەر کێشەی مووچەی یاریزانانی تیپی خولی کوردستانی یانەی هەولێر کە وەرزی ڕابردوویش تیپەکە کێشەی هەبوو، ئەحمەد شکور گووتی: ئەگەر کێشەی دارایی لە یانەکە هەبێت، کاریگەری لەسەر هەموو تیپەکان دەکات، بەڵام ئەمساڵ کارگێڕی یانە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە ساڵی ڕابردوو باشتر بێت، هەوڵێش دەدەن یاریزانان هیچ کێشەیەکیان نەبێت.
دەربارەی ئامانج هەولێریش یاریدەدەری ڕاهێنەری هەولێر دەڵێت: زیاتر ئامانجمان دروستکردنی یاریزانە، بۆ ئەوەی سەربکەون بۆ تیپی خولی عێڕاقی، لەگەڵ هاتنی ڕاهێنەر ڕادان گاسانیچ دوو یاریزانی تیپی خولی کوردستانی برد بۆ تیپی خولی عێڕاقی، ئەوەیش ئامانجی ئێمەیە کە یاریزانان بچنە ئاستێکی بەرزتر بۆ خزمەتی یانەکە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئامانجمان ئەنجامێکی شایستەیە کە لەگەڵ ناوی هەولێر بگونجێ.

خشتەی یارییەکانی یانەی هەولێر لە قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان
گەری یەکەم: هەولێر- پێشمەرگەی سلێمانی یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری دووەم: برایەتی - هەولێر یاریگەی برایەتی
گەری سێیەم : هەولێر - شێروانە یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری چوارەم: زاخۆ - هەولێر یاریگەی زاخۆ
 گەری پێنجەم: هەولێر - پێشمەرگەی هەولێر یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری شەشەم: هەندرێن - هەولێر یاریگەی هەندرێن
گەری حەوتەم: هەولێر چاوەڕوانە
گەری هەشتەم: هەولێر - دەربەندیخان یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری نۆیەم: سۆران - هەولێر یاریگەی سۆران
گەری دەیەم: هەولێر – سیروانی نوێ یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری یازدەیەم: زێرەڤانی - هەولێر یاریگەی زێرەڤانی
گەری دوازدەیەم: هەولێر - نەورۆز یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری
گەری سێزدەیەم: دهۆک - هەولێر یاریگەی دهۆک
یانەی هەولێر لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، هەر لەسەرەتای خولی نایابی کوردستان کە یەکەم وەشانی لە ساڵی ٢٠٠٦ بوو، یانەی هەولێر لە خولەکەدا بەشدارە، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشداری خولەکانی کوردستانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا کردووە، لە ماوەی ١٣ وەرزی خولی نایابیشدا هەولێر توانیویەتی ٣ جار ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان کە بریتین لە وەرزی ٢٠٠٩-٢٠١٠ بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوان، دواتر لە وەرزی ٢٠١١-٢٠١٢ هەولێر بۆ جاری دووەم بووە پاڵەوانی خولەکە، جاری سێیەمیش لە وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧ ناسناوەکەی بەدەستهێناوە.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler